مەرکانەیەک ئاوی سازگار

تایگوو یۆکان/شاعیری کلاسیکی ژاپۆنی

October 17, 2021

تایگوو یۆکان(١٧٥٨-١٨٣١) شاعیری گەورەی ژاپۆن، وەک ڕاهیبێکی بوودیی بێدەنگ و گۆشەنشین ژیا. ئەمڕۆ بە شیعر و هایکۆ و خۆشنووسییەکانی بەناوبانگە. زۆربەی شیعرەکانی بۆ ڕووداوێک نووسیون و بە سادەترین دەربڕینەکان چنراون. یاسوناری کاواباتە دەڵێت: شیعری یۆکان دەربڕی هەستەکانی ژاپۆنی کۆنە.– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

مەرکانەیەک ئاوی سازگار
تایگوو یۆکان
و. لە ئینگلیزییەوە: ڕەوا هەژار

 

 

لێ دەگەڕێم دنیا بە دوای خۆیدا ڕابکات

زۆر لەوە تەممەڵترم هیچ ئارەزوویەکم هەبێت
لێ دەگەڕێم دنیا بە دوای خۆیدا ڕابکات.
بەشی دە ڕۆژ برنج لە پریاسکەکەمدایە؛
بڕەدارێکیش لای ئاگردانەکەیە.
چیم داوە لە زۆربڵێییی غەفڵەت و ژیری؟
گوێ لە بارانەشەوی سەر گوێسوانەکە دەگرم
ئەرخەیان دادەنیشم و هەردوو قاچمی لێ ڕادەکێشم.

 

گەڕانەوە بۆ گوندەکەم

لە دوای چەندین ساڵ دووری دەگەڕێمەوە گوندەکەم؛
لە یەکێک لە مەیخانەکان لا دەدەم و گوێ بۆ دەنگی باران هەڵدەخەم.
هەمەونیمە چۆغەیەکی درێژ و کاسەیەکە.
بخوردێک دادەگیرسێنم و خەیاڵ هەڵم دەگرێت؛
تێکڕای شەوەکە لە دەرەوەی پەنجەرە تارەکە بە کاوەخۆ نمەبارانە
لەناویشەوە، یادەوەریی ساڵە دوورودرێژەکانی زیارەت ڕێژنە دەکات.

 

هەڵزنین

تۆ پێویستە سەر بکەویتە سەر
ئەو هەورە تاریکانەی
کەوتوونەتە سەر لوتکەی شاخەکە
ئەگەرنا، چۆن دەتوانییت چاوت بە ڕووناکییەکە بکەوێت؟

دزکە لە دوای بە جێ ما
دزەکە ڕۆیشت و
مانگی لەبەر پەنجەرەکەمدا
لێ بە جێ ما.

 

سواڵ
ئەمڕۆیش لە سواڵکردن بوومەوە
لە دووڕیانەکەدا، لە نزیک مەزاری هاچیمان
قسە لەگەڵ هەندێک منداڵدا دەکەم.
ساڵی پار ڕەبەنێکی گەوج بووم
ئەمساڵیش هەر وام.

 

گرنگ نییە
گوڵەکان بێ هیچ بیرکردنەوەیەک پەپوولەکان فریو دەدەن؛
پەپوولەکانیش بێ هیچ بیرکردنەوەیەک دەچنە لای خونچەگوڵەکان.
کەچی وەختێک گوڵەکان شکۆفە دەکەن، پەپوولەکان دێن و
وەختێکیش پەپوولەکان دێن گوڵەکان شکۆفە دەکەن.

 

میرات
میراتەکەم چی بێت؟
لە بەهاردا گوڵەکان،
لە هاویندا کڵاوکوڕە،
لە پاییزیشدا
ڕەنگی ئاڵی درەختی ئسفەندانی.

 

تەماشای خەڵکی دەکەم لەو جیهانە
تەماشای خەڵکی دەکەم
ژیانیان فڕێ داوەتە ناو تەماحی شتەکانەوە،
ئەوەی هەرگیز بۆیان نایەتە دی ئارەزووەکانیانە،
تا دێت زیاتر نغرۆی قووڵاییەکانی مەلەل دەبن و
ئەشکەنجەی خۆیان دەدەن.
تەنانەت ئەگەر ئەوەی دەیانەوێت بە دەستی بهێنن
داخۆ چەندێک دەتوانن لەزەتی لێ بەرن؟
بۆ لەزەتی تاقەبەهەشتێک
ئازاری دە جەهەننەم دەکێشن
تا دێت زیاتر دەکەونە نێوان بەردئاشەکانەوە.
ئەوانە وەکوو مەیموون وەهان
شیتانە پەلاماری مانگی ناو حەوزەکە دەدەن
تا دەکەونە گێژاوێکەوە.
چەندە بێکۆتا ئازار دەچێژن ئەوانەی کەوتوونەتە ناو ئەم دنیا سەراوکەوتووەوە.
سەرباری خۆم، شەوانە لەبەر ئەوانیش تووڕە دەبم و
ناتوانم خوڕەی فرمێسەکەکانم ڕابگرم.

 

شلێری ئاوی
شلێری ئاوی لە پێشدا لە بەهەشتەکەی خۆرهەڵاتدا گوڵی گرت
پشتاوپشتی ئێمەی بەختەوەر کردووە.
پەڕەی خونچەکانی بە شەونم سەرپۆش کراون
گەڵا قەرسیلییەکانی بەسەر گۆمەکەدا باڵیان کردووەتەوە،
بە بۆنخۆشییەکی خالسەوە بەر بایەکە دەکەون.
بە فێنکییەکی سیحراوی سەر ئاوە لێڵەکە کەوتوون.
خۆر لە پشتی شاخەکانەوە ئاوا دەبێت
بەڵام من لە تاریکییەکەدا دەمێنمەوە و توانای ڕۆیشتم نییە.

 

خەونەکان
لەم دنیا خەونییەدا
وەنەوز دەمانگرێت و
دەربارەی خەونەکان گفتوگۆ دەکەین
بخەون
چەندێک ئارەزوو دەکەن خەون ببینن.

 

لە خوار گوندەکەوە
لە خوار گوندەکەوە
ناڵەی
تەپڵ و نەی دێت،
لێرە لە قووڵاییی شاخەکەدا
لە هەموو شوێنێکەوە
دەنگی سنەوبەر دێت.

 

ئەرخەوان
لە قووڵاییی دۆڵەکەدا جوانییەک خۆی شاردووەتەوە:
هێمن و بێهاوتا، بێ بەروارد شیرین.
لە سێبەری وەستاوی مێرگی قامیشەڵانەکەدا
وەک بڵێیت بە نەرمی هەناسە بۆ دڵدارەکەی هەڵدەکێشێت.

 

بۆ مامۆستاکەم
گۆڕێکی دێرینە کە لە دامێنی گردێکی وێڵدا شاردراوەتەوە
بووە بەژێر رستێک گژوگیای پشتگوێخراوی چەندساڵەوە؛
کەس نەماوە ئاگاداری گۆڕەکە بێت،
مەگەر جاروبار داربڕێک لێرەوە بڕوات.
من جاری جاران بە قژێکی شێواوەوە خوێندکاری بووم،
لەسەر ڕووبارەکە بە قووڵی لێوەی فێر دەبووم.
بەیانییەک هەستام و بوومە موسافیرێکی تەنیا
ساڵەکانیش بە بێدەنگی بە نێوانماندا تێپەڕیین.
ئێستا گەڕاومەتەوە و ئارامگەکەیم لێرە دۆزییەوە؛
چۆن بتوانم ڕێزێکی شایستە لە مردنەکەی بگرم؟
جامێک ئاوی پاک دەڕێژم بەسەر کێلی گۆڕەکەیدا و
نوێژێکی بێدەنگی لەسەر دەخوێنم.
خۆرەکە کتوپڕ لە پشتی گردەکەوە ون دەبێت و
دەورم بە گڤەبای ناو سنەوبەران ئابڵووقە دەدرێت.
هەوڵ دەدەم خۆم لەو ناوە دوور بخەمەوە بەڵام ناتوانم
لافاوێک فرمێسک سەرقۆڵەکانم تەڕ دەکات.

 

وەکوو جۆگەلەئاوێکی باریکەلە
وەکوو جۆگەلەئاوێکی باریکەلە
کە ڕێی خۆی بەناو
کەلێنە قەوزەگرتووەکاندا دەدۆزێتەوە
منیش هەروا بێدەنگ
ڕوون و ڕۆشن دەبمەوە.

 

پێویستت بە شتومەکێکی ئەوتۆ نییە
ماڵەکەم لە قوڵترین پارچەی دارستانەکەدا نێژراوە
هەموو ساڵێک لاولای مێوەکان لە ساڵی پێشوو زیاتر پەل دەهاون.
دوور لە هەموو ئاشووبەکانی دنیا ژیانێکی خۆش و ئاسان دەژیم،
بە دەگمەن لەناو دارەکانەوە گوێم لە گۆرانیی داربڕەکان دەبێت.
لە وەختێکدا خۆر بە ئاسمانەوەیە، پۆشاکە دڕاوەکانم دەدروومەوە
شەوانیش ڕوو دەکەمە مانگ و بە دەنگی بەرز دەقە پیرۆزەکان بۆ خۆم دەخوێنمەوە.
ڕێگە بدەن پەندێک بدەم بە گوێی شوێنکەوتووانی دینەکەمدا.
بۆ ئەوەی لەزەت لە گەورەییی ژیان ببەیت، پێویستت بە شتومەکێکی ئەوتۆ نییە.

 

کاتی بەیانی
بەیانیان سڵاو لە هەموان دەکەم؛
ئێوارانیش سڵاو لە هەموان دەکەم.
تاکەئەرکی سەرشانم ڕێزگرتنی ئەوانی ترە-
دروود بۆ بۆهدیسوتڤا کە هەرگیز سووکایەتی بە کەس ناکات.

تاکوتەنیای ئاسمان و زەوی.

ڕەبەنی ڕاستەقینە
تەنیا یەک شتی پێویستە
دڵێک وەکوو دڵەکەی بۆهدیسوتڤا.

 

بۆ ئەو منداڵانەی بە دەردی ئاوڵە مردن
کە بەهار هات
لەسەر پۆپکەی هەموو درەختێکەوە
گوڵەکان خونچە دەکەن
بەڵام ئەو منداڵانەی
کە لەگەڵ گەڵاکانی پاییزی ڕابردوودا ڕۆیشتن
هەرگیز ناگەڕێنەوە.

 

ڕووەو ئاسمان دەوەستیت تا ئاماژەیەک بۆ مانگ بکەیت
ڕووەو ئاسمان دەوەستیت تا ئاماژەیەک بۆ مانگ بکەیت
بەڵام هەتا مانگ نەدرەوشێتەوە پەنجە هیچی لە دەست نایەت.
مانگێکی تاقانە و یەک پەنجەی غافڵی درێژکراو-
داخۆ ئەمانە دوو شتن یان یەکێکن؟
پرسیارەکە پەندێکی ڕێنیشاندەرە بۆ ئەو بێخەبەرەی
کە کەوتووەتە ناو تەمومژی نەزانییەکی چڕوپڕەوە.
قووڵتر بڕوانە. نهێنییەکە خۆی جاڕ دەدات:
لە هیچێتی زیاتر- کوا پەنجە، کوا مانگ.

 

کاسە دارینە درزبردووەکەم
ئەم گەنجینەیەم لە مێرگێکی قامیشدا دۆزییەوە
کردم بە کاسە و بە ئاوی کانییەک جوان شتم و دەستێکم پێدا هێنا.
بەیانیان دوای نوێژ، تریتێکی تێدا دەخۆم؛
شەوانیش بە شۆربا و برنج لە خزمەتمدایە.
درزاوی و شڕ و سواو و کۆست-کەوتوو
بەڵام هەتا بڵێیت ئەسڵزادەیە.

 

تێیشین
هەر هەناسەم هەڵدەکێشا و دەمگوت “داخۆ کەی دێت؟”
لە دواجاردا تەمەنناکەم هاتە دی
ئەوەی خۆشم دەوێت ئێستا لە لامەوەیە
بە هاتنی ئەو
ئیدی من لەهیچم کەم نییە.

 

چۆن بتوانم بخەوم
لە وەها مانگەشەوێکدا من چۆن خەوم لێ دەکەوێت؟
وەرن برادەران،
با هەموو شەوەکە گۆرانی بڵێین و
هەڵپەڕین.

 

چلەی هاوین
چلەی هاوینە و خۆم و گۆچانەکەم ڕێ دەکەین.
جووتیارە بەساڵاچووەکان لە دوورەوە دەمبینن و
بانگم دەکەن تا خواردنەوەیەکیان لەگەڵدا بخۆمەوە.
لە کێڵگەکاندا دادەنیشین و
گەڵاکان دەکەین بە دەفر.
بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە خۆشخەیاڵ دەبم و
بە هێمنی دەکەومەوە ڕێ و
لە مەرەزەی گوێ چەمێکدا لێی ڕادەکشێم.

 

ئاوێزانی با
بەفرەکە بە باوە تەپونم دەبارێت؛
با ئاوێزانی بەفرەکە دەبێت و دەکەوێتە گڤەگڤ.
لە نزیک ئاگردانەکەوە هەردوو قاچم ڕادەکێشم و
لەم کوخەدا دەست دەکەم بە کاتکوشتن.
وەختێک ڕۆژەکان دەژمێرم
تەماشا دەکەم مانگی شوبات
وەکوو خەونێک
هاتووە و تەنانەت ڕۆیشتووشە.

 

کاتی هەموو خەیاڵەکان
وەختێک خەیاڵبڕاو دەبم
خۆم دەخزێنمە ناو دارەکانەوە و
بڕێک سەوزەوات کۆ دەکەمەوە

 

گیاکان و گوڵەکان
لەمەودوا هەموو ئەو گوڵ و ڕووەکانەی
لە دەوری کوخەکەمدا چاندوومن و گەورەم کردوون
دەسپێرم بە نییەتەکانی با.

 

بۆ کردنەوەی ئاگرێک
بۆ ئەوەی ئاگرێک دابگیرسێت،
کزەبایەکی پاییزی
باوەشێک گەڵای وەریوی کۆ کردەوە.

 

بەڵێ، بەڕاستی من دەبەنگم
بەڵێ من بە تەواوی گەمژەم
لەگەڵ دارودرەختەکان و ڕووەکەکاندا دەژیم.
تکایە دەربارەی وەهمەکان و فەلسەفەکان هیچ پرسیارێکم لێ مەکە-
من پیرەپیاوێکم و تەنیا دەمەوێت بە دەم خۆمەوە پێبکەنم.
بە دوو قاچی باریکەوە لە ڕووبارەکان دەپەڕمەوە و
مەرکانەیەک ئاوی سازگاری کانییەکی بەهارەم پێیە.
ئەمە هەموو ژیانی منە و
هیچ قەرزێکم لای دنیا نییە.