دەخیل خەلیفە

ده‌رباره‌ی دەخیل خەلیفە

دەخیل خەلیفە شاعیری کوەیتی، یەکێکە لە شاعیرە نوێخوازەکان. هەوڵی داوە بە زمانێکی نوێ، کە جیاواز بێت لە زمانی باوی نووسین، داهێنان بەرپا بکات. لەدایکبووی ساڵی 1964ـە. چوار دیوانە شیعری چاپکراوی هەیە «چاوەکانی سەر دەروازەی مەنفا»، «دەریایەک هەڵدەکورمێت»، «بیابانێک لە فەزای کراسەوە دێتە دەرێ» و «دەستێکی بڕاو لە دەرگا دەدات.» لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا، کە ڕۆژنامەی ‘الشرق الأوسط’ لەگەڵ خەلیفەدا سازی کردووە، لە پرسیاری ئەوەی کە بۆچی هەمیشە جۆرێک لە خەم، ئەتمۆسفیری قەسیدەکانی تەنیوە، لە وەڵامدا دەڵێت: «تۆ بڵێیت شادی یان خۆشنوودی، حاڵەتێک بێت قابیلی نووسینەوە و پیادەکردن بێت؟ هەرچی لە دەوروپشتی ئێمە دەگوزەرێت هەر هەمووی تێکشکانە، شەڕی چینایەتی، تایفەگەری، دەستەگەری، ڕۆژنامەی سیخناخ بە شەڕەجوێن، گەلانی دواکەوتوو و باڵادەستیی شەریعەتی جەنگەڵ… کەواتە لە وەها بارودۆخێکدا، چۆن دەکرێت دەقگەلێک بەرهەم بهێنیت کە لە بابەتی “تۆم و جێری” بن!»

[ssba-buttons]