چەقۆ و گۆرانی و بکوژەکەش تۆ بوویت؟

ڕاهۆز کامەران

ڕاهۆز کامەران/کوردستان

March 8, 2021

ڕاهۆز کامەران لەدایكبووی ساڵی 1994ـە لە شاری سلێمانی ودەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكان/بەشی شانۆیە. چەند ساڵێكە دەنووسێت و ناوبەناو لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا شیعر بڵاو دەكاتەوە. لە (فێستیڤاڵی گەلاوێژ)دا خەڵاتی شیعری بردووەتەوە. ڕاهۆز سەر بەو دەنگە شیعرییانەیە بە جەختەوە دەیەوێت سەبارەت بەو سەردەم و قۆناغە بنووسێت کە تێیدا دەژی، کە ڕێک ئەم ڕۆژەیە. بە جۆرێکی تر، ئەو پێی بە توندی لەسەر زەوی جێگیر کردووە و هەندێک جار دەیەوێت بە زمانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم ڕۆژگارە و زەوییەکەیدا بنووسێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

 

چەقۆ و گۆرانی و بکوژەکەش تۆ بوویت؟
ڕاهۆز کامەران

 

 

ئەی کەسێک، یان شتێک، یان ژنێک و پیاوێکیش پێکەوە،
کە دەبێت وا تێبگەم تۆ گشت شتێکت ڕێک خستووە و تەنانەت ئاگات لەم وشانەیە دوای ئەم وشانەم دێن، کە خۆم نازانم چین،

ئایا تۆ منداڵێکیت کە لە لەدایکبوون هەڵهاتیت، یان گەورەبوون؟

بەڕاست تۆ ئامادەییت هەیە؟

ئایا کە من دڵم شکا؟
کە شەوەکە لەسەر بانەکەوە لە ئەستێرەم دەڕوانی و کەوتمە خوارەوە،
مردم.
کە لەسەر بەلەمەکە، لی بای- بووم، شەرابم دەخواردەوە و پێم وا بوو مانگ هێندە نزیکە دەتوانم دەستی لێبدەم،
خنکام.
کە لە وان، گوێم لە گۆرانی دەگرت، چونکە کورد بووم کوشتمیان…

تۆ پلانت دانابوو من ئەو شەوە لەسەر بانەوە بۆ ئەستێرە بڕوانم؟
تۆ مانگت ئەوەندە نزیک هێنابووە پێشم؟
ئایا، تۆ بوویت بە هەستەکانم و بوویت بە گۆرانییەکە و بە گوێیەکانیشم و بە چەقۆی دەستی بکوژەکەشم؟
چۆن توانیت
مانگ و
خنکان و
ئەستێرە و
کوردبیت
لە یەک کاتدا!؟

 

ئەی کەسێک، یان شتێک، یان ژنێک و پیاوێکیش پێکەوە،
کە دەبێت وا تێبگەم تۆ گشت شتێکت ڕێک خستووە و تەنانەت ئاگات لە شتێکە یان خۆت هەر ئەو شتەیت، پاش نووسینی ئەم دێڕانە دێتە پێشم،
بەڕاست تۆ ئامادەییت هەیە؟