کتێبی غەزەلەکانی ڕومی بە ناوی سوڵتانی من بڵاو دەبێتەوە

بەرگی کتێبی سوڵتانی من، ڕومی، وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە

June 8, 2018

ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ـی ٦ـی ٢٠١٨، کاتژمێر ٣ـی دوانیوەڕۆ، کتێبی “سوڵتانی من” کە بریتییە لە غەزەکانی مەولانای ڕومی بە وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە بڵاو دەبێتەوە.

کتێبی “سوڵتانی من” لە لایەن کتێبخانەی یادگارەوە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، بریتییە لە سی بۆ چل غەزەلێکی ڕومی، کە هاوکات هێندێک لە غەزەلەکان شەرحیان بۆ دانراوە. لە کتێبەکەدا پاشکۆیەک هەیە بە ناوی شەرحی ڕومی، هەروەها سەربوردەی نێوان شەمس و ڕومی، هەروەتر نووسینێکی وەرگێڕ بە ناوی قەڵەوێک لەسەر بان، کە سەبارەت بە دوو بابەتی جیاواز لە ئەدەبیاتی مەولانادا نووسیوتی، ئەوانیش سەربان و قەڵەوین لە غەزەلەکاندا ڕومیدا. کتێبە ٢٦٠ لاپەڕەیە و بە نرخی چوار هەزار دینار دەفرۆشترێت. کتێبخانەکە بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبەوە، لە ٪٣٠ داشکانی بۆ کتێبەکە و سەرجەم کتێبەکانی کردووە.

لە پێشەکیی کتێبەکەدا هاتووە:

 

من لەم وەرگێڕانەدا، هەم ویستوومە ئەمانەتپارێز بم، هەمیش دەقێکی کوردیی کلاسیک بخەمە ڕوو. دیارە لە بابەت وەرگێڕانی شیعری کلاسیکەوە باس لە ئەمانەتپارێزی بکەین شتێکی سەیر و کارێکی قورسیشە، بەڵام پێم خۆش نەبووە، کاتێک بە دەقی وەرگێڕاوی ڕومیدا دەچمەوە، فارسییەکەی فەرامۆش بکەم و تەنیا کار لە کوردییەکەیدا بکەم، هەڵبەت ئەگەر کەسێک وا بکات- کە لێرەولەوێ بینیومە و و زۆر جوانیش دەرچووە- ئاسایییە، بەڵام من سەبارەت بە وەرگێڕانەکەی خۆم، حەزم کردووە خوێنەر شیعرێک بخوێنێتەوە، کە ڕومی نووسیویەتی/ یان گوتوویەتی، نەک شیعرێک کە من نووسیبێتم/ یان من مەبەستم بێت. لەم ڕووەوە جەختم لەسەر ئەو وشە و جۆری ئەو دەربڕینانە بووە، کە ڕومی بە جەختەوە دایناون، تا لە کوردییەکەیدا لە شوێن و بە شێوەی گونجاو، لێ وەک خۆیان دایان بنێمەوە. کورتەی مەبەست ئەوەیە: تەنیا پەخشانێکی کوردیم دانەڕشتووەتەوە و بە بیانووی کلاسیکبوونەوە دەقە بنەڕەتییەکە فەرامۆش بکەم، دیارە ئەمە کارەکەی بۆ سەختتریش کردووم. هەربۆیە کاتێکیش شەرحم بۆ ئەم غەزەلانە داناوە/وەرگێڕاوە، بە پێی دەقە فارسییەکان بووە و لەگەڵ کوردییەکەیشدا- وشەبەوشە- کۆک و تەبایە، بەم جۆرە خوێنەر زیاتر لە واتا و مەبەستی ڕومی نزیک دەبێتەوە.

 

لە کلاسیکی کوردیدا دەربڕین و وشەی فارسی، عەرەبی و بگرە تورکییش ڕێپێدراو بوون. بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەم دەقانە، بۆ ئەوەی زیاتر بۆنوبەرامەی دەقی کلاسیک بدەن، جارێکی تر کلاسیکانی کوردیم خوێندوونەتەوە و سەرنجم لە وشە و دەربڕینەکانیان داوە. ئەو وشانەیش کە لە وەرگێڕانەکەمدا هاتوون و هیی زمانانی دیکەن، هەوڵم داوە- هەروەک چێژێکی ئەدەبی و بەرچاوڕوونیی تێکستەکان- لە پەراوێزدا نموونەیان بە شیعر لە کلاسیکی خۆماندا دابنێمەوە، کە ڕەنگە بۆ خوێنەریش چێژبەخش و هاوکات سوودبەخش بێت.

 

نموونەیەک لە کتێبەکەوە کە هاوکات ناونیشانی کتێبەکەیش هەر لەم غەزەلەوە وەرگیراوە:

سوڵتانی منی، سوڵتانی منی
لەناو دڵ و گیان، ئیمانی منی
لە مندا هەڵبێی، زیندوو دەبمەوە
یەك گیان چییە، سەد گیانی منی
بێ تۆ نانی من، ژەهرە نەوەك نان
هەم ئاوی منی، هەم نانی منی
ژەهری تۆیە، دەرمانی منە
قەند و شەكەری، شایانی منی
باخ و چەمەن و، فیردەوسی منی
سەرڤ و سەمەنی، خەندانی منی
هەم شاهی منی، هەم ماهی منی
هەم لەعلی منی، هەم كانی منی
من گرتم زارم، تۆ شەرحی فەرموو
چونكە بە گوتن، بورهانی منی