شیعری وریا و چارەنووسی تاریکی ئەو

وریا مەزهەر/شاعیری کوردفارس- فۆتۆئاڕت: ئاریان ئەبووبەکر، (تایبەت بۆ ڕەخنەی چاودێر)

October 29, 2018

لێرەدا گوتارێکی عەلیڕەزا زەڕڕین دەخوێننەوە، کە تایبەت بۆ ماڵپەڕی باڵندە، لە مەڕ ژیان و بەرهەمی وریا مەزهەرەوە نووسیویەتی. عەلیڕەزا زەڕڕین شاعیر و ڕەخنەگرێکی فارس، بە ڕەگەز کوردی کرماشانە. ئەو دووربەدوور، بە شێوەی ئینتەرنێتی و لە ڕێی تەلەفۆنەوە وریا مەزهەری ناسیوە. ناوەڕۆکی گوتارەکە، دەربڕی بۆچوونەکانی نووسەرە و پەیوەندیی بە تێڕوانینی ماڵپەڕی باڵندەوە- سەبارەت بە ژیانی وریا مەزهەر، نییە. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

چارەنووسی تاریک و بەرهەمی درەخشانی وریا مەزهەر: وریای مەرگ و ژیان
عەلیڕەزا زەڕڕین
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شاڵاو حەبیبە

 

 

 

لە کاتی قسەکردن دەربارەی وریا مەزهەر، ئێمە لانیکەم هەمیشە لەگەڵ دوو وریادا ڕووبەڕووین: وریای ئافرێنەری شیعر و چیرۆکی درەوشاوە و وریای نائومێد و تەنیا، هەر ئەو وریایەی گوایە لە چەند ساڵی کۆتاییی تەمەنە کورتەکەیدا نەخۆش بوو و نەخۆشتر کەوت و سەرئەنجام بەرەو لەناوچوون هەنگاوی نا. بەرزڕاگرتنی یادی وریای نووسەر ئاسان، بەڵام هەمیشە لەگەڵ خەم و کاریگەریدا ڕووبەڕووە، چونکە وریای نەخۆش و نەخۆشییەکەی وریا، سەرئەنجام لە پەلوپۆی دەخەن و کۆتایی بە ژیانی دەهێنن. من هەرگیز وریام- بەو جۆرەی کە دەبوو- نەبینی و نەمناسی و تەنیا لە ڕێگەی قسەکانی یەکێک لە هاوڕێیەکانییەوە، بە ناوی کیوومەرس پارسایی بوو، کە پاش مەرگی، ئاشنای چەند بەشێک لە حەقیقەتی ژیانی وریا بووم. ئەوکات کیوومەرس ڤیدیۆیەکی لە یووتیووبدا- کە لەسەر گۆڕی وریا بوو- بڵاو کردبووەوە، پاش بینینی ئەو ڤیدیۆیە ئەم بابەتێکم بۆ هێندێک لە هاوڕێیەکانم نارد، کە دەمزانی وەکوو من چەند وریایان خۆش دەوێت: ئەمڕۆ بەیانی کە بە چاوانێکی کراوەتر و زەینێکی ڕووناکترەوە بیر لە قسەکانی کیوومەرس دەکەمەوە، دەزانم زیاتر لە ڕووی هاوڕێیەتی و سەرسامی و جۆرێک لە کەشفی وریاوە بووە. (لە ڤیدیۆیەکەدا- هێندەی بیرم مابێت- بۆ نموونە باسی وریا دەکات کە لە پڕ لە ناوەڕاستی جادەدا دەچێتە سەر ئۆتۆمبیلێک و میز دەکات./و.ک) ئەو وریای بە کەموکوڕییەکانییەوە خۆش دەوێت و بە شایەنی ئەوەی دەزانێت کە ڕۆژێکی نیوەسارد، کە بایش تێیدا سەرگەردانە، بە دەوری گۆڕی ئەم شاعیرە نائارامەدا بسووڕێتەوە و بیرەوەرییەکانی خۆی، هاوڕێیانە بخاتە ڕوو. نزیکبوونەوە لە خاڵگەلێک لە وریای واقعییەوە، بۆ من، کە ئەوم لە نزیکەوە نەدەناسی، بە چەند لایەکدا سەرنجڕاکێش بوو و قسەکانی کیوومەرس- هەرچەند کە تێیدا جۆرێک “ئاشکرایی وریا” شارابووەوە، بەڵام ڕاستەقینە دەیان نواند. بۆچوونی من لە بارەی قسەکانی کیوومەرسەوە و قسەگەلێک کە لێرەولەوێ لە هاوڕێیانی ئازیزی ئەوم بیستوون ئەوەیە کە بەهەرحاڵ وریا کەسێکی موعتاد بوو، هەروەها گیرۆدە بە نەخۆشییەکەوە کە لە ڕێگەی دەرزیی ئاڵوودەوە بۆی گوازرابووەوە و پتر ئەوی ڕۆ چواندبووە ئاڵوودەبوونەکەیەوە بە ماددەی هۆشبەر و بێچارەی کردبوو. ئەم قسەیەی من توندوتیژ و بێڕەحمانە و سارد دەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر ئەو هەرگیز بەرەو ڕزگاربوون لە ماددە هۆشبەرەکان هەنگاوی نەنایە، یان بەردەوام هاوکاریی نەکرایە کە دوور بکەوێتەوە، ژیانی ڕۆژبەڕۆژ بۆ خۆی و خانەوادەکەیشی دژوارتر و پڕکێشمەکێشتر و تاریکتر دەبوو. ئەوانەی لە بارەی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانەوە توێژینەوەیان کردووە، یان ئەم جۆرە ژیانەیان ئەزموون کردووە و ڕزگاریان بووە، دەزانن چارەنووسێکی چەند شوومی هەیە کە زۆر جار دەگاتە بەندیخانە و خۆکوژی یان کوشتن و ئازاردانی ئەوانی تر و یانیش شێتبوونی کەسەکە.

 

 

وریا سەرئەنجام بە جۆرێک خۆی کوشت. لە لایەکی ترەوە هەڵبەت بۆ هاوڕێیانی نزیک و “نائەدەبیی” وریا و خانەوادەکەی، بە سەختی ئازاردەرە کە کەسێک لە باسی وریادا بەم جۆرە لە بارەی کەموکوڕییەکانی و بە دەربڕینێکی تر، لە خاڵە لاوازەکانی بدوێت. لەوانەیە ئەوان ئینکاری بکەن و بیشارنەوە، بەڵام موعتادیی وریا و ڕەفتاری موعتادانەی ئەو، بۆ کەسانێک کە لە نزیکەوە دەیانناسی و بە تایبەت کە لە قۆناغێکدا لەگەڵیدا هەستابوون و دانیشتبوون، شاراوە نەبوو.

 

بەم پێیە، هەر جارێک کە بیر لە وریا دەکەمەوە، هەمیشە بەداخ دەبم، کە توانایەکی وەها درەخشانمان، لە ساڵەکانی سەرەتای گەنجێتییدا لە دەست دا و ئەو ئیتر لە نێوان ئێمەدا نییە، کە بنووسێت و گەشە بکات و ئاسۆی تازەتر لە خەیاڵ و شیعر و ئافرێنەریمان لە بەردەمدا بکاتەوە. وریا زۆر زوو ڕۆیشت، بەبێ ئەوەی بزانین چۆنە و دەتوانین چیی بۆ بکەین. کەواتە من ببوورن کە سەرەتا بیر لەوە ناکەمەوە کە وریا چی یادگاریی جوانی بۆ ئێمە بەجێ هێشتووە، بەڵکوو خەیاڵم لای ئەوەیە کە نەخۆشییەکەی چۆن بووە هۆکاری ئەوەی سەرئەنجامێکی تراژیک و ئازارهێنەری بۆ خۆی و خانەوادە و هاوڕێیەکانی هەبێت.

 

سەد حەیف و مخابن کە ئەوم هەرگیز لە نزیکەوە نەبینی. وا بزانم پەیوەندیی ئێمە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی پێ کرد. هەڵبەت چەندساڵێک پێش ئەمە هاوڕێیانێکی هاوبەشمان هەبوو- دوکتۆر پەیمان وەهابزادە و نانام– کە بوون و شێوازی کاریان، ئێمە و وریای لە یەک ڕەوتی ئەدەبیدا دادەنا. ئەمە لە قۆناغێکدا بوو، کە نووسەران و شاعیرانی دوورەوڵات و کۆچەری ئێرانی، تازە وە خۆ هاتبوونەوە. کەمکەم غوباری ساڵانی درێژی دووری لە نیشتیمان سپێتیی خستبووە قژیانەوە. باسگەلێک سەبارەت بە ئەدەبیاتی کۆچ سەریان هەڵدابوو و تەنانەت بڵاوکراوەگەلی ئەدەبیی ناو ئێرانیش لەم باسانەدا بەشدارییان دەکرد. هاتوچۆی نووسەران و شاعیرانی وەک شاملوو، ئاتەشی، گۆلشیرییش بووبووە هۆکاری ئەوەی نموونەگەلێک لە کاری شاعیران و نووسەرانی دەرەوەی وڵاتیان، بکەوێتە بەر دەست.

 

بەڵێ، لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا وریا کتێبی «چنینەوەی کوارگ بە فنلەندی»ـی بۆ ناردم، بە پێشکەشنامەیەکی جوان و میهرەبان بە خەت و واژۆی خۆیەوە: «بۆ هاوڕێی شاعیر و نووسەر، دوکتۆر عەلیڕەزا زەڕرین، کە شیعرەکانیم زۆر خۆش دەوێن.» من ئەم چیرۆکانەم بە تامەزرۆیییەوە خوێندنەوە و ساڵی دواتر، لە ٢٠٠٧ـدا لە گوتارێکی درێژدا بۆ “ئارەش”ـی ژمارە ١٠٠، بە سەرنووسەریی پەرویز قلیچخانی، کتێبەکەی وریام وەک نموونەیەکی باش لە چیرۆکنووسیی کۆچ ناساند، هەروەتر وەک نموونەیەک لە ئەدەبیاتی نوێ لە دەرەوەی وڵاتدا. پاشان زیاتر لەگەڵ وریادا ئاشنا بووم، لە ڕێگەی هاوڕێی ئازیز دوکتۆر پەیمان وەهابزادەوە. لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا، لەگەڵ وریا و چەند نووسەر و شاعیرێکی دیکەدا، مێزگردێکمان بە ناونیشانی جیهانیبوونی ئەدەبیات ئەنجام دا، کە هەڵبەت ئینتەرنێتی بوو، لە چەند شوێنێکیشدا بڵاو بووەوە. وریا لە کۆتاییی باسەکەدا بە ئێمەوە پەیوەست بوو، بەڵام بوونی بەنرخ بوو. قسەکانی بەبێ ئەملاوئەولا دەکردن. وریا بێگومان ئەندامێک بوو لە ڕەوەندێک کە سەر بە ئەدەبیاتی فارسی بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات، یان بە شێوەیەکی گشتی بەشێک لە ئەدەبیاتێک بوو، کە لە ئاستێکی جیهاندا هەنگاویان دەنا: ئەدەبیاتێک سەخت دەرگیری واقعییات و وردەکاری و ئەزموون و ئەنجامدان و تەفسیر و نمایشی دژبەیەکییە تەنزئامێزەکانی- ئەدەبیاتی ناڕازی، هەندێک جار توندوتیژ، هەندێک جار میهرەبان، هەندێک جار ناعاشقانە و هەندێک جار عاشقانە، هەندێک جار جیهان-لە-تۆوی-خەشخاشدا-بینین و تاوتوێکردن و هەندێک جار تێکڕای جیهان و بە تەنیشت ئەوەیشەوە جێگونجانی هەستێکی لە “ڕەزامەندیی بوونی مرۆیی” نەبوو. شیعرێکی شەڕکەر لەگەڵ خۆی و ئەوانی تردا و بێکڕنۆش لە بەرامبەر ئەوەدا، کە سوننەتی و ئاسایی بوو. شیعرێک کە پەسنوەرگر نەبوو و ئەسڵەن جۆرێک دژەشیعر بوو و هەر چەشنە ئوتوریتەی شیعری و بوتیقایی بە هیچ دەزانی، تا خۆی دروست بکات و فام بکات و تێ بگات و تێ بگەیەنێت. ڕێک دژی ئەو دیاردەیەی کە بە ناوی شیعر ناسراوە و دەرخواردی خەڵکی دەدرێت، چونکە هەناسەدان تەنیا لە هەوای کراوە و تازەدا بۆی مەیسەر دەبێت. وریا بەرەو ئەم جۆرە شیعرە هەنگاوی دەنا و/ هەڵهێنابوو. دیسان بێئەندازە حەیف؛ خەمی من هەم لەوەیە کە شاعیرێکی ئێرانیم کە بە فارسی دەینووسی و جوان دەینووسی لە دەست داوە و هەمیش شاعیرێکی کورد، چونکە بەو بەشە لە ڕەگەزم کە کوردە شانازی دەکەم. بە پێی گوتەی شادڕەوانی باوکم، باوباپیرانی باوکیم، لە ناوچەی کەمرە و کەزازدەڕڕە لە تەنیشت چۆمی گاماسیاب لە نزیکی کرماشان، لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا بۆ کرماشان کۆچیان کردووە. بەڵام بۆچوونی من ئەوەیە: وریایەک کە من دەمناسی دەرگیری هیچکام لەم دەمارگیرییانە نەبوو، مەگەر دەمارگیرییەک کە نەخۆشییەکەی لە کۆتاییی تەمەنە کورتەکەیدا بەسەریدا دابێت. شیعری وریا سادە و ڕوونە و هاوکات شایەن بە بیرلێکردنەوە و قووڵڕوانینە.

 

سەرئەنجام ژیانی وریا، سەرەڕای سەرکەوتنەکانی لە شیعر، چیرۆک و وێنەکێشاندا، لەگەڵ خەموخەفەت و شکستدا لە پەیوەندییە ئینسانییەکان ئاوێتە بوو. لە تەمەنی منداڵیدا، کە دوو ساڵ و نیو بوو، دایکی لە دەست دا. لەوە بە دواوە، بە پێی گوتەی باوکی “حەوت ساڵی یەکەمی ژیانی لای دایەگەورە و پوورەکانی بەسەر برد.” واتا ئەوەی کە هەم لە بوونی دایکی و هەم حزووری باوکی بێبەش بوو. لە هەشتساڵییەوە، باوکی کە تازە زەواجی کردبوو، وریا دەهێنێتە لای خۆی و لە بیستوسێساڵیدا ناچار وڵات بەجێ دەهێڵێت. سەرەتا پەناهەندەی تورکیا دەبێت و پاشان فنلەندا. لە فنلەندا وریا خاتوونێک دەبینێت و زەواجی لەگەڵدا دەکات. هێندەی پێ ناچێت تاقەمنداڵەکەی لە دایک دەبێت و ناوی دەنێت کلارا. وریا کچەکەی زۆر خۆش دەوێت، بەڵام لەگەڵ هاوسەرەکەی دەگاتە بنبەست و شکست دەهێنێت. هاوسەرەکەی لێی جیا دەبێتەوە و کلارای کچی لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆ ئەڵمانیا. خەموخەفەتی وریا دەبێتە دووهێندە. خەمۆکیییەکەی ڕوو لە زیادبوون دەکات و سەرەڕای حەبەکانی دژەخەمۆکی، خۆیشی پەنا بۆ ماددە هۆشبەرەکانی دیکە دەبات. بەم جۆرە تووشی هەوکردنی سییەکانی دەبێت و زیاتر ژیانی ڕووبەڕووی پەرێشانی، نائارامی، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبێت. لە کۆمەڵگەیەکی وەک فنلەندا سەرەڕای پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، وریا ناتوانێت بۆ خۆی ژیانێکی کەمتازۆر ئارام و خۆشگوزەران فەراهەم بکات. شکست و نامورادی لەناو شکست و نامورادیدا؛ سەرئەنجام لە پەلوپۆی دەخەن و لە تەمەنی سیوپێنجساڵیدا لە پڕ کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت. هێندێک کەس دەڵێن خۆی کوشتووە. هێندیکیش دەڵێن بەکارهێنانی زیاد لە ڕاددەی ماددە هۆشبەرەکان تووشی جەڵدەی دڵی کردووە. بە هەر جۆرێک بێت، بەلەمی ژیانە کورتەکەی وریا بوو بە قوربانیی تۆفانێک کە ئەو نەیتوانی تێیدا ڕێی نەجات بدۆزێتەوە. دیسانیش بە ئەگەری زۆرەوە بوو بە قوربانیی دەردی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.

 

لە لایەکی ترەوە، لەناو ئەم هەموو سەرلێشێوان، ونبوون، شکست، نامورادی، نائومێدی و بێئامانییەدا، وریا نەیتوانی یادگارییەکی زۆر بەنرخ لە خۆی بەجێ بهێڵێت، بەدەر لە کچەکەی کلارا، کە خەمی لەدەستدانی باوکی بەردەوام کاریگەرە لە ژیانیدا. وریا لانیکەم بە دوو زمان بەرهەمی درەوشاوەی ئافراندن و بەم جۆرە بە تێکڕای گاڵتە و یارییە لەفزییەکانی، بە مەرگی نیشان دا کە ژیان بەرز دەنرخێنێت، هەرچەندە لە کرداردا گاڵتەی بە مەرگ کرد و هەبوونی گەیاندە کەنارە نەگەڕاوەکانی. وریا لە شیعر و چیرۆکەکانیدا هێشتا لەگەڵ ئێمەدایە و ژیان بە تەواوی جوانی و ناشیرینییەکانییەوە قبووڵ دەکات و دەیکاتە جەژن.

 

 

عەلیڕەزا زەڕڕین/شاعیری کورد-ئێرانی