ئەسپەکانیش بە کاوەخۆ ملی ڕێ دەگرن

لی بای/شاعیری چینی

May 18, 2018

 

ماڵئاوا هاوڕێ
لی بای
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: سەیوان محەمەد

 

 

گردۆلکە سەوزەکان لە ژوورووی شوورای باکوورەوەن
چۆمی سپییش بە ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی شار دەلەنگێت
وا ئێمەیش لێک جوێ دەبینەوە،
تۆ دوور دەڕۆیت،
بە تەنیا، وەک بادەیەکی بەتاڵ کە لە بۆشاییدا مەلە بکات.
وەک گەواڵەهەورێک لە خەیاڵی خۆیدا ون بووبێت.
بەڵام من،
لێم گەڕێ دەمی خۆرنشین پەی بە ڕازی خەمینی خۆر ببەم
ئەو ساتەی دەستمان هەڵدەبڕین بۆ ماڵئاوایی،
ئەسپەکانیش بە کاوەخۆ ملی ڕێ دەگرن.

 

لە دامێنی پەناگەکەمەوە مانگ بە گەشی دەدرەوشێتەوە،
وەکو شەختەبەندان بەسەر ئەرزەکەوە
کە سەر هەڵدەبڕم و لە مانگی گەش ڕادەمێنم،
بە تاسەی نیشتیمانەوە سەر دادەنەوێنم.

 

ئەوەتەی ژیان تەنیا خەونێکە،
ئیدی بۆ بێهوودە ئازار بچێژین؟

 

کاتێک بەئاگا و بەهۆش بووین، دەمانزانی دڵخۆشیمان چییە،
بەڵام مەستی، لێکی دابڕین.
خۆشم دەوێن هاوڕێیانم، بەبێ دڵ!
ماڵئاوا، کە هەرچی زووە یەکتر دەبینینەوە
لەسەر ئەستێرەیەک لە گومەزی ئەم گەردوونەدا!