ژنی دەریا

Ghada al-Samman & Ghassan Kanafani

June 17, 2018

 

 

 

ژنی دەریا
غادە سەمان
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی

 

 

وێنەی بازنەیەکی بە تەباشیر بۆ کێشام لەسەر دیوار و
پێی گوتم: لەنێویدا بوەستە.
هەڵاتم
بەرەو شەقامەکانی دەریا

بە تووڕەیییەوە بە دوامدا هات
بە تووڕەیییەوە قیژاندی بە ڕوومدا، لێی دام.
پێی گوتم کێشەکە جددییە و
“پەخشەکەش ڕاستەوخۆیە”
پێویستە لەگەڵیدا بگەڕێمەوە بۆ (ستۆدیۆ)
تا لە ناوەڕاستی بازنەی تەباشیرەکەدا بوەستم
لەژێر ڕووناکیدا

بەستەزمان و گیرۆدە
وەک سواڵکەرێکی زستانان،
هەوڵم دا پێی بڵێم:
منیش هەروەها بەڕاستمە
بەڵام من (هەرگیز هەرگیز)
ناهێڵم زیندانیم بکات
لەنێو بازنە بە تەباشیر کێشراوەکەدا،
لەسەر دیوارێک، زەوییەک، تەختەی شانۆیەک
ناهێڵم زیندانیم بکات
نە بە ناوی خۆی، نە بە ناوی خۆشەویستی، نە بە ناوی بەناوبانگی، نە بە ناوی هیچ کەس.

ئای دڵم ببە، وەک سێو قەپی لێ بگرە
بەڵام زیندانیم لەنێو بازنەیەکی داخراودا.

ئەوا من بۆ یەکەمجارە تێبینی دەکەم بە ترسەوە
کە پیتی یەکەمی ناوەکەت
بەشێکە لە بازنەکە.
بەردەوام مەبە لە کێشانی بە چواردەورمدا.

کاتژمێرەکە بازنەیییە
بەڵام لمی زەمەن،
بیابانگەلێکە لە نهێنی،
گاڵتە بە شێوە ئەندازەیییەکان دەکات.
من ڕقم لە بازنەیە،
ڕقم لە چوارگۆشە و سێگۆشەیە
خۆپیشاندان دژی لاکێشە و لاتەریب دەکەم
دژی هەر شتێک کە داخراو بێت وەک زیندان!
تەنیا خاڵە جووڵاوەکەم خۆش دەوێت،
بەڵام دوو هێڵە تەریبەکە
دڵتەنگم دەکەن بۆ تاهەتایە ڕادەکەن بێ ئەوەی بە یەک بگەن
بێ ئەوەی هیچ شتێک بگۆڕێت، لە نێوانیان… لەنێویاندا.

تا کەناری دەریا لێت ڕادەکەم،
بە تەنیاش دەوەستم،
بە تەباشیری ئازادی
بازنەیەکی دانەخراو دەکێشم،
لێوارەکانی بە ئاراستەی دەریا و ئاسۆ کراوە بن،
باز دەدەم لەنێویدا،
ڕادەکەم بەرەو دەریا،
دەریا… دەریا… دەریا…