خاوەن ناوی زۆر

سەباح ڕەنجدەر

سەباح ڕەنجدەر | ١٩٦٥

August 3, 2023

سەباح ڕەنجدەر، لە دەنگە دیارەکانی شیعری هاوچەرخی کوردییە.لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٥ـە لە هەولێر. نزیکەی ٤٠ ساڵە دەنووسێت. ئەحمەدی مەلا سەبارەت بە شیعرەکانی نووسیویەتی: “لۆژیكی شیعر، لە‌سە‌ر نالۆژیك بە‌ندە‌، جیهانی ئەم شاعیرە وە‌كو نارنجۆكێك هە‌پروون بە‌ هە‌پروون بووە‌، هیچی بە‌سە‌ر یە‌كە‌وە‌ نە‌ماوە‌، پارچە‌كانی جارێكی دی مە‌حاڵە‌ پێكە‌وە‌ گرێ بدرێنە‌وە‌، بە‌ڵام هە‌ر پارچە‌یە‌ك خۆی لە‌ خۆیدا پێكهاتە‌یە‌كی شیعرییە‌.” ڕەنجدەر خۆی دەڵێت: “من باوەڕم بە ئازایی و ئازادیی وشە هەیە. ئەمەش هەڵبژاردەی منە بۆ ژیان و ناسینی مرۆڤ و ئەو بوونەوەرانەی لەناو شیعرەکانمدا زیندوون. من زیاتر شاعیری هەست و خەونم، نەک بابەت و ڕووداو”.

 

 

خاوەن ناوی زۆر
سەباح ڕەنجدەر

 

 

 

بەفرباری و شارى ياده‌كان سڕبوو
گیان بە قسە هات
منیش ئاشقی جوانی نەناسراوم
باڵندەیەكی گەردەن هەڵكشاو
بادەی داوای لەسەر سەكۆ ڕژاندم
ئەو ئاوازە خودایییەی
لە زیندوویی و خورپەم لێوڕێژە
كەمێكی بدەمێ و دوا گۆرانی خۆم باش بڵێم
شەوە و دایكی ئاڵ
پشدێنی سووری هەڕەشە و شەڕ كەمەری توند كردوون
جەنگاوەری مەیدانی بەتاڵیشن
منی ئاشقی جوانی نەناسراو
مەست بە بۆنی خۆڵی باڵندە چینە تێداكردوو
سەیوانم هەڵداوە و دەستم بەسەر ئەو قۆرتانەوەیە
لافاو لە جەستەی زیندوویی و خورپەی هەڵكەندوون
چاومان چووه‌ناو ڕووناكیی
یەكترمان تێدا دۆزییەوە
كە تاسە بەریدام ویستم چاویان ماچ بكەم ڕۆیشتبوون
زیندەوەرێكی خشۆك
لە پەنا قومەتە خۆڵێك
تەماشای كردم و بە دوژمنی زانیم
باڵندە لەناو لكوپۆپی ڕەش
بە باڵی ئاگر خۆی هەڵدا و دڵی سپاردە جوانی نەناسراو
تیشكێك لە جوانی نەناسراو دەرچوو بانگی كردم
چاو بە ئاسمانی ڕوونی خۆت
بگێڕە و بچۆره‌ ناو خۆڵی باڵنده‌ چینه‌ تێداكردوو
پاروو له‌ گه‌رووی منداڵ گیرنابێ