ئێمە چی دەکەین؟

بڕیار محەمەد تاهیر

June 14, 2018

 

لە یەک-دوو دەیەی ڕابردوودا فەزای شیعریی ئێمە، زیاتر کاریگەر بووە بە فەزای شیعری فارسی. ناوەکانی وەک سوهراب سپێهری و فرووغ فەروخزاد، ناسراوتربوون بەراورد بە ناوی شاعیرە عەرەبەکان و ئەزموونەکانیشیان زیاتر خوێندراونەتەوە.  هۆکار بۆ ئەمە زۆرن، بەڵام ئاشکراترین و سادەترینیان، دەتوانین بڵێین لەم چەند ساڵەی ڕابردوو باروودا دۆخی سیاسیی ئێمە وای کردووە زۆرێک لە  کوردەکان ئاوارەی ئێران بن، بەمەش فارسی زمانمان زیادی کردووە و پرۆسەی وەرگێڕان دەستی پێکردووە. لەبەرامبەریشدا عەرەبیزانەکانمان کەمتر بۆنەتەوە، یان با بڵێین چالاکییان کەمتر بووە. بۆیە زیاتر بە دنیای شیعری شاعیرە فارسەکان ئاشنا بووین.

 

ئەمە ڕەنگە قسەیەکی گشتی بێت و زۆر دەقیق نەبێت بۆ ئەم بابەتە، ڕەنگە پێویست کات لە پاڵ ئەمانەدا باس لە تێگەشتنمان بۆ شیعر، ڕاستتر تێگەیاندنمان بۆ شیعر بکەین، ڕەنگە هۆکاریتر بێنە بەرباس،  بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە هۆکارەکان نین، بەڵکو دەرئەنجامەکەیە کە پێی گەیشتووین.

بە تێگەیشتن لەم دەرەنجامە ئێمە لە باڵندە وەک یەکەم ساڵ، پرۆژەکەمان شیعری شاعیرە عێراقییەکانە، لەپاڵ ئەمانەشدا بە گشتی کارمان لەسەر شیعری عەرەبی کردووە و تاکو یەکەم ساڵی باڵندەش کۆتایی دێت، بە هەمان بەرنامە کار دەکەین، دەمانەوێت لەم ڕێیەوە کەمێک سەرنج لەسەر شیعری عەرەبی چر بکەینەوە، بەڵکو بتوانین هەندێک ناو و هەندێک تێکست بناسێنین و بیانهێنینە ناو فەزای ئەدەبیی کوردییەوە، کە شایستەی ناساندنن و بشزانین لە باروودۆخە جیاوازەکاندا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ شیعر کردووە و چۆن دنیایان پێ خوێندۆتەوە.
هەڵبەت خودی جیاکردنەوەی شیعر بەسەر فارسی و عەرەبی و ئەوروپی و تورکی… هتد، دەکرێت تێڕوانینێکی ناسیۆنالستییانە بێت لای هەندێک، بەڵام لە لایەکەوە لەبەر ئەوەی باڵندە هەوڵدەدات سەرچاوەیەک بێت بۆ شیعر، بەم جۆرە  بۆ پۆلێنبەندیی ئاسانتر دەبێت. لە لایەکی تریشەوە لەبەر ئەوەی کە بەڕاستی ئەو باروودۆخەی وڵاتێک پێیدا تێپەڕ دەبێت بە تایبەت لە ڕووی سیاسیی و پەیوەست بە سەردەمەکەیەوە، تەواو کاریگەری دادەنێت لەسەر ئەدەبیاتی ئەو وڵاتەش، خۆبەخۆ شیعریش لە ناو ئەم باروودۆخانەدا فۆڕمێکیتر وەردەگرێت، یان با بڵێین بە جۆرێکی دی وەڵامی دنیا دەداتەوە. بۆیە بەم جۆرە کار لەسەر پڕۆژەکان دەکەین.

گەر سەرنج بدەین، لە باڵندە هەندێک شیعری عەرەبی وەرگێڕدراون، زۆرینەیان عێراقی و سووری و فەلەستینین، بڕێکی زۆریشیان لە نەوەی نوێن. لە دوای دەستپێکردنی جەنگی سووریا و سەرهەڵدانی گرووپی جیاواز جیاوازی توندڕەو، بە تایبەت لە ساڵی ٢٠١١ەوە جارێکیتر جەنگ لە فۆڕمێکی دڕندانەتر و وەحشییانەتردا گەڕایەوە، شەپۆلێکی گەورەی کۆچکردن بەرەو وڵاتە ئەوروپییەکان دەستی پێکرد،  لە ناویاندا بێگومان شاعیر و نووسەرانیشی تێدا بوون، بەشێک لە شاعیرانی ئەم نەوەیە لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا دەژین، وەک پەنابەرێک دەژین و دەنووسن، بەشێکیش هێشتا لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا ماونەتەوە و وەک چاودێرێکی جەنگ و مەرگ دەنووسن.

ئێمە بڕێک لە شیعرەکانی ئەم شاعیرانەمان وەرگێراون و لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەین زیاتریان لێ وەرگێڕین. مەبەستەکەش زیاتر ناساندنی شاعیرەکان و ئەو کاریگەرییانەیە کە دەکەوێتە سەر شاعیر لە دنیایەکی ئاوهادا و لەم دۆخانەدا. جگە لەمە قسەکردن لە ئاستی باش و خراپی شیعرەکان، یاخود قسەکردن لەوەی شیعر دەبێت پەیوەست بێت بە دۆخێکی واوە یاخوود نا، یان چۆن شیعر لە دنیایەکی ئاوادا کار دەکات، یان ئایا شاعیری( گەورەتر) لەمانە نین ئێمە کاریان لەسەر بکەین؟ هەموو ئەم پرسیارانە دەمانخەنە ناو مەعمەعەیەکەوە کە ئاسان لێی نایەینە دەرەوە و ئەنجامێکمان بە ڕەهایی دەست ناکەوێت، چونکە دواجار ئێمە قسە لەسەر بابەتێکی تەواو ئاڵۆز دەکەین؛ شیعر.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک دەقی شیعریدا دەبین کە ژیانێکی واقعی ڕۆژانەی تەواو تاڵمنان پشان دەدات، نووسینی شیعریش لەم باروودۆخانەدا و بەم جۆرە دەتوانێت ببێت بە ئاکتیک. بێگومان کاتێک دەڵێین ئاکت، مەبەستمان لەوە نییە ئەم شیعرانە دەتوانن جەنگ ڕاگرن، یاخود دەتوانن دنیایەک درووست بکەن کە چیدی نادادپەروەری نەمێنێت، بەڵام هێشتا پێوستمانن، لەبەر ئەوەی بە قووڵی دەتوانن پشانمان بدەن کە ئێمە لەبەردەم چ ترسێکداین، دەتوانن لە هەموو ئەو کردەوانە بدەن کە دنیایەکی ئاوهایان دروست کردووە. دەتوانن لە هەموو ئەو دەرئەنجامانە بدەن، کە لە دنیایەکی ئاوهادا پێیان دەگەین. دەتوانن زمانێکیتر بن و لەم ڕێگەیشەوە بیرکردنەوەیەکیتر دروست بکەن . دەتوانن لە گۆشەیەکی نوێوە ڕووبەڕوومان بکەنەوە لەگەڵ ژیاندا و لێرەشەوە ئەگەری نوێ بخەنە بەردەممان.

  بینینی پارچەپارچەبوونی جەستەیەک، واقوڕمان و قیژەی منداڵێک، جێیەکی خاپورکراو، لەدەستدانی هاوڕێیەک، هەموو ئەمانە کە دێنەوە ناو زمان و لەم کەناڵەوە دەگەن پێمان، قورستر کاریگەری دادەنێن، یان جۆرێکی نوێ کاریگەری دروست دەکەن کە دەکرێت کاردانەوەیەکی بە دوادا بێت، کاردانەوەیەک کە دەکرێت هیوایەک بێت بۆ دنیایەکی باشتر، یان خەونێک بێت، هەر هیچیش نەبێت دەکرێت وەهمێک بێت، وەهمێک کە نابێت هەرگیز دەستبەرداری بین.
لەم شیعرانەدا دەبینین، کە شیعر لە جێیەک نییە و ژیان لە جێیەکیتر بێت، شیعر لە جێیەک نییە و بەرهەڵستیکردنی ناعەدالەتی لە جێیەکیتر بێت، شیعر خۆی دەبێتەوە بە ژیان، خۆی لە ناو خۆیدا هەموو کردەیەکی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵگرتووە.
شیعر دەتوانێت لە پانتاییەکی نوێوە قسەمان لەگەڵدا بکات، یاخود پانتاییەکی نوێ بۆ ڕوانیمان بکاتەوە.

لەگەڵمان بەردەوامبن لە هاوکاریکردنی باڵندە، هەم بە وەرگێڕانەکانتان و هەم بە خوێندنەوەی بابەتەکان، چونکە هەموومان پێویستیمان بەو ئەگەرە نوێیە هەیە بۆ ژیانکردن کە شیعر لە ناو خۆیدا هەڵی گرتووە.