مەهێڵە بمریت

لازۆ ئازاد

لازۆ ئازاد

January 1, 2021

لازۆ ئازاد، شاعیرێکی کوردە. ساڵی ١٩٨٥ لە سلێمانی لە دایکبووە. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا کوردستان جێدەهێڵێت و لە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت.  لە ساڵی ٢٠٠٢ و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٨ یەکەم کتێبی بە هاوبەشی، بڵاو دەبێتەوە. دواتر ساڵی ٢٠١٣ یەکەم کتێبی خۆی چاپ دەکات. تاکو ئەم ساتەوەختە  لازۆ  ٣ کتێبی شیعری بڵاو کردۆتەوە. لە ئێستادا لە بەریتانیا دەژی. دامەزرێنەری پرۆژەی مێخەکە بۆ یارمەتیدانی منداڵ و ژنانی کورد لە بێرمینگهام. – ماڵپەڕی باڵندە 

 

 

مەهێڵە بمریت
لازۆ ئازاد

 

 

 

 

خەونم هەبوو
تاڵە ڕەشەکانت کاڵتر و کەمتر ببنەوە و
هێشتا تاریک وەک خوێنی مەییو خۆشم بوێیت
مێشکم خەون بە کوشتنەوە دەبینێت
دڵم بەوری توڕەیە بانگت دەکات
هەرچیت پێ دەکرێت بیکە با نەمریت
با لەناو مندا وەک ئینجانەی بەر پەنجەرەیەک تا خوارەوە بەرنەبیتەوە
با خەیاڵم بۆت نەبێتە بیرێکی تاریک.

کە یادەوەرییەکان پشتیان لەم ئەڤینە کرد،
کە ڕێگا، شوێن پێکانمانی ون کرد،
باخچەکان لە وێنەکانماندا ڕەنگیان فەرامۆش کرد،
کە تۆ وەک تارماییەکی نەناس ناو جێگاکانت بەجێهێشت،
من دەرگاکان وەک ڕەشەبا دادەخەم.
تەنیایم وەک گورگی هارە
دوای رۆیشتنت، دوای ڕۆیشتنم
جگە لە زامدارکردنت
جگە لە کوشتنت شتێکیتر نازانێت،
بەڵام تۆ مەهێڵە بمریت.

باڵندە ڕەشەکانی نزیک دەریاکەم بینی
ئاماژە بوون بۆ مردنت
بەڵام تۆ مەهێڵە بیربچیتەوە
مەهێڵە وەک ئەستێرەی کشاو بەسەر سنگمدا تێپەڕیت
مەهێڵە وەک جەنگاوەری جێماو لەناو شەڕەکانمدا بکوژرێیت
تۆ لەناو جوڵەی برژانگەکانمدا
لەسەر ڕەنگی پێستم
لەناو دڵی سوورمدا جوانیت.
چونکە من خەونم هەیە
تاڵە ڕەشەکانت کاڵتر و کەمتر ببنەوە و
منیش تاریک وەک خوێنی مەییو خۆشم بووێیت.