شیعر مرد

ڕێبین خدر/شاعیری کورد

July 25, 2019

 

 

ڕێبین خدر، لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ١٩٨٦ لە هەولێر لە دایک بووە. ئێستا نیشتەجێی ئەڵمانیایە. یەک کتێبی شیعریی بە ناوی “بە ١٤ ڕێگادا” هەیە. ڕێبین سەر بە دنیایەکی سووریالییە. لەم دوو شیعرەیدا، بە دوای پەیوەندییەکەیەوە، لە نێوان ئینسانەکان و شوێن، لە نێوان ئەدەبیات و واقیعی ڕۆژانەدا. لە شیعری یەکەمدا چیرۆکی ئینسان دەگێڕێتەوە و لە شیعری دووەمدا چیرۆکی شیعر. ئەو وردترێک لە بابەتێکی بەرباسی وەک (مەرگی شیعر) دەڕوانێت و لەم ڕووەوەیش دیسان هەر شیعر دەخولقێنێتەوە. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

قەسریین

خەڵکی فلیپینـە و تەمەنی بیستوشەش ساڵە

ئەوەندەی سکی خۆی نان، لە ماڵێکی دەوڵەمەندی ئوردنی کار دەکا، جل دەشوا

ئوردون دەشوا، ڕۆژهەڵات دەشوا

تۆپە هاروهاجەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا دەشوا- شمشێری شکاو

ناوبەناویش بەناو ئینتەرنێتدا، بە دوای پیاوی ناو خەونەکانیدا دەگەڕێ

ڕۆژانە لە بیستونۆ وڵاتی جیاجیاوە پیاوان دەستەدەستە

تەنیا ڕەسمی کێری خۆیانی بۆ دەنێرن

 

 

خەڵکی زیمبابۆیە تەمەنی بیستوشەش ساڵە

ئەوەندەی سکی خۆی نان، خشت دەنێتە سەر خشت، بەرلین دروست دەکا

پاریس دەڕازێنێتەووە، ئەورووپا لەسەر پێ ڕادەگرێ- سووپەرمارکێتی ژەهراوی

ناوبەناویش بەناو ئینتەرنێتدا، بە دوای ژنی ناو خەونەکانیدا دەگەڕێ

ڕۆژانە لە بیستونۆ وڵاتی جیاجیاوە ژنان دەستەدەستە

تەنیا ڕەسمی مەمکی خۆیانی بۆ دەنێرن

 

 

ئەو دوانە هەرگیز یەکتری نادۆزنەوە

کچەکە پیر دەبێ و ئوردن پیس دەبێ- ڕۆژهەڵات دەبێتە زبڵخانە

تۆپە هاروهاجەکان لە کۆڵان و گەڕەکان دوکان دادەنێن- شمشێر گەنج دەبێتەوە

 

 

ئەو دوانە هەرگیز یەکتر نادۆزنەوە

کوڕەکە پیر دەبێ و بەرلین کلۆر دەبێ، پاریس بە هەوادا دەچێ، ئەورووپا مێشێک دەیخوا

سووپەرماکێت دەبێتە شاعیر

 

 

ئەو دوانە ژنوپیاوی ناو خەونی یەکترن

ئەوەندەی سکی خۆیان نان،

هەرگیز یەکتری نادۆزنەوە

 

 

 

 

ئاگادارییەک بۆ ئەوانەی شیعری من دەخوێننەوە

 

لە فڕانکفۆرت لە مارکێتێک بووم، تەماتەم دەکڕی.

ملباریکێکی پڕچ-عەنتیکە لە تەلەڤزیۆن بۆڵاندی: شیعر مرد!

بە هەڵەداوان هەڵاتم تا بە پاس ڕێ بکەومەوە هامبۆرگ.

لە ماڵەوە تەنیا بە شیعرێکم ڕاگەیشتم بە حاڵ هەناسەی دەدا. باش بوو دراوسێ زۆڵەکانم لە هەڵگرتنی یارمەتییان دام، ئەوەندە قورس و زەبەلاح بوو، ناچار بووین هەندێک مانگ و پەپوولەی لێ دابگرین! ئنجا هەندێ گوڵی هەرچیوپەرچییش!

لە پەیژەکانەوە لێکدالێکدا شتمان لە شیعرەکە دەردەهێنا و لێمان فڕێ دەدا. درۆ ناکەم خاتوو کۆبس پەنجەرەیەکی ڕەنگاڕەنگی هێشتا-ژیان-تێدا-ماوی بۆ خۆی لە شیعرەکە دەرهێنا. مامۆستا مارک هەندێک پارەی لێ هەڵگرت، گوتی دەبێ زوو بیگۆڕمەوە تا بەسەر نەچووە. ڕێناتا، کە کچۆڵەیەکی جوانکیلەیە، هێشوویەک خشڵی لێ دەر‌هێنا و لەبەر چاو ون بوو. موحەمەد ئەفغانی ئۆتۆمبیلێکی لێ دەرهێنا. ئیدواردی پیر دڵی چووە سەر وەزن و قافیەیەکی شکاو و گوتی چاکی دەکەمەوە، بەشکوو بۆ دوعایەک بەکاری بێنم!

مێشێل دەمانچەیەکی لە شیعرەکە دەرهێنا و یەکەم فیشەکی بە بەیانییەوە نا. بەیانی خۆر بە دەموچاویدا چۆڕایەوە و کەوتە سەر چۆک. خاتوو سارا ئازادییەکی کەڕەکیفەهەڵێناو و کرملێدراوی بۆ خۆی هەڵگرت، گوتی دەیدەم بە باپیرەم، ئەو ڕەنگە بۆ خۆی بیکات بە داهۆڵ.

تا گەیشتینە باخچەکە، شیعرەکە کێشی ئەوەندە سووک، تەنیا دەرگەیەک و گۆڕێکی تێدا مایەوە، دەرگەکەم داخست و خۆم هەڵدایە ناو گۆڕەکە.

ئەوا لەناو گۆڕەکە ڕاکشاوم. ناتوانم ئیتر شیعر بنووسم. تاریکستانێکە هەر مەپرسن.

بەڵام تا بڵێی ئاسوودە!