وه‌ك گه‌ڕیده‌یه‌كی هه‌میشه‌یی به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا

ئیسماعیل سابیر/شاعیری کورد

September 11, 2021

 

ئیسماعیل سابیر، لە شاعیرانی نوێی کوردە، لە ساڵی ١٩٩٤ـدا لە ناوچەی گوێڕ-موسڵ لە دایک بووە و هەنووکە لە هەولێر نیشتەجێیە. دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی کۆیەیە و بە پارێزەرییەوە خەریکە. ماوەی چەند ساڵێکە دەنووسێت و سەرلەدووی زمان و دەربڕینێکی تایبەتە کە بتوانێت دنیاکەی خۆی پێ دەربڕێت. هەروەها یەکەمین کتێبی شیعریی خۆی بە ناوی “سۆراغ بۆ شیوەنێکی نەبڕاوە” بڵاو کردووەتەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

وه‌ك گه‌ڕیده‌یه‌كی هه‌میشه‌یی به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا
ئیسماعیل سابیر

 

 

 

ئەی “ئۆڤید”ـی غه‌مبار هێشتا به‌و هه‌موو دڵشكاوییه‌ی خۆمه‌وه‌
هاتووم پێت بڵێم وەک دیلێکی ڕزگاربووی ناو خورافیاتەکان
لەبەردەم سەرمایەدار و جەللادەکانی سەدەی بیستویه‌كدا
له‌پێناو پره‌نسیپه‌كانم سازش ناكه‌م
ئه‌گه‌رچی چاوەڕێت ده‌بم به‌ چاوه‌ڕوانیی ناكۆتا
تا ڕۆژێک کەلەپچەی ئەم برینە قووڵانەمان كه‌ ژیانه‌
بە چەکوشی تێکستە تووڕەکان بۆ بشکێنی.

 

لە ژێر پێستی یادەوەريیدا كه‌ خه‌مه‌
چونكه‌ هیچ پارچەیەکم له‌ ئازار نەماوە
بۆیه‌ ئاسنگەرەکان دێن له‌سه‌ر سندانه‌كانیان برینم ده‌کوتنەوە.

 

سه‌یركه‌ ئەم ڕەشبینی و کەئابەیەی وا بە دیوار و ژووری
نووستنەکانمان هەڵواسراوە،
بە ئێمە لێناکرێتەوە
ئەم تاریکیی و خەڵوەتەی وەک وادەی مەرگ وا بە
حەرفەکانەوەیە بە نازی تۆ نەبێت،
بە ئێمە لێک جودا ناکرێتەوە.

 

تۆ هێندە گڕ لەو دارستانانە به‌رمەدە کە درەختە وشکەکانی ناوی منم
هێندە به‌له‌نجه‌‌‌ پێ لەو شەقامانە مەنێ،
کە شۆستە ساردەکانی منم
هێندە دەفتەری ئه‌و پیاوه‌‌ عاشقانه‌ مەسووتێنه
کە حەرفە ڕەش و
قەترانییەکانی ناوی هەر منم.

 

کاتێ تۆ درەختە پیره‌کان دەسووتێنی، ئەی ئەو ئاژەڵە داماوانە كه‌ وه‌ك مرۆڤن چی بکەن بێ ماڵ؟
کاتێ تۆ گۆشەی ماڵەکان دەگوازیتەوە، ئه‌ی ئەو ئادەمه‌ دڵشكاوانه‌ چی بکەن بێ حاڵ؟

 

ژان ژاک ڕۆسۆ نەبووم،
کەچی به‌ حەرفە خوێناوییەکان ناوتم درکاند،
ددانم پێدا هێنا زۆر سەخت بوو،
کاتێ نەخشەی هیچ جەنگێک بە قەت شەڕی ئەم ئەڤینە پیاوی وا بە کوشت نەدا…

 

ژنەکان كه‌ ئێواره‌یه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌، نەیانزانی لە سەبەتەی ئەو هەموو مەمکەوە چ ئاگرێک لە خه‌رمانه‌ی ئەو پیاوە داماوانە بڵێسە دەسێنێت
ئەو ژنە شەرمنانە کاتێ چمکی عەباکانیان گرتبوو، لەززەتی هەموو شەوە درێژه‌كانیان بە دوای خۆیاندا ڕا‌کێشا و
لەبەر هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و گریانی منداڵەکانیان،
دارشەق و بزێوی ئەم پیاوە پیرانەی پێش مزگەوتەکانیان نەزەر نەکرد
تێپەڕین و
ئاخ و ئۆفیان بۆ ماڵە ساردەکانی شه‌و بەجێ هێشت و
بۆ غەریبە و بێ پەناگەكایش،
قاچاخچی و ڕێگرەکانیان ناساند.

 

لەناو گواوی قەرەجەکاندا دەستبەسەر کرا،
خه‌ونه‌كانمان
لەجیات ژەمێک نان، نیکۆتین به‌خشرایه‌وه‌
بە ڕۆژە برسییەکانمان.
زمانم وەک ئازاری تەڕ لە تەویلەکان قووت دا و
شەوم ‌خزاندەوە لای هایدیگەر و پەڕەی کتێبە کۆنەکان.

 

لەبەر چەتە و ڕێگره‌كان(ئۆردیکا)م لە دڵمدا شاردەوە
حه‌زم كرد؛ خەون له‌ ماڵم نەڕفێنن.
خوێناوی بوو؛
چونكه‌ ئەو ژنانەی كه‌ لەسەر شاخەکانی لەززەت بوون،
به‌ فه‌خره‌وه‌ زەخیرەی نازیان بەسەر پشتی کۆچبەرەکان دانا.

 

وەک ئەسپەوانێک، ژیان قامچی بەسەر جەستەی ڕۆژە
ماندووه‌كانمان هەڵشەقاند.
لە نیشتیمانی سێكس و شه‌هوه‌ت ڕامان دەکرد، لەناو تۆز و خۆڵی
جەنگەڵەکان وەک منداڵ گریاین،
چونکە ئازار
هەمیشە لە شێوەی ترسێکی نەبڕاوە بوو بۆمان.

 

تۆ كه‌ لەژێر ڕه‌ونه‌قی مانگدا ڕۆشناییت وەک گۆزەیەکی بچووک شکاند و بە فرمێسکی دایکەشەهید درزی ئەم کراسە خوێناویانەی شەوت پێچایەوە، نمایشکارانیش كه‌ یاداشتی کەرنەڤاڵ و فێستیڤاڵەکانی حیزبییان بەسەر دوورەپەرێزی ڕۆژە کپ و تووڕەبووەکانی ئێمەدا ‌چرپاند.
چاره‌ نه‌ما،
بۆیه‌ لەگەڵ (دانتی) ڕێمان کرد و
چووین بە ناو شار و خەڵکی سەرگەرداندا.*

 

بێشوومار هوتافمان لەبەرده‌م پەرلەمان و شوێنە هەستیارەکانی دەوڵەت لێ دا، فریوی شۆڕشگێڕەکانمان لەسەر هەرچی پەڕەی ڕۆژنامەکانە سڕییەوە، كه‌ ئەفڵاتوونیزمەکانی شار حه‌جمانیان نه‌ما و گاڵتەیان بە ڕواڵەتی غەمباری ئێمە ‌هات، کە بە کۆمەڵێک درووشمی گه‌وره‌ لەناو (کۆماری خودا)٭ لە شێوەی سەگی بەستەزمان ڕاویان ناین، كه‌ بەدەم وڕێنەوە وەک نەخۆشی سڕکراو لەسەر تەختەخەوەکانی عه‌شق بێئاگا ناوتـمان ‌هێنا، كه‌ وەک نیتچەی تۆراو لە سەحرای سەقەڕدا بنی پێیەکانمان بۆ گەیشتن بە کەماڵ گڕی دەگرت، بۆیه‌ بە دوای په‌یژه‌كانی گومان وێڵ و سەرگەردان سووڕاینەوە.

 

دوای تۆ ئازارمان نووسی و ناردمان بۆ نەخۆشخانەکان،
بووینە شەقاوەی چایخانەکان، شیعرمان دەنووسی
وەک شاعیرانی یاخی و تازە
جنێومان بە نووسەر و سیسته‌مە تڕۆهاتەکانیان دەدا.
شێت و سەرگەردان مێشکمان وه‌ك تەقەمەنی پڕ گومان کرد،
كه‌ وەک کۆگای سەربازی؛ لە دەوروبەری سنووره‌كانی لێکدابڕاندا،
به‌ڕووی زمان ‌تەقێنرایه‌وە؛
ده‌قه‌كانمان.

 

كه‌ بە جەستەی قورسەوە بەسەر پلیکانە و وانەکانی زانکۆدا دەکەوتین، كه‌ بەدیار سه‌رمایه‌دار و کچە خەواڵووەکان: باوەشێنی ئەم برینانەمان دەکرد، غەریبەیەک بووین بۆ پیاسە لەگەڵ هاودەمییه‌ک هەمیشە لە قاوش و ئەودیوی شاشەی مۆبایلەکان کە سەربازەکانی شه‌ڕه‌ف بە دیار خه‌نده‌یه‌ك وەستابوون؛
دەنووزاینەوە.
لە بەرانبەر بووکەڵەی سەر شاشە و بەرنامەکاندا، غەریبی بێ مروەتیيەکانی (لۆسالۆمێ)ــمان دەکرد. لە پشت بازگە نوێیەکانی شار، عەقڵی ناو ڕۆتینمان چەند لەحزەیەک بە فەرامۆشی سه‌ر سه‌دوبیستی دەسپارد، کات لەناو ڕەشبینیی ئێمەدا دەیخواردەوە، هیچ گرنگ نەبوو بە یەک دنیا یادگاریی پڕ دڕکەوە دەهاتینەوە ناو ماشێنەکان، لە پەنای قەڵا و دیوارەکانی هه‌ولێر کەس بەلایەوە پێکەنیناویی نەبوو یان کەس ئێمەی نەبینی؛
چونكه‌ شەو بوو، کە وەک شێتەکان عەقڵمان ژێرەوەی پیس کرد، کە بۆ تۆ و یادی تۆ بیرمان نه‌ما چه‌ند سه‌عات‌ وەک منداڵی ونبوو له‌ شه‌قامه‌كان كه‌ ماینه‌وه‌ و گریاین…

 

ئه‌گه‌رچی لەسەر زەویی چڵێسەکان،
له‌ كۆتاییدا زۆر ڕشاینەوە
چونکە گەردوون پاڵتۆیەکی ڕەش بوو
هه‌میشه‌ بەبەر تەنیاییماندا
ئازار بەڵام سەرەڕاى ئەو هەموو شکستە بۆمان نەشاردرایەوه‌.

 

ـــــــــــــــــــ
٭ بە کەمێک دەستکارییەوە دێڕێکی دانتی شاعیرە، لەبەرگی یەکەمی “کۆمیدیا”ـدا هاتووە.
٭ ناونیشانی کتێبێکی نووسەری عەرەبی (عبدالڕەزاق جوبران)ـه‌.