بەردێکی جوانم پێ بدە

ماریا ڤینە/شاعیری سویدی

January 3, 2019

ماریا وینە، شاعیری سویدی، ٨ـی جووڵای ١٩١٢ لە کۆپنهاگن-دانیمارک لە دایک بووە. ٢٢ـی ئەپڕێڵی ٢٠٠٣ کۆچی دواییی کرد. چوارساڵان دەبێت کە دایکی دەیداتە هەتیوخانەیەک، دواتریش وەختێک لە لای بنەماڵەیەک دەمێنێتەوە، ئازار و چەرمەسەریی زۆر دەبینێت. لە ١٩٣٦ـدا کاتێک ئارتور لوندکڤیست کە شاعیرێکی سوێدییە، دەناسێت، عاشقی دەبێت و دانیمارک جێ دەهێڵێت و دەچێتە سوید. شیعرەکانی بە سویدی نووسیون. ژیانی منداڵی و بەدبەختییەکانی، زۆری ڕەشبین دەکەن و ئەمەیش هێڵێکی سووری نێو شیعر و نووسینەکانیەتی. بیسوشەش کتێبی چاپ کرد، یەکەمینیان “بایەک لە دڵی تاریکییەوە” لە ١٩٤٣ـدا و دواهەمینیان، کە ئەویش کۆمەڵەشیعرێک بوو، لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا. مەینەتییەکانی منداڵی، عەشق، ئازادی لە عەشقدا، ئیرۆتیک، هەستی ئاشقانە، فیداکاری، هۆگری، ئاڵۆزییەکان و سەختییەکان، لە تێما سەرەکییەکانی شیعری ئەون. کتێبە ئۆتۆبیۆگرافییەکەی ماریا ڤینە، بە ناوی “شێرێکیان کوشتووە” لە لایەن خەبات عارفـەوە لە سویدییەوە کراوە بە کوردی. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

بەردێکی جوانم پێ بدە
ماریا ڤینە
وەرگێڕانی لە سویدییەوە: کەریم تاقانە

 

 

 

بەردێکی جوانم پێ بدە

بەڵام نەک لەوە جوانتر

کە بتوانم نەرمونیانییەکەی لێک بدەمەوە.

 

ئەوینێکم پێ بدە

بەڵام نەک لەوە گەورەتر

دەرەقەتی وەڵامدانەوەی بێم.

 

دڵخۆشییەکم پێ بدە

بەڵام نەک لەوە گەورەتر

دڵی پێ خۆش بکەم.

 

ئەگەر ئەمەت پێ ناکرێ

خەمێکم پێ بدە هێندە گەورە

گشت بیرکردنەوەیەک لە ڕزگاری،

مەحاڵ بێ!

 

 

خۆشت بوێم

بەڵام زۆر نزیک مەبەرەوە

شوێن بۆ خۆشەویستی بهێڵەرەوە

تا بە بەختەوەریی خۆی پێبکەنێ

لێ گەڕێ هەمیشە ئاگرێک لە قژە کاڵەکەم

ئازاد بێ!

 

 

بە تیرەکەت لە نێومدا بمێنەرەوە

تا من بە لەخاچدانم

بتوانم خۆری بچووک لە داوێنمەوە بێنمە دنیاوە

بە سەری پەنجەکانت یاری بە مەمکەکانم بکە

تا بە پێکەنینەوە بەرەو بۆشایی هەڵبکشێن

جەستەم توند توند، مینا کەوانێک، بە جەستەتەوە بگرە

هەتا لێوانلێویی سەرخۆشی بمانهاوێژێتە دەرێ