هەموو ساڵێک لە ڕۆژی جیهانیی شیعردا، کە دەکاتە ٢١/٣، ناوەندی باڵندە پەیامی شیعر بڵاو دەکاتەوە، هەر ساڵێک داوا لە شاعیرێک/ نووسەرێک دەکرێت، دەربارەی شیعر و پێگەی شیعر لە دنیادا، وتارێک بنووسێت.
تاکو ئێستا دووجار شاعیرانی کورد ئەم پەیامەیان نووسیوە، یەکیان لە باشووری کوردستان و یەکێکیتر لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەمساڵیش داوامان شاعیرێکیتری کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، کرد پەیامەکەمان بۆ بنووسێت.
دەمانەوێت بزانین ئایا جیاوازیی بارودۆخە ئەدەبی و سیاسییەکان و ڕەوتی جۆراوجۆری ئەدەبیات لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا، تێڕوانینی جیاوازیشی لەسەر شیعر درووست کردووە؟ یان شیعر خۆی کایەیەکە دەکەوێتە پێش (بارودۆخەکان)ەوە؟
بە دەربڕینێکیتر، شیعر دەکەوێتە ئەو دیوی ژیانەوە، یاخود ڕاستەوخۆ لەناو ژیاندایە و لەگەڵ پێشهات و ڕووداوەکاندا سەروکاری هەیە و ئەرک و وەزیفەکانی دەگۆڕێت؟
شیعرییەت بە شێوەیەکی پەتی لە جیهاندا هەیە، یان لە هەناوی ڕووداوە جۆربەجۆرەکانەوە درووست دەبێت؟
خوێندنەوەی پەیامی ئەمساڵی باڵندە، دەکرێت بەجۆرێک لە جۆرەکان وەڵامێکی ئەم پرسیارانەی تێدا بێت.ڕەزا عەلیپوور، شاعیر و نووسەر، لە دیارترین ناوەکانی کایەی ئەدەبییە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو لە پێشەنگەکانی (بەرەی چوار)ە، کە بە تێڕوانینێکی جیاوازەوە بۆ شیعر و زمان، دەستیان کرد بە نووسین.
ڕەزا عەلیپوور، نووسەری پەیامی باڵندەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٣.
لەگەڵ شیعر؛ تێپەڕین لە دۆزەخ
ڕەزا عەلیپوور
دەرد، بارەوبارت دەکات و
جیهان بۆ شاعیرەکان نابێ
ئیلعازێر
سواری پاسێک ببە و دوایی پاسێکی دیکە و پاسێکی دیکە تا ون دەبی
لە ڕابردووت کە دۆسیەتە
تۆ هێشتا بنەماڵەیش گرێیەکتە
لە جانتایەکی چەرمینەدا
ناکرێتەوە.
هەرشیعرێک دەخوێنیتەوە مینا جیهان لە کار دەخات
مینا جوانی بە تف دەشواتەوە.
سەرەتا وشە نا
دەنگە دەنگی پەیڤ بوو
وشە هێشتا تف بوو لە دەمدا
تووردراو
ئەو کاتەی تۆ هێشتا بێخانووی
مردنیش دۆسیەتە
ناچاری خۆت حینجە بکەیت بۆ جیهان
برین بە برین
هیچ نەما خۆت بە وشەیەک هەڵواسە
مینا عیسایەکی سایبێری.
١- ئەمە سەلماوە، زۆربەی پرس و کێشەکانی ئەدەبی هاوچەرخ، تا ئێستەش، لەگەڵ مۆدێرنیزمی ئەدەبی و شیعریدا لەدایکبوون، کە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو چرکەساتەی شیعر نوێ دەبێتەوە، کرۆکی یەکێک لەو ویست و ئارەزووانەی لە زۆر ئەدەبیات و زماندا باسی لێ دەکرێت وەهایە: دەخوازین شیعر بە تەنێ شیعر بێت و هەندێ ئەرک و داخوازیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نا شیعری لە کۆڵی ببێتەوە.
ویستێک کە تا ئێستەش کارگیر و گوتەبێژی خۆی ماوە. ئەزقەزا ئامادەیی مۆدێرنیست – سەمبولیستگەلێکی وەک بودلێر و ڕامبۆ و مالارمێ بۆ هەڵتەکاندنی بن بنیادەکانی جیهان و بێزراوی و بێزاری لە کۆمەڵگا و تەنانەت لە خودی شیعر، لە رێگەی شیعرەوە، جۆرێک خۆ نزیککردنەوەیە لەو سەرچەشنەی کە دواتر بە ناوی شیعری پەتی پێناسە دەکرێت. تەنانەت هەوڵی سوریالیستەکان بۆ نووسینی ئوتوماسیون و ڕێبردن بە نەست و کاراکردنی ئەودیوی ئاگایی، هەمان مراز و نیازی لە پشتە، گەرچی لە کۆی ئەو هەوڵ و دەوڵانە و بە تایبەت لە لای مۆدێرنیستە یەکەمەکان، بە جۆرێکی دژواز بینیمان بە گەڕانەوە بۆ خودی شیعر و دوورکەوتنەوە لە نواندنەوەی جیهان، توانرا کۆمەڵگا و جیهان باشتر لە شیعرگەلی ڕاستەوخۆ، بەدەق بکرێت و ئاراستە بکرێت، ئەمەش لە وتارە کلاسیکەکەی والتێر بێنیامین سەبارەت بە بودلێر و دەقگەلێکی وەک ئەزمونی مۆدێڕنیتەی مارشال بێرمەن بە ڕوونی دەرخراوە.
٢- دیارە لە درێژەی مێژوودا هەندێ ئەرک بە سەر شیعردا سەپاوە کە زۆرجار بڕستی لێ بڕیوە و نەیهێشتووە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و شیعریش لە هەندێ وێستگەدا پێملی وەها ویستانێک بووە و تەنانەت مەیلی ئەوەی بووە، کە دەست و دەم بۆ هەرچی کایەیە ببات. پرسیاری ئێمە لانیکەم لێرەدا ئەوە نییە چی ئەرکی شیعر نەبووە و لە دەرەوە بە سەریدا سەپاوە، لێ پرسیاری سەرەکی ئەمەیە:
لە سەردەمی ئێستەدا ئەرکی شیعر چییە؟
بە ئاوڕدانەوەیەکی بەلەز لە هەندێ دەقی شیعریی مێژوو و جوگرافیای لێکدوور، بۆمان دەسەلمێت لە هەر شوینکاتێکدا شیعر هەندێ ئەرکی تایبەت و جودای لە ئەستۆ گرتووە و بەو جۆرە نەبووە هەمیشە ئەرکیکی تایبەتی ڕایی کردبێت، ئەمەش ڕەنگە پێچەوانەی ئەو ڕایە بێت کە لای فۆرمالیستەکان بە ئەدەبییات (لێرەدا بخوێنینەوە شیعرییەت) پێناسە کراوە، بە گوێرەی گوتەی ئەوان ئەرکی شیعر دەبێ بەرجەستەکردن و خۆیاکردنی شیعرییەت بێت لە ناو زماندا، لای وان شیعرییەت کرۆکی ڕژد و سەختی هەموو شیعرێکە، بە گوتەیەکی دیکە دەکرێ بڵێین شیعرییەتە شیعر لە دەقی دیکە جودا دەکاتەوە، بەڵام هەموو جار و لە هەموو سەردەم و شوێنێکدا بە جۆرێک خۆیا نابێت و هەر جارەو بە جۆرێک دەگیرسێت و دەگووترێت. لێرەوە دەتوانین چەمکی شیعرییەت بە دیویكی دیکەدا هەڵبگەڕێنینەوە و دژوازانە بڵێین شیعرییەت تا رادەیەکی دیار و ڕوون بوونێكی مێژوویی هەیە و بە ئەدگارگەلی جودا جودا خۆی وێنا کردووە. دیارە لێرەدا تەنها مەبەست باسگەلی ستایلی و بووتقایی نییە، مەبەست خۆ ئاراستە کردنی شیعرە بە ڕووی جیهاندا واتە هەڵبژاردنی ستراتیژیی نووسین کە باسگەلی بووتیقاییش دەگرێتەوە. شیعر هەرچی بکات و هەرچۆن بنووسرێت سەبارەت بە جیهانە و لە ناو جیهاندایە. گەرچی دەبێ بە پارێزەوە وشەی”سەبارەت” بەکار ببەین و مەبەستمان ئەوە نەبێت پاشکۆی جیهان و واقیع بێت، بە پێچەوانەوە شیعر گەرچی سەبارەت بە جیهانە هاوکات ئاماژەیشە بە ناتەواوی و کەمایەسییەکانی جیهان و ژیان و وێناکردن و خەیاڵکردن و بەرینکردنی جیهانێکی جیاوازتر لەوەی هەبوو. لێرەوە دەتوانین بەم ئەنجامە بگەین کە شیعریەت هەمووجار وەها نەبووە لە بەردەم ژیان و جیهاندا یەک ستراتیژ و پەرچەکرداری ببێت و تاقە دەرکەوتەیەکی دیایکراوی نەبووە و نییە.
٣- ڕەوایە بەردەوام بپرسین هەنووکە ئەرکی شیعر چییە و یان دەبێ شیعر لە کوێدا ڕابوەستێت؟ سەبارەت بە ئەرکی شیعر بە پێچەوانەی ئەوەی لە پرسیارەکەدا سەرەتاتکێ دەکات ئەرکێک نییە لە دەرەوە بۆی نوسخەپێچ کرابێت، یان لە بنەڕەتەوە لە سەری تاپۆ کرابێت، هەموو ئەو ئەرک و هەڵوێستگرتنانە دەگەڕێتەوە بۆ نیازی هەناوەکیی خودی شیعر، بەڵام لە کارتێکەری و پەرچەکردار نواندن لە هەمبەر جیهان و ژیاندا، واتە ئەمە شیعر خۆیەتی بە پێی حەساسەیتی خۆی و دۆخێک کە تێیدایە، شوێنی ڕاوەستان و هەڵوێستگرتنی خۆی دیاری دەکات، واتە هێزئاوێژیی شیعر لە خۆیەوە و بە پێی نیازگەلێک کە خۆی پێناسەی دەکات سەرچاوە دەگرێت نەک لە سەرچاوەیەکی دەرە شیعری و بە شێوی میکانیکی بە سەریدا سەپابێت، بە گوتەیەکی دیکە جۆرێک دیالکتیکی کردە و کاریگەریی دوولان دەبێتە هۆی ئەوەی ئەرکێک لە کۆڵی خۆی لاببات و ئەرکێکی دیکە ناوەکی بکاتەوە. والتێر بێنیامین لە گوتەیەکی درەوشاوەدا لە وتاری ” نووسەر لە پێگەی بەرهەمهێنەردا” دەڵێت، (خوازیاری و مەیلی دەقێکی ئەدەبی کاتێک لە سۆنگەی سیاسییەوە بەجێ و دروستە کە لە لە سۆنگەی ئەدەبیشەوە دروست بێت و خوازیاریی سیاسیی دروست، خوازیاریی ئەدەبیشی لە خۆیدا جێ خستبێت. واتە هەموو فۆڕم و دەربڕینێکی دروست هەڵوێستگرتنێکی دروستی سیاسیشی لێ دەکەوێتەوە. واتە گەر شیعر و دەقی ئەدەبی دڵنیاییەکی دروست و بەجێی فۆڕمیک بدات، ئەستەمە لە بەر و لای هەڵوێستگرتن و پەرچەکرداری بۆ سیاسەت و کۆمەڵگا ئەو دروستی و دڵنیاییەی تیدا نەبێت. بۆ نموونە و بە پێی گوتەی بێنیامین ئەستەمە و ناکرێت شیعرێکی باش لە ستایشی فاشیزمدا (وەک خوازیارییەکی نادروستی ئەخلاقی- سیاسی) بنووسرێت، ئەمەش بە گوێرەی باسەکەی بێنیامین دەگەڕێتەوە بۆ ئەدەبیات یان ئەو شیعرییەتە کە ڕێگە نادا وەها کارێک سەربگرێت نەک بە پێچەوانەوە. کەواتە و بە گوێرەی باسەکەی بێنیامین کاتێک باسی ئەرکی لە ڕواڵەتدا نا-شیعری و نا ئەدەبیی شیعر وئەدەب دەکەین خەریکین باسی ئەدەبییات و شیعرییەت دەکەین. بە دیوێکی دیکەدا شیعر ڕەنگە لە هەندێ کاتدا ڕاستەوخۆ نەپەرژابێتە سەر جیهان و واقیع و کێشە بەردەستەکان. بەڵام هەمان هەڵوێستەگرتنی دروست لە باری فۆڕمی ئەدەبییەوە دەتوانێت جۆرێک گەرەنتیی ئەوەی پێ بدات کە جیهان و کێشەکانی پشت گوێ نەخراوە و لە دەقدا ڕەنگی داوەتەوە. تیۆدۆر ئادۆرنۆ لە وتاری “شیعری لیریک و جڤات”، ئەمە دەسەلمێنێت کە تەنانەت شیعری لیریک و غینایی چەندەش لە جیهانی واقیع دابڕابێت و بە شێوی سوبژەکتیڤ خۆی ئاراستە کردبێت و چەندە لە رواڵەتدا لە جیهانی ئوبژێکتیڤ دوور بێت، لە دواجاردا ئەگەر بە دەربڕێن و ڕوانین و زمانێکی بەجێ و بە گوتەی ئەو فۆڕمی “باڵا و بەرزەجێ” نووسرابێت دەتوانێت کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا لە ناوخۆیدا ناونشین و بنەنیشتە بکات.
٤- دەتوانین بە ڕاشکاوییەوە بڵێین لەم سەردەمەدا هیچ شیعرێکی باش ناخولقێت گەر جۆرێک ناهومێدی و بی مانایی لە کردەی شیعر نووسین یەخەی سوژەی شیعری و شاعیر نەگرێت و لە ژێر سێبەری ئەم ئاگاییە تاڵەدا نەبێت کە خاوەن و ئەجێندە سەرەکییەکانی دنیای ئەمڕۆ نەک شیعر، بەڵکوو بازاڕگەلی زەبەلاح و ستراکتۆرگەلی ماڵی و ژوور نەتەوەیی سەرمایە و موڵتی میدیاکان و هێزگەلی دیکەی دژە شیعرین، بە زمانێکی دیکە ئەوەی پێمانوابێت لە سەردەمی کاپیتالیزمی دوایین و نیۆلیبرالیزمدا شیعر شتێکی پێدەکرێت و دەتوانێت دەورێکی کارا و کاریگەر بگێڕێت ڕەنگە خەیاڵێکی خاو بێت. گوتنی سەختە بەڵام شیعر لان و ڕووی سوژەیەتییەکی وەهای نەماوە و هەر هێندەی خۆی تێکەڵ و پێملی لۆژیک و هێزگەلی دیکە نەبێت بەشێکی گەورە لە ئەرکی خۆی وەک بەرەی دژبەر و ڕەخنەگر بە جێ گەیاندووە، بۆ تیۆری ئەدەبییش کە زیاتر دەپرسێت شیعر چۆن دەنووسرێت و نووسراوە پرسیاری ئەوەی بۆچی دەنوسرێت و دەبێ چی بکات و پێگەی چۆنە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. زۆر جار و بە تایبەت لەم سەردەمەدا بە شێوی ڕۆمانتیک وەک موخەدەرێکی بێ ئازار و یان وەک سەرقاڵی و یارییەکی چێژبەخش سەیری شیعر کراوە و دەکرێت بەڵام شیعر نە حەبی نەشەهێنەرە نە سوژەی کارتێکەر، پێموابێ سوژەیی و هێزی گەورە و ڕادیکاڵی شیعر لەوێدا دەردەکەوێت کە چاوەڕوانییەکی لە ڕواڵەتدا کەممان لێی ببێت و چێخۆف گوتەنی بڵێین هەر ئەوەندەی شیعر پێمان بڵێ خەڵکینە وریا بن خەریکن خراپ دەژین و کاروباوری ئەم جیهانە نوقستانە و دروست نییە، ئەوا بە ئەرکی هاوچەرخی خۆی هەستاوە. لە ئێستەدا هەر ئەم زناک و عەلامەتە بۆ تێپەڕین لە دۆزەخ هۆشدارییەکی پێویست و بەجێیە.