خودا لەنێو دەستی شەیتاندا

دلۆڤان فەرەیدوون

دلۆڤان فەرەیدوون/ کوردستان

March 9, 2021

دلۆڤان فەرەیدوون نووسەرێکی گەنجە. تەمەنی ٢٢ ساڵە و لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و هەر لەوێش دەژی. بەم زوانە لە کتێبخانەی ڕۆمان کۆمەڵە چیرۆکێکی بڵاو دەبێتەوە بە ناونیشانی ڕاچڵەکین
ئەمەی خوارەوە یەکەمین شیعری دلۆڤانە کە بڵاو ببێتەوە.

 

 

 

 

 

خودا لەنێو دەستی شەیتاندا
دلۆڤان فەرەیدوون

 

 

 

 

لە بیاباندا بۆ دڵۆپێک ئاو؛
شوێن شوێنەواری جێ پێی كاروانچی دەكەوتم،
چ بێ هودە بوو!
لە كوێستاندا بۆ كەمێک گەرمی و ئاگر؛
دەچومە نێو دارستانە چرەكان،
چ سامناک بوو!

بەهەر بیابانێكدا ڕۆیشتم،

لەسەر لم ناوی تۆ و ئاوم نووسی.
بەنێو هەر دارستانێكدا ڕۆیشتم،
لەسەر دار سنەوبەرەكان ناوی تۆ و ئاگرم نووسی.

شەوێک لە بیاباندا،
لەژێر ڕووناكی مانگدا،
بیابانم دەپێوا و وەک پێغەمبەرە شكست خواردووەكان؛
شیوەنم دەكرد.
شەكەت و ماندووبووم -چاو ڕەشی من-
هاواری من بۆ ناتگاتێ، مەگەر من دەنگم نەبوو؟
نوسینی من بۆ ناتگاتێ، مەگەر مەرەكەبی من درۆ بوو؟

لەنێو هەموو مەیخانەكان،
لەسەر لاشەی هەموو لەشفرۆشان؛
ناوتم نووسی.
ئەفیونم دا بە حاخامە كەلە زلەكان و
ناوتم لەسەر قۆڵیان نووسی.

ئیدی ماندووبوم چاوڕەشم،
من لەم بیابانەدا دەنووم.
دەزانم سبەی بە تیرێكی سەربازانی كۆرش دەكوژرێم.
بەڵام لەسەر سمی هەموو ئەسپەكانی فارس؛
ناوی خۆت دەبینیتەوە.
جەستە سپییەكەت بۆنی هەزاران پیاوی لێ دەهات.
مێشكی منیش بۆنی هەزاران گومانی دەكرد.
من دەنووم و
گوێم لە حەكایەتی موتریبێكی پیرە لە دورەوە دەڵێت:

بەرەبەیانێک ئەو دەمەی ئێشکگرانی شێشەخ دەنووستن،
لە نێوەڕاستی شێشەخدا،
بارانێكی ڕەش بە لێزمە دەباری،
خواكان جەنگیان هەڵدەگیرساند دژ بەو خودایەی مێژووی زەوی گرتە دەست،

چاكەی خستە نێو مشتی خۆی،
خراپەی وەک پلە گۆشتێكی سوتاو فڕێدایە كۆشی شەیتان.

شیوەنم بۆ كردن ئەی مرۆڤ،
تفتان تێكردم
زانینم پێ بەخشین و نەحلەتان لێ كردم.
فروشتانم بەو سكانەی دەستی كوڕانی ئیسڕائیلی
پێ سوربوو.
لە شەوێكدا گورگ حاشای لە دڕندەیی خۆی كرد،
منتان فرۆشت.
بەڵام ئێوە هەرگیز حاشاتان لەمن پێ ناكرێت،
من كوڕنیم و وشەش نیم دەمەوێ بزانن؛
من یەكەم هاوڕێی باوكتانم،
لە بیاباندا جێتان هێشتم.

ئێوارەیەک تێناپەڕێ من لەسەر سفرەی تەنهایی شیوەن نەكەم،
چیتان لێ كردم ئەی مرۆڤ!
كام ڕۆژەی زۆر دڵخۆش بووم شێوانتان لێم.
منتان تەنها کرد.

لەم بیابانە كاروانێكی درێژ تێپەڕی،
پێیان گوتم دەچن بۆ شاری جەلیلە.
من بە خەونی بابلەوە دەمردم.
من لە جەلیلە هەڵاتبووم،
لەوێ خودایەک مێژووی خودای شێواندووە،
منیش مێژوو دەشێوێنم

واتان كرد لەشفروشان بەردم تێبگرن و بڵێن:
بڕۆ دەرەوە لەم شارە.
ئای چ سامناک بوو ئەو شەوەی
بومە موتریبێكی پیر و
جەنگم دژی خودا و بەندەكانی هەڵگیرساند.
سوێندم بە دوو شاخی زێڕینی باڤمێت خوارد.
كوڕ لە باوک هەڵگێڕمەوە،
مەعشوق بكەمە دوژمنی عاشق،
زینا بە كوڕ و دایك بکەم،
كچ عاشقی باوكی بكەم.
چونكە ئەوەی من دیم خەون نەبوو،
ئەوەی بیستم درۆ نەبوو.
هاواری ڕاستگۆییتان كرد، بەڵام گورگم بینی پڕ بە هێزی دەگریا بۆ خیانەتتان،
لەنێو زەویە بە پیتەكاندا هاواری دەسپاكیتان كرد،
كەچی ڕێویم بینی خۆی دەمراند لە فێڵ و تەڵەكەبازیتان.
بە گوێچكەی منداڵاندا دەتانچپاند؛ درۆ نەكەن.
هەزار حەیف.
مارم بینی تا دەیتوانی خۆی دەپاراست لە ژەهرتان،
ئێوە چەندە پیسن چەند ترسناک و ژەهراویین،
بەتایبەتی لە شەواندا؛
پێتان وایە ناتانبینم لە شەواندا؟
من ئەو شەوانەم بینی كە مەست و خۆشبەخت دەبوون.
خوداتان دەخستە دۆزەخ و
بەیانیانیش كڕنوشی پڕ شكۆیتان بۆ دەبرد.

من ئیدی بوومە موتریبێكی پیر و حیكایەتەكانتان گوێ لێ دەگرم.
وەلێ هەرگیز متمانەتان پێناكەم و لە ژەهری خۆمتان دەدەمێ،
من چۆن بتوانم متمانەتان پێ بكەم؟
هەر لە شەودا سێ جار حاشاتان لە خوا كرد.
وای لە ئێوەی ژیانویستی خۆپەرست.
من شكۆمەندی ناوتان بووم.
لەشفرۆشێكی بەدەوی نەبوایە، چۆن دەربەدەری بیابان دەبووم؟

شەوێك كە دواهەمین شەوی پڕشنگداری من بوو
هات و بە گوێچكەمدا چرپاندی:
”ئەوەی ڕویدا لە ئێستا و لە مێژوو و ئایندەدا خەتای من بوو”
پێم پێكەنین و بەردتان تێگرتم،
واتان لێكردم بكەومە جەنگ لەگەڵ خودا و شەو و مەرگ.

من ئیدی جەنگ دژی خودا بەرپا دەكەم،
دەبێت حاخام لەخودا یاخی بکەم و
سروودەكانی داود بە دەنگێكی دلێرەوە؛ پێچەوانە بخوێنێتەوە.

بۆ واتان كرد؟!

تەنیاتان كردم ئەی مرۆڤ.

لەو ئێوارانەی لەشفرۆشان نەعرەتەی سەركەوتنیان لێدەدا،
جێتان هێشتم ئەی مرۆڤ لەو سپێدەیەی كەڵەشێران خەوتبوون.

شەو داهات و خوداكان هاواریان دەكرد،
ئێمە و ئەو خودا ئیرەبەرەش هەموو یاری مێژوویەكی تاڵی ئێوەین.
پیرەژنێک بەردی دەگرتە پێپەتییەكانی نەوەی ئیسڕائیل و
دەیوت:
چۆن توانیتان بڕوا بەو خەوە قوڵەی موساكان لە كێوی سینا بکەن.

هەوای گەرمی ئەو ڕۆژە چەند تاساندمی،
دیمەنەكانی ئەو ڕۆژە چەند گریاندمی،
ئەی مرۆڤ ئێوە خوداكەتان دا لە خاچ دواتر شیوەنتان بۆ کرد،
خاچتان كردە شمشێر و واییی چ جەنگێكتان هەلگیرساند!
جەنگێكی واتان هەڵگیرساند،
لە هاوینێكی گەرمدا  بۆنی جەستەی سوتاوی مردوەكان”بەعل-ی” وڕو كاس كردبوو.
هاواری كرد من بێ بەریم لەم ئاگرە.

لە دامێنی چیایەكی زێڕین سەردەكەوتم…
ئەوەی بینیم خەون نەبوو خوداكان هاواریان دەكرد.
تۆ مێژووت لە ئێمە دزی ئەوەی هەیە هی ئێمەیە!
-پاشای مەزنی ئیرەبەر زۆر پێكەنی-
ئەوەی هەیە لە مێژووی ئێوەی گەمژەدا كۆمیدیایەكی سپییە. ئەوەی منیش تراژیدیایەكی ڕەشە.
خوداكان هەموو سەراسیمە بوون و سەیری یەكدییان دەكرد و بە یەكتری پێدەكەنین.
ئەوەی من بینیم خەو نەبوو.
لە پشتی گەورەی ئیرەبەر مارێكی ڕەشی چاو سوورم دی تێی ئاڵا بوو،
ژەهری خستە نێو پێكی دەستی خوداوە و لەسەر كورسی پاشایەتیدا كوشتی،
خواوەندەكان هەموو چوون بە گژ یەکتردا و مارە ڕەشە چاو سورەكە لەمن ئالا و بە هیواشی چرپاندی بە گوێچكەمدا:
”ئەمەت بە چاوی خۆت بینی ، ئەمەت بە گویچكەكانت بیست بمبەرەوە بۆ نێو خەڵک و جاڕی مەرگی خودا بدە”

بە دامێنی چیاكەدا دەهاتمە خوار زاهیدێكی پیرم بینی مەرگی خودای نەبیستبوو…
دوبارە چرپاندی  بە گوێچكەمدا:
” ئەوەی بینیت خەون نەبوو، خوداكان پڕن لە ڕق  ، ئافرەتانیش دروسكراوی ئەون،
خۆت بپارێزە لەو بونەوەرەی  تاک و پاک بیت،
ئەوان تێكدەری زەوی و ئاسمان بوون،
ئەو بوو حەزی بە سێویكی كرموڵی باخچەی عەدەن بوو،
جاڕی مەرگی خودا بدە و هاوار بكە؛ ئافرەتانن جێنشینی خودای ئیرەبەری گەورە”

لەسەر گردێكی بەرز ئافرەتێكی جوانم بینی،
قژە ڕەشە درێژەكەی بەسەر گردەكەدا پەخشان كردبوو،
وەك موتریبێكی پیری سامیی گۆرانیم گووت…
حەكایەتی هەزاران ئاشقم دەخوێن.
هاواری كرد:
تۆ چاوشینی منت دیوە؟
لەگەڵ مارە ڕەشە چاو سورەكەم گوێمان لەحەكایەتی بوو،
مارە ڕەشە چاو سورەكەم لە ملی ئاڵا و
پێی گوت فەرموو بە خوێنی خۆت ناوی لەسەر من بنووسە.
ئەو بۆ ئەبەد لەسەر گردی پیرۆز ڕاكشا.
من و مارە ڕەشە چاوسورەكەم بەرەو بیابان كەوتینە ڕێ.

موتریبێكی پیری سامیی، مارێكی گەورەی لەسەر دەستی كوتیبوو
پڕ بە بیابان هاواری دەكرد لە منەوە بۆ یارە چاوشینەكەم:
تۆ وەحی خودا بوویت و لەمن ونبووی،
بە قەلەڕەشدا نامەم بۆ دەناردیت،
بەڵام ئەفسوس كاتێک حەكایەتی خۆمانم بۆ باس كرد؛
قەلەڕەش سپی هەڵگەڕاو مرد.
بە پڵنگێكی خوێناویدا هەواڵم بۆ ناردی، بەڵام ئەو نەڕاندی.
من خودا تفی لەقەدەرم كردووە و
خەریكی برینی خۆمم و ئاگاداری مار و شەراب بە!
ڕۆحی خۆمم خستە نێو كەلەسەری بزنەوە و
بزن ڕۆشت و نەگەڕایەوە.

یارە چاوشینەكەم لە كوێیت؟
بەنێو زەریاكاندا ڕۆشتم.
نەخنكام چونكە ناوی تۆم لەسەر سنگم كوتیبوو،
حەكایەتی تۆم لەنێو خۆمدا هەڵگرتبوو،

تۆ پیرۆز بوویت
لەلای خودا،
لەلای شەیتان،
لەلای زەریا و بیابانەكان،
-چاوشینی من-
لەسەر گردێک من خەوتم و ماندووبوم ئیتر
مارێک هات و پرسی چیتە؟
موتریب ڕۆشت و گوێم لە حیكایەتی خۆم بوو،
بە شەكەتی هەستامەوە و بێهودە…
بەسەر كەلەسەری پێغەمبەراندا ڕۆیشتم و شكستم نەهێنا،
بەهەر جێگایەكدا ڕۆشتم بە خوێن ناوی تۆم دەنووسی.

شەوێك ماینێک بارێكی دەهێنا بۆ گوندەكەتان،
لەسەر سمتی ماینەكە ناوتم نوسی،
لەسەر قۆڵی ئەو قاچاخچییانەی دێنە گوندەكەتان
ناوتم نوسی.
هەواڵت نەبوو..

شەوە شەو لەم بیابانە.
ئەی شەو بۆ تێناپەڕی؟
هەر كاتژمێریكی تۆ/برینێكی منە
تاریكی تۆ/ناخی منە
ڕوناكی مانگ؛چاوی ئەو.

من لە شەودا بیابان دەپێوم،
لە بەرەبەیاندا دەنووم،
ئەی شەوی ڕەش، كاتیک تۆ دێیت:
زوڵفی یارم دێتەوە یاد،
بەرەبەیانیش ڕووی خۆم.

شەوان هەموومان تەنهاین،
وەك ئەو ژەنەڕاڵەی كەوتووە بەسەر ئێسک و پروسكی سەربازەكانیدا لەناوەڕاستی مەیدانی جەنگدا.
من لە شەواندا دەگریم،
بەرەبەیان دەنووم.
موتریبەكە دەیگوت: لەمنەوە بڵێن بە یارم،
هەموو تاوانەكان سەرچاوەیان شەوە،
خیانەت لە شەودا دەكرێت، شەو ماڵی شەهوەتبازانە.
من حاشام كردووە لە تاوان، من چیتر لە شەودا نانووم.
نامەوێت خەون ببینم بەو لەشفرۆشەی ڕۆژانێک خۆشەویستم بوو.
ئای شەو ئەی شیرینترین ماڵی شەهوەتبازان.

بەڵام ئەی چاوەڕەشم
من دەڵێم:
شەوان دەبێت بگەڕێین و گەڕیدە بین،
شەوان دەكەوین بەسەر هەزاران شارستانیەتی
تەفروتوناكراودا،
ئێسک و پروسكی ئەو سەربازانە دەدۆزینەوە؛
كە دایكیان ئێستاش بە ئومێدی گەڕانەوەیان دەرگای ماڵەكانیان داناخەن.
نا دایكان دەرگاكانتان دابخەن
ئەوەی كە ڕۆیشت نایەتەوە.
قارەمانان ئێسک و پروسكیان  لە بیبان جێ دەمێنێت.

مانگ لەگەڵ شەو  بەجەنگ دێت و
شەو هاوار دەكات؛ منم حەقیقەت.
بەڵام شەو كارەساتە؛
بۆ ئەو عاشقانەی خوێنیان لە نێو حەوشەی مەعشوقەكەیاندا ڕژا.
جەلادەكان ئێوە دەڵێم!
ئێوە  لەشەودا دەخەون، لە بەرەبەیاندا بە ئاگان.
من لەشەودا دەخۆمەوە، لەبەرەبەیاندا دەنووم.

من دەزانم لەشەوێكدا دەمرم
لەبەرەبایاندا نانووم.
لەشەوێكدا دەڕۆمەوە نێو بیابان و
لەبەرەبەیان ناگەڕێمەوە.
شەوێک لەنێو ژورەكەمدا مارێكی ڕەش بەژێر مێزەكەمدا
دەهات و دەچوو،
هەواڵی تۆی بۆ هێنابووم،
چ چارەنوسێكی ڕەش بوو!

مارێكی ڕەش هەواڵی تۆی بۆ هێنابووم
هەواڵی تۆ لەنێوان دوو كیسەی پڕ ژەهری ماریكی ڕەشی چاو سووربوو
لە شەوێكدا هەواڵی تۆم پێگەیشت،
ئیتر دواهەمین كاتی ژیانی من بوو.
لەسەر پێستی مارەكە ناوی منی لێ نوسرابوو.
لەو شەوەدا من دوا سەفەری خۆم كرد،
لەبەرەبەیاندا گەشتمە لای خودا
لە مێشكمدا دەمەوێت بزانم؛
شەوان چی لە مێشكی خودادا دەگوزەرێت؟
فریشتەیەك بە دزیەوە پێی گوتم:
شەوان دووهەم نەفرەتی خودایە بۆ ئێوەی پیاو”
بەڕووی خودادا قاقام لێدا و هاوارم كرد؛

«شكۆدار بێت ئەو شەوەی دوا پێكی ژەهری خۆتت دایە دەستم و گوتت:
بینۆشە ئەمە دواهەمین خوانە.»