هەرگیز دەمم لە شەراب نەداوە

قەیس عەبدەلموغەنی

قەیس عەبدەلموغەنی/یەمەن

October 29, 2021

قەیس عەبدولموغەنی،  شاعیرێکی یەمەنییە، لەدایکبووی ٨ ی یەنایەری ساڵی ١٩٨٢ە، لە دوای ساڵانی دوو هەزارەوە دەنووسێت. سەرەتا بە چیڕۆک دەستی پی کردووە. دوو کۆمەڵە شیعری چاپکراوی هەن: ” وەرە سەر سینگم ئەگەر لە قەڵافەتی گوللەیەکیشدا بێت” و “قسان دەکەم و … هیچیش ناڵێم” 

 

 

 

 

هەرگیز دەمم لە شەراب نەداوە
قەیس عەبدولموغەنی
وەرگێڕانی دلاوەر قەرەداغی

 

 

 

قەت دەمم لە شەراب نەداوە
بەڵام تەواو بەو هەستە ئاشنام
کە بۆچی قەشە دوم پێریگنون
دوای یەکەم قوم لێدانە مێژووییەکەی لە شەمپانیا،
قریوەی شادمانی لێداوە
قەت ویسکیم تاقی نەکردووەتەوە
بەڵام بۆنیم لەو شیعر و ڕۆمانانەدا هەڵمژتووە
کە بلیمەتیی ویسکییان بەرهەڵدا کردووە
شتیشم لەبارەی چێژی براندییەوە بیستووە
لەبارەی جنێوی ڤۆدگا و هێزی تەکیلا..
لەبارەی ئەوەوە بیرە چی بە ورگی دەریاوانان و خەونەکانیان دەکا
لەگەڵ ئەوەشدا من پێشتر
دەمم بەر هیچ کامیان نەکەوتووە
بەڵام کاتێ ڕوخساری تۆ لە نزیکەوە دەبینم
کاتێ کە دەدوێیت و لە وردەکاریییەکانی ڕوخسارت ورد دەبمەوە
کاتێ قوم لە نەختێ زەردەخەنەت دەدەم
کاتێ بین بە زایەڵەی دەنگتەوە دەنێم
ئەوسا نەشوە دەمگرێ
لەتر دەدەم و
لە حەژمەت بیرچوونەوە قاقا پێدەکەنم

ئەگەر غەم بادە بێت
ئەوا غەمی من دەبێتە باشترین و گرانبەهاترین بادەی دونیا
مەیگێڕ لە بوتڵێکی سەوزی تۆخدا لە ژێرزەمینەکەوە دەیهێنێ
سەرەک عەسابەیەکی دەوڵەمەندی قێزەون،
بە مهیرەبانی لێی وەردەگرێ و
بۆ سیاسییەکی تا بینەقاقا نوقم لە فەساد؛
کە بە ساردوسڕییەکەوە پایپەکەی دەکێشێ،
ڕادەگرێ و پێی دەڵێ:
– تەماشا ئەم مەیە..!
ئەمە غەمێکی کۆنی هەڵگیراوە لە ساڵی ١٩٨٢ ەوەوە
تەمەنی لە تەمەنی دایناسۆرێکی هەرزەکاردایە،
یان هاوتەمەنی شاعیرێکە
لە هەڕەتی هەپروون بە هەپرووندایە!

خەونیکی سەیر بوو
بێوینە بەچێژ
هەمووان ئاهەنگیان بە بۆنەی ئەوەی کە وا پێدەچوو ڕزگاریی وڵات بێت، دەگێڕا
تایە و ئاڵای وڵاتانی نەیاریان دەسووتان،
پیادەڕۆکانیان نۆژەن دەکردنەوە و
قیری شەقامەکانیان لە پاشماوەی خوێن دەشۆرد
شەتڵیان لەو شوێنانەدا دەڕواند کە بە هاوەن چاڵ بووبوون
هەندێک پێدەکەنین و هەندێکی تریش دەگریان
بەڵام هەمووان کتوپڕ بێدەنگ بوون
کاتێ لەو ڕادیۆ و بڵندگۆیانەوە کە لە هەموو شوێنێک بڵاوبووبوونەوە،
چەند کۆپلەیەکیان لە پێکەنینەکەت لەمیانەی قسەوباسێکی دێرینمانەوە،
سەبارەت بەو کۆمارە نوێیەی بە ناوی تۆوە ناوی دەنێین، هاتە گوێ
ئەو کۆمارەی کە من یەکەم کەس دەبم
وەک هاوڵاتی خۆمی لێ قەید دەکەم و
یەکەم کەسیش دەبم لە پێناو پێکەنینەکەیدا
خۆمی بۆ بە شەهیدکردن دەدەم

بە شێوەیەکی تراژیدییانە حەوجەم بە وێنەیەکی ڕوونتری ژیانتە
حەوجەم بەو وردەکارییانەیە
کە لە قەرەباڵخیی ژیانی ڕۆژانەتدا خۆیان دەشارنەوە
حەوجەم بە نیگایەکی فریاگوزارانە بۆ ئەو شتانە هەیە
کە بەخت بۆ نزیکی تۆی هێنان
پیڵاوەکانت … جانتاکەت… تەنەکەی خۆڵەکەت
بۆیەی نینۆکەکەت… فڵچەی ددانەکەت
ناوی عەترەکەت
ڕەنگی سەرینەکەت
ئێستا من وەک مودمینێکی نابووتی هیرۆیین
لە حەژمەت تامەزرۆییم بۆت
لە ئازاردا پێچ دەخۆم
زۆرت لێ داوا ناکەم
تەنها دەمەوێ دەست لە نێوقەدتەوە بدەم
پەنجەی پێت ببینم
دەست لە پەنجەمۆری قامکی دۆشامژەت بدەم،
داوای پەرجۆت لێ ناکەم
تەنها دەمەوێ فەرمووم بۆ غەمت لێ بکەی
بە وەنەوزتم بناسێنیت
دەسوخەتتم بە عارەبی پیشان بدەیت
توڕەییتم بە ئینگلیزی بەسەردا بڕێژیت
دەمەوێ سنوورێک بۆ خایلەکانم دابنێیت و ڕاڤەی تامی گەردن و
هەروا پێکەنینەکەتم کاتێ لە مۆبایلدا چەنە دەدەی، بۆ بکەی
هێشتا دەگەڕێم بەدوای ڕێگەچارەیەکدا
تا ئەو بیرۆکەی وەهمە لاببا کە لەسەر ڕەفەکانی زەینم
دزەی کردووەتە ناو وێنە پرشنگدارەکەتەوە

دەزانیت قەشە پێریگنون دوای یەکەم قومی لە دۆزینەوەکەی چی گوتووە؟
بانگی برادەرە قەشەکانی کردووە:
دەی وەرن برایان، خێراکەن.
من تامی ئەستێرەم کردووە!

کەواتە تۆیش وەرە بۆ لام
لێگەڕێ لێوت لە قەفی دەممدا بتوێتەوە
منیش هەر وەک قەشە پێریگنون هاوار دەکەم
هاوڕێ کوژراو و گۆڕغەریبەکانم کۆ دەکەمەوە و پێیان دەڵێم:
–  دەی وەرن برادەران، خێراکەن
من خودام لە باوەش گرتووە.