لە پەڕاو تا هاوار

پەراو

پەڕاو/ کرماشان

September 26, 2020

 

 

لە پەڕاو تا هاوار
سوورێن ئێبراهیم

 

 

زۆر ڕێگە هەیە تا ئێمە بە زاری کوردیی خواریینەوە ببەستێ، دوو لە شاڕێگەکان شانامە و کڵامی یارسانییە. لە ڕوانگەی شانامەوە ئێمە بەر زاراوەک دەکەوین کە لە ساتەوەختی ئستوورەسازیی زمانەوانیی و کۆمەڵایەتیی و هۆشیاریی ڕامیارییدایە، ئەویش لەڕێی تراژیدیای ڕۆسەم و زۆراوی کوردییەوە، لە ڕوانگەى یارسانیشەوە دیسانەوە بەر زاراوەیەک دەکەوین کە ڕایەی کەوتووە تا دین ڕەنگڕێژ بکات. تا ڕادەیەک ڕوون بوویەوە کە بۆچی هەمیشە جۆرێک لە  گەرمیی و پیرۆزییەکی میتافیزیکیی بەم زاراوەیە دراوە. ئەوەندە پیرۆز، تا ڕادەى بەکارنەهێنان!!! هەر دوو ئاستەکە دەتوانین ئاوا ئاماژە پێ بەین: پلەی باڵای هۆشیاریی نەتەوەیەک و ڕاپسکان لە فەرهەنگی ئەوی تر. ئستوورە و ئایین هەردوو سەروکارییان لەگەڵ نەست و بنهۆشی خەڵکدایە، شتێکن نە سیاسەت و نە دەوڵەت دەتوانێ بیچمیان پێ بدات، بەڵکوو سەروکاری لەگەڵ ژیاریی کۆمەڵایەتیی کۆنەستی گەلدایە. دواڕادەى ڕەنگڕێژبوونی هۆشیاری زمانەوانیی و کۆمەڵایەتیی هەر گەلێک ئستوورەسازیی و دینسازییە. باسی شارستانێت و ژیاریی دەکەم نەک دەوڵەت!

لێ  ئەوەى من تێبیینمی کردووە، ئەمڕۆ ئەم زارە لاپێی لەسەر هەزاربەهەزاری خەرەندێک داناوە، یان تیا دەچێت، یان زیندوو دەبێتەوە و دێتەوە نێو هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی، هەڵبەت کاتێ باسی زاری کوردیی خواریین دەکەین لە دوو پارێزگای کرماشان و ئیلامدا چۆڵەپێچەی نادەین، بەڵکوو باسی جوگرافیایەکی فەرهەنگیی دەکەین کە لە ئێرانەوە لووت دەژەنێتە لوڕستان، لە ئێراقیشەوە، کووت…

کۆسپەکانی بەرپێی ئەم زارە ئەمانەن:

١. بەرپەرچدانەوەى لە لایەن هەندێ ناوەندیی ئەکادیمیکی کوردییەوە تا ڕادەى گاڵتەپێکردن!

٢. نەبوونی پانتاییەک بۆ گوزارشتکردن، لەم ڕوانگەوە کارەکەى باڵندە فرە گرنگە! بۆ بانەڕۆژ!

گرنگییەکەى:

ئـ / داردەستێک بدەینە دەست زارێک کە لەبن فاشیزمی هەموو زمان و زارەکانی تردا دەناڵێنێ و لە بواری ڕێنووس و وشەسازیی و ڕستەسازییدا دیسانەوە بێتەوە مەیدان.

ب/ تێگەشتن لە ڕوانگە و پانتاییی فەرهەنگیی و فیکریی و هونەریی بنووسانی ئەم زارە.

پ/ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانەوانیی و وشەسازیی ئاخێوەران و وەرگێڕ و نووسەرانی سۆرانیی.

ئێمە تا ڕادەیەک لەڕێی مێژووی ئەدەبی کوردیی و ئەو پەڕتووکە کوردییانەى وا باسی قۆناغی کلاسیکی ئەم زارە دەکەن، بەر ئەم زارە کەوتووین، بەڵام هەرگیز نەمانزانیوە ئەمڕۆ ئەم فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییە گەیشتووەتە کوێ! پێشینەیەکی دەستەجەمعیمان هەیە، لە ڕێی گۆرانیی و شانامەى کوردییەوە. بەڵام هەرگیز شتێکمان نەبیست سەبارەت بە ئەمڕۆی ئەم زارە. بۆ نموونە ڕۆژانێک کاریگەریی ئەم زارە تا ئەو ڕادە بەهێز بووە تەنانەت شانامەی کوردیی کە لەو ناوچانەى کوردستان هەبووە، بەیتی موکریان نەیتوانیوە جێی خۆی پتەو بکات، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. جێی ئەوەیە ئاماژە بەوە بدەین ئەم زاراوەیە لەمڕۆدا لە هەموو لکەکانی ئەدەب پێی دەنووسرێ، ئێستاش پێڕەوکەیە بۆ نووسین و وەرگێڕانی فەلسەفیی و فیکریی.

کاتێک ئێمە ئەمانەمان کرد، ئیتر لە خۆمان ناپرسین کورد ئستوورەی هەیە یان نا، ئایینی هەیە یان نا! چونکە زۆربەی ڕۆشنبیری گەلانی ناوچەکە لەسەر توێژینەوە و خوێندنەوە بۆ ئەو ڕابردووە سرووشتیی و سۆزداریی و فیکرییە خۆماڵییەی خۆیان خۆیان ڕەنگاندووە. ئاوا نەبێ ئێمە تۆپی دەست ئەو ئایدیا دەرەکییانەین وا تەنیا خۆمان دەدەینە دەستیان، هیچی تر ناکەین، ئەوکات ئێمە پێمان لەسەر شتێک داناوە کە پتەوە! ئەمە بێهودە دیارە، هەمان بێهودەیی کە یەخەی پیرەمێردی گرت کاتێ دەیویست نەورۆز زیندوو بکاتەوە و (غەزەتە!) بە کوردیی بۆ کوردان بڵاو بکاتەوە. بەڵام بێهودەیی هەرگیز شتێکی باش نییە!

سا ئەمە سەرەتایە…