ڕۆحانییەت، ڕاستییەکەی دیکە

د. حەمە مەنتک/نووسەر و ڕەخنەگر

August 10, 2020

ئەم گوتارە دەربارەی کتێبی “بەنێو مەرگدا دەڕۆم بەرەو پاییز”ـە، کە شیعرەکانی شاعیری سوێدی بوو گوستاڤسۆنـە و فەرهاد شاکەلی کردوویە بە کوردی و لە چاپکراوەکانی وەشانخانەی باڵندەیە.

 

 

ڕۆحانییەت، ڕاستییەکەی دیکە
د. حەمە مەنتک

 

 

شیعر گەڕانە، گەڕانە بە دووی ڕاستیدا، ئاشکرایە یەک ڕاستیی بوونی نییە، زۆرن ئەو بیرۆکە و ئایدیایانەی بوون بە دۆگما و لە ڕاستییەتیی خۆیان داماڵدراون. کۆمەڵی ئەورووپی کۆمەڵێکی تەواو واقیعی و سێکولێرە، مامەڵە لەگەڵ شتە بەرجەستە و واقیعییەکاندا دەکەن. هەمیشە بەوە خۆی لە کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی جوێ کردووەتەوە، کە عەقڵانیترن. ئەم بیرکردنەوەیە دۆگمایییە جیهانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە، بەرەی ڕۆژئاوا (عەقڵانییەت) و بەرەی ڕۆژهەڵات (ڕۆحانییەت). دیوانی “بەنێو مەرگدا دەڕۆم بەرەو پاییز”ی بوو گوستاڤسۆن بەڵگەی ئەوەن ئەم دوو جیهانە لێکدی جودا نین، تەواوکەری یەکدین. هەوڵێکن بۆ پێشاندانی دونیای ڕۆحانییەتی ڕۆژهەڵات، بۆ ئەوەی مرۆڤی سوێدی تەنێ یەک دیوی خۆی نەبینێت، بەڵکوو دیوی دووەمی خۆی، کە دیوی ناوەوەی خۆیەتی ببینێت. فەرهاد شاکەلی پاشخانێکی سۆفیگەرانەی بۆ ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی هەیە، بۆیەیش شیعرەکانی گوستاڤسۆن لەگەڵ جیهانبینی و چێژی ئەودا یەک دێتەوە. کاتێک شیعرەکانی شاکەلی دەخوێنینەوە، هێندەی گرینگی بە فیکر و جیهانبینییی قووڵ دراوە، ئەوەندە کار لە بارەی تەکنیک نەکراوە، زمانی نووسینی شیعر لە کن ئەو زمانێکی ئاڵۆز و سەرشار بە فیکرە.

 

 

بە خوێندنەوەی ئەم شیعرانە دەزانین گوستاڤسۆن پڕۆژەیەکی هەیە، ئەویش ئاشتکردنەوەی ڕۆژئاوایە بە دنیای ڕۆحانییەت و عیرفانی، بەڵام عیرفانییەکی بێ جەستە نا، لە کن ئەو جەستە و ڕۆح هێندەی یەکدی گرنگن. لە ڕێی وشەکانەوە تێدەگەین جیهانی ڕۆژئاوا بێ ڕۆحانییەت چەند پڕ کێماسییە، بۆیەیش بە بڕوای ئەو ڕۆح ئاوێکی سەیرە. فەزای ڕۆحانییەت لە قۆناغە جوداکانی شیعری ئەم شاعیرە لە ساڵی ١٩٩٣- ٢٠٠٢ قۆناغێکە تەواو کاریگەری و سێبەی شیعری عیرفانی و سۆفیگەریی ڕۆژهەڵاتی بەسەرەوەیە. لە دوای شیعرەکانی یادداشتەکەی پاشمەرگەی گرامشی؛ هەم زمان، تێمە و مۆتیڤەکانی شیعر دەگۆڕێن. ئەم گۆڕانە هەوڵێکە بۆ بەستنەوەی هەردوو جیهانەکە. گوستاڤسۆن گەڕیدەیەکە، بە دوای هۆکاری ونبوونی بەهاکاندا دەگەڕێت. هۆکاری چییە بەهاکان لە کۆمەڵی سێکولێر و پاشئایدیۆلۆجیاکاندا ونە. کوڕە بچکۆلەکەمم تەنیا هەر لە وێنەدا بینیوە. تەنانەت بە یەک زمانێش نادوێین، ئەوان لە مۆسکۆ دەژین و بە ڕووسی قسە دەکەن. هاوسەرەکەم لەبەر خەفەتباری سەری لێ تێک چووە. ڕۆحانییەت و سۆفیگەری تەنێ ڕۆشنبیرییەکی ئایینی، یان جیهانبینییەکی ئادیۆلۆجی نییە، بەڵکوو هەوڵدان و گەڕانە بە دوای شتە ونبووەکاندا. لە شیعری ئەو پیاوەی دەچێت دەرگا دادەخات، تەواو هەست بە تەنیایی و نەبوونی بەهاکان لە دنیای مرۆڤەکاندا دەکەین. دنیای ڕۆژئاوا دنیایەکە ئەوەندە ونبوونی هەن، مرۆڤەکان تێیدا بە خۆیان و دەوروبەریان نامۆن. بۆیەیش ئەم شاعیرە دنیا و جیهانیی ڕۆژهەڵات بە کولتوورە ڕۆحانییەتەکەیەوە بۆ ئێستای ڕۆژئاوا بە پێویست دەزانێت. بە بڕوای ئەو پێویستە لە ڕێی دنیای ڕۆحانییەتەوە، کە ڕاستییەکەی دیکەیە بە دوای بەهاکانی مرۆڤی ڕۆژئاواییدا بگەڕێین. لە دەمی خوێندنەوەی ئەم شیعرانەدا ڕۆمانەکانی ئۆرهان پامۆکم بیر کەوتەوە، بە تایبەت قەڵای سپی و بەفر، لەم دوو ڕۆمانەدا ململانێی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە وردی لە بوارەکانی سۆسیۆلۆجی، سایکۆلۆجی، فیکری و مێژوویی قسەوباسی لە بارەوە کراوە، بەڵام وەکوو دوو جەمسەری دژ بە یەک، دوو جەمسەر، کە دنیایەک جوایەزییان لە نێواندا هەیە. لە کن گوستاڤسۆن ئەمە پێچەوانەیە، لەم شیعرانە فەرهەنگی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا وەکوو دوو جەمسەری تەواوکەری یەکدی نیشان دراون.

 

بە خوێندنەوەی ئەم شیعرانە دەزانین گوستاڤسۆن پڕۆژەیەکی هەیە، ئەویش ئاشتکردنەوەی ڕۆژئاوایە بە دنیای ڕۆحانییەت و عیرفانی، بەڵام عیرفانییەکی بێ جەستە نا، لە کن ئەو جەستە و ڕۆح هێندەی یەکدی گرنگن.

 

 

ئەو مۆتیڤانەی لەم شیعرانە دەیانخوێنینەوە، بۆ نموونە بولبوول، کتێب، تۆبەکاری، لێو، نەغمە و… تاد سەر بە دنیای ئەو ڕۆمانسیەتە نین، کە ڕێبازی ڕۆمانسیزم پاڵپشتیی لێدەکات. سەر بە دنیای ڕۆحانییەت و عیرفانییە، چونکە سۆفیگەری و عیرفانییەت وا دەکات مرۆڤ خۆی بناسێت. بۆیەیش دەبینین پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان بە گشتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ڕۆ نراوە، ئەم فۆرمە لە پێوەندی لە ڕۆژئاوا وەکوو قالب و یاسایەک وایە، ئەمەیش وا دەکات مرۆڤەکان لە یەکدی دوور بکەونەوە، کەمتر یەکدییان خۆش بوێ. کۆمەڵی ئەورووپی لە ڕووی ماددییەوە زۆر پیشکەوتووە، بۆیەیش بۆشاییی ڕۆحی لە نێوانیاندا زۆرە، پێکەوەژیان جەوهەری عیرفانییەتە. بەڵام ئەگەر پێوەندیی ڕۆحی لە نێوان مرۆڤەکاندا بێت، ئەوا هیچ بەرژەوەندییەک لە گۆڕێدا نابێت، مرۆڤەکانیش بێ هیچ بەرژەوەندییەک یەکدییان خۆش دەوێ، ئەوەیە مزگێنی.