ئەودیو پێچی ڕێگاکە

فێرناندۆ پێسوا

فێرناندۆ پێسوا/ پورتوگال

January 21, 2022

فێرناندۆ پێسوا شاعیر، ڕەخنەگر، نووسەر و وەرگێڕی پورتوگالی، ١٣ـی جوونی ١٨٨٨ لە دایک بووە و ٣٠ـی نۆڤەمبەری ١٩٣٥ لە تەمەنی ٤٧ـساڵیدا کۆچی دواییی کردووە. بەناوبانگترین شاعیری پورتوگالییە. بە چەندین ناوی جیاواز نووسینەکانی بڵاو دەکردەوە و زۆرینەی لە ڕۆژنامەکاندا بوو، یەکەمین شیعری لە ساڵی ١٩١٤دا بڵاو کردۆتەوە. تا لە ژیاندا بوو سێ دیوانی بە ئینگلیزی و دیوانێکی بە پورتوگالی چاپ کراوە. پێسوا وەک زۆر نووسەری تر لە پاش مردنی ناوبانگی زیاتر پەیدا کرد– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

ئەودیو پێچی ڕێگاکە
فێرناندۆ پێسوا
وەرگێڕانی ڕێبوار قاسم

 

 

 

لەودیو پێچی رێگاکەوە
رەنگە چاڵێک هەبێت و رەنگە قەڵایەک،
لەوانەشە تەنها رێگاکە بێت کە درێژ دەبێتەوە.
نازانم و ناشپرسم.
مادام لەسەر رێگاکەی پێش پێچەکەم
تەنها سەیری رێگاکەی پێش پێچەکە دەکەم،
چونکە رێگاکەی پێش پێچەکە تاکە شتە کە لێم دیارە.
بۆ من باش نییە سەیری هیچ کوێ بکەم،
یانیش چاو بۆ شتێک بگێڕم کە ناتوانم بیبینم.
با خۆمان لە کوێین سەرنجیشمان لەوێ بێت.
هەر ئەوەی کە لێرەین و لە شوێنێکی تر نین بەشی خۆی جوانە.
ئەگەر خەڵکێک لەودیو پێچی رێگاکەوەن،
با ئەوان خۆیان خەم لەوە بخۆن کە لەودیو پێچی رێگاکەیە.
ئەوە رێگای ئەوانە.
کاتێک ئێمەش گەیشتینە ئەوێ،
ئەوجار دەزانین لەوێ چ باسە.
ئێستا هەر ئەوەندە دەزانین کە لەوێ نین.
لێرە تەنها رێگاکەی پێش پێچەکە هەیە و بەس،
پێش پێچەکەش رێگایەک هەیە
بێ هیچ پێچێک.