فەرهاد شاکەلی شیعرەکانی بوو گوستاڤسۆن دەکات بە کوردی

بەرگی کتێبەکە

May 21, 2020

 

وەشانخانەی باڵندە کتێبی «بەنێو مەرگدا دەڕۆم بەرەو پاییز» لە دووتوێی ١٣٨ لاپەڕەدا و لە نووسینی بوو گوستاڤسۆن و وەرگێڕانی فەرهاد شاکەلی چاپ و بڵاو دەکاتەوە.

 

 

 

کتێبەکە بریتییە لە هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی شاعیری ناوداری سوێدی بوو گوستاڤسۆن، کە فەرهاد شاکەلی هەڵی بژاردوون و لە سوێدییەوە کردوونی بە کوردی.

 

شاعیر، نووسەر و زمانناس، فەرهاد شاکەلی، سەبارەت بە ئاشنایەتیی خۆی و شاعیرە سوێدییەکە دەڵێت: “ئاشنایه‌تیی ڕاسته‌وخۆم له‌گه‌ڵ بوو گوستاڤسۆنی شاعیری سوێدیدا دە دوانزدە ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستی پێ کرد. پێشتر ناویم بیستبوو، هه‌ندێک شیعریم خوێندبووه‌وه‌، ده‌یشمزانی پێوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاتی، ئیسلامی، عه‌ره‌بی و فارسیدا هه‌یه‌. دواتر، کە لە نزیکەوە یەکمان ناسی، هه‌ندێ له‌ کتێبه‌کانی خۆی پێشکه‌ش کردم و جاروباریش ده‌هات بۆ ژووره‌که‌م له‌ زانستگه‌ی ئوپسالا، یا پێکه‌وه‌ ده‌چووین بۆ ناو شاری ئوپسالا و له‌ قاوه‌خانه‌یه‌ک داده‌نیشتین. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بیرمان له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ بۆچی پێکه‌وه‌ هه‌ندێ کاری فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بی نه‌که‌ین.”

 

هەروەها سەبارەت بە گرنگی و بەهای شیعرەکانی گوستاڤسۆن، شاکەلی ئاماژە بەوە دەکات: “شیعره‌کانی ئاسان نین، ناتوانیت به‌ یه‌که‌م خوێندنه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانیدا بگریت. ده‌بێت چه‌ند جارێک بیانخوێنیته‌وه‌.”

 

وەرگێڕ لە پێشەکییەکدا کە بۆ کتێبەکەی نووسیوە، زیاتر جەخت لە بەهای شیعرەکانی شاعیرە سوێدییەکە دەکاتەوە: “بوو زۆر جار میتافۆرەکانی، وێنە شیعرییەکانی، لە سروشتەوە، یا لە میتۆڵۆگیی ڕۆژاواوە وەردەگرێت. ئەمە قورساییەک دروست دەکات، بە تایبەت بۆ خوێنەرێکی ڕۆژهەڵاتی کە شارەزای ئەو فەرهەنگە و ئەو سیمبۆڵانە نەبێت. گرانیی شیعری گوستاڤسۆن هەر لەمەوە پەیدا نابێت، بەڵکە هۆیەکی دیکەیشی ئەوەیە کە وێنە شیعرییەکانی، ئەو جۆرەن کە ڕەخنەگری ستروکتورالیستی ناودار کەمال ئەبودیب پێی دەڵێت فرەتوێژ [Multy-layer]. ئەم فرەتوێژییە، بۆ نموونە، لە شیعری مەلای جەزیری و نالی و مەحویدا بەرچاو دەکەوێت، بەڵام لە شیعری گۆران یا هێمندا نییە. فرەتوێژیی زمان لە فرەتوێژیی بیر و خەیاڵ و بینینەوە دێت و ڕەگێکیشی دەچێتەوە سەر فەلسەفە و ئیدیۆلۆگی.”

 

هەروەها بوو گوستاڤسۆنی ٧٤ـساڵان سەبارەت بە وەرگێڕانەکەی شاکەلی دەڵێت: “مایەی دڵخۆشیمە کە ئێستا هەڵبژاردەیەکی شیعرەکانم بە زمانی کوردی و بە وەرگێڕانی فەرهاد شاکەلی بڵاو دەکرێتەوە. من هیوادارم و لەو باوەڕەیشدام کە ئەم شیعرانە لە کوردستاندا خوێنەریان هەن. لەوێ ئامادەگی و پێشوازی بۆ شیعرێک بیەوێ سەرلەنوێ ڕاستییەکەی دیکە بدۆزێتەوە، فراوانە. ئەوە ڕاستییەکە دەبێ هەمیشە سەرلەنوێ بدۆزرێتەوە، چونکە بەردەوام دادەهێنرێت و دروست دەبێت.”

 

شایەنی باسە، بوو گوستاڤسۆن نووسەری پەیامی باڵندەیە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، کە ٢١ـی ٣ـی ٢٠٢٠ بڵاو بووەوە. ساڵانە ناوەندی باڵندە لە سلێمانی، شاعیرێکی جیهان بۆ نووسینی پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانی شیعر دەستنیشان دەکات.

 

فەرهاد شاکەلی، وەرگێڕ، شاعیر و ئەکادیمیکاری کورد، ساڵی ١٩٥١ لە باشووری کوردستان ناوچەی کفری لە دایک بووە و خۆیشی یەکێکە لە شاعیرە ناودارەکانی کورد.