جا خۆ دڵ بە شەرتی سووری نییە

نیگار نادر/شاعیری کورد

October 17, 2020

نیگار نادر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. ساڵی ٢٠٠٤ یەکەم دیوانی شیعریی بە ناوی “بە تاو پێکدا دەبارین” لە دەزگای ئاراس چاپ کراوە. بەرهەمە شیعرییەکانی پرۆژەی جیاوازن، کە دواترینیان لە شێوەی ڕۆژژمێرێکی شیعریدا چاپ کراوە، تا ئێستا دوازدە کتێبی بڵاو کردووەتەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

جا خۆ دڵ بە شەرتی سووری نییە
نیگار نادر

 

 

تەرمی ئەو هۆنراوەیەشیان نەدامەوە

وەک تەرمی چاوەکانی تۆ

بە بیانووی ئەوەی

کۆرۆنای بووە.

 

تکایە، نە ستایش بۆ گەرموگوڕیی دڵم و

نە سکاڵا لەسەر

داغبوون پێی بەرز بکەنەوە.

 

دووپاتی دەکەمەوە (با) مەدەنە دادگا

کوردبوونە وا

لقوپۆپی تێک شکاندووم.

 

هەڵبژاردنی ناوێ

گوارەکانم ڕادەسپێرم تا بەرگری

لە سووری و گەرمونەرمیی دڵم بکەن.

ژیان سەدان جار ناچاری کردووم

ببمە بەرد

لەگەڵ ئەوەی هێشتا

دڵم هەر قۆزاخەی پەمۆیە.

 

مانگ بە نیوە بووە

وەک من

لە شەبەنگ ناکەوێ

وەک تۆ.

 

مەترسن نووسەربوون، ناگوازرێتەوە

هەتا ئەگەر کەمامە نەبەستن و

دەستکێشیش لە دەست نەکەن

بەڵام سیاسەت وەک کۆرۆنا

لێک دەگیرێتەوە.

 

لە تیرۆر نا

بەڵام سەد هێندە لەوە دەترسم

دڵم بکرێتە گۆڕی تۆ.

 

مەینێرنە پزیشکی دادوەری

ئەو هۆزانە چاوڕەشەم

دڵنیاتان دەکەمەوە

دڵی گەرمی لە ناکاو ڕاوەستا.

 

ئەو کێوە جوامێرەش

دوور دەخەنەوە و بێبایەخ دەکەن

چونکە

نە لەبن دێ، نە دەبەزێ.

 

پابەندی ڕێنماییەکانیش نەبن

سزا نادرێن چونکە

کوردبوون، بەشکۆبوون، دڵسۆزبوون

لە کەسەوە بۆ کەس

ناگوازرێتەوە

 

لێیان خۆش بن

خۆ تا ئێستا دڵشکاندن نەچووەتە

ناو یاسای تێرۆرەوە

 

یاسای خانەنشینی نایانگرێتەوە

هۆزانەکانم

درووست وەکوو خۆم.

 

زۆربەی شت، بە ڕواڵەت و بە شەرتە

بەڵام شوکر بۆ خودا تا ئێستا

دڵ بە شەرتی سووری نییە.

 

دەمزانی باڵندەن چاوەکانت

بۆیە هەردەم چاوەڕێی

لە-پڕ-فڕین و

لە-پڕ-نیشتنەوەشیان دەکەم.

 

کاتێک تۆ دیار نی

دڵ زیادەیە

مەرگیش زیاتر لێم دەوەشێتەوە

لە ژیان.

 

 

 

٢٠٢٠