یادداشتێک سەبارەت بە «مشتێک پەپوولە»
بەختیار حەمەسوور
عەبدولعەزیم فنجان لە پێشەکی ئەم دیوانەیدا، کە تایبەت بۆ چاپە کوردییەکەی نووسیوە، دەنووسێت: «لە دوای ئەو هێدمە وێرانەی ساڵی ٢٠٠٣وە هات، پرسیاری ئەوەم لا دروست بوو مەبەست و سوودی ئەو نووسینانەی پێشووم چییە؟»، پاشان باس لەو شەڕ و کوشتار و خوێنەی دوای ٢٠٠٣ دەکات و دەنووسێت: «گوتاری شەڕ زاکیرەی ئێمەی فەوتاند.» و «لەم دڵەڕاوکێیەدا خۆشەویستیم دۆزییەوە، وەک خەمێکی هاوبەشی نێوان مرۆڤ، مرۆڤی سەرڕاست و دڵسۆز.» کاتێک بەو پێشەکییە چڕوپڕەوە بەناو دیوانەکەدا هەنگاوی چاومان هەڵدەگرین، تێدەگەین شاعیر نەک مولتەزیم و پاپەندە بە چەمکی خۆشەویستییەوە، بەڵکوو لە دەرەوەی سنووری خۆشەویستی و ئەڤین، ناتوانێت تاقەدێڕێکیش بنووسێت. لای عەبدولعەزیم «خۆشەویستی کێشەیەکی ئینسانییە»، لە دەرەوەی زات و چرکەی ڕاگوزەر و خێرای کەوتنەداو تەماشای پەیوەندیی دەکات، لای ئەو خۆشەویستی و ئەڤین لە قووڵایی و هەناوی بوونەوە سەرچاوە دەگرن، هەر ئەمەیشە وا دەکات وێنای ئەزموون و کۆدەنگی هەموان بەرەو خۆی پەلکێش و ڕاکێش بکات.
هەر پارچەشیعرێکی ناو «مشتێک پەپوولە» دەخوێنینەوە، هەست بە پشتینە و پێشینە مەعریفییەکەی شاعیرەکەی دەکەین، ئاگایی و هوشیاری ئەو بەرامبەر بە زمان و کەلەپوور و مێژووی ئەدەب و بە تایبەت شیعر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر بە دیاریکراویش میزۆپۆتامیا، دەکەین. عەبدولعەزیم فنجان بەوپەڕی تینوتاوەوە دەگەڕێتەوە سەر سەرچاوەگەلی ئەم ناوچەیە، هەر لە لافاوی نووح، کۆتر، شاخی جوودی، شارستانی سۆمەر، گلگامێش، ئەنکیدۆ، ئەفسانە و خواوەندەکانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی دوور و… تاکو تاوتوێکردن و هەڵدانەوەی دووتوێی پەڕاو و کتێبە زەرد و شەکەتە دێرین و بەبەردبووەکان، لەناویاندا خۆشەویستی دەدۆزێتەوە و لە نێوان دێڕەکاندا دەینووسێتەوە. بۆ نموونە با پێکەوە ئەم وێنەیە لە شیعری ‹شاخی جووی›ـدا بخوێنینەوە: «وەرە با لە ماچەکانمان، شاخێکی بەرز وەک شاخی جوودی دروست بکەین، ماچ دوای ماچ، بە هێواشی پێیدا سەرکەوین.»
لێرەدا دەبێت بە شوێن ئەو جیهانبینییەدا بگەڕێین کە عەبدولعەزیم فنجان دنیای شیعرەکانی، یاخود خۆشەویستی ناو شیعرەکانی لەسەر هەڵچنیوە، ئەویش ئافرەتە: «ئافرەت جەوهەری خۆشەویستییە» و «هاوبەشی سەرەکیی میحنەتیی بوونە»، لێرەدا و پەیوەست بەم خاڵەوە، دەکرێ ئاماژە بە زمانی ناونشین و پەنهانی شیعرەکان بدەین، ئەویش زمانی مێینەیە، زمانێک کە لە زبرایی و دڕی و گرژیی خاڵییە و لە جۆرێک ئارامی و هێوری و هێمنیدا سەماقگیرە، کە قورس و ئاوسە بە خۆشەویستی و هەموو واتا و دەربڕینەکانی خۆشویستن، زمانێک وەک ئامێزێکی گەرم و واڵا بە ڕووی ئەوی تردا کراوەتەوە و پڕە لە تاسە و مەیلی نزیکایەتی؛ ئیرۆتیک. هەر خودی خۆی سەبارەت بەم زمانە دەنووسێت: «شیعرەکانم شیعری پیاوانەی نێر نین، شیعری مرۆڤن، مرۆڤ بە مانا فراوانەکەی.» پۆلێنبەند و دانانی کۆی شیعرەکان لە خانەی ئەدەبی ئیرۆتیکدا زۆر بەجێ و شیاو دەبینم، ئیرۆتیکایەک کە زیادتر وەک خەون و ئارەزوویەکی قووڵ و تێرنەبوو بۆ جەستە و بوونی ئەویتر، وەک چاڵ و درزێکی باریک دەمی کردووەتەوە. دیارە ئەم جۆرە لە خۆشویستن و تاسە، هاوکات و هاوشانە لەگەڵ جۆرێکیش لە سەرلێشواویی و هەیەجان، لە گڕ و بڵێسە، کە زیادتر دۆخێکی ناوەکی و شۆڕشێکی دەروونی لەناو تاکدا بەرپا دەکات، پریشک و پرشنگی ئەم گڕ و بڵێسەیە دەتوانێت بۆ چواردەور ڕێنوێن و ڕووناککەرەوە بێت، ئینسانێک لە ناوەوەمان خەبەر و بەئاگا بێنێت، جوانتر و ئینسانیتر لەوەی پێشوو. دەبێت بیرمان بێت مەودای ئەم نزیکییە لەو بڕوا و پێناسەیەی عەبدولعەزیم بۆ شیعر هەیەتی، هێجگار کۆک و تەبایە: «شیعر گۆرانی ئەو ڕۆحەیە کە بە ئازار و سەرزەنشت و مەستبوون بارکراوە، جگە لەوە هیچی تر نییە.»
لە شیعری ‹ئەی پێپەتی وەک ئاونگ›ـدا دەنووسێت: «نازانم بە ڕێکوپێکی خۆشتم بوێت، چونکە خۆشەویستی وەک باڵندەیەک گومانی هەبێت، پەرشوبڵاوم دەکات.»
لە شیعری ‹ڕووناکی›ـدا دەنووسێت: «پوختەی خەونەکەم گەیشتن بە سنووری تۆ بوو، تاکو بزانم من کێم.»
بەرهەمهێنانەوەی شیعر لە وەرگێڕاندا
سەبارەت بە وەرگێڕانی دیوانەشیعرییەکە، کە تەیب جەبار لە زمانی عەرەبییەوە وەریگێڕاوە، ڕەنگە نەتوانم بە بەڵگە و بەراوردکاریی، سەرکەوتوویی یان ناسەرکەوتوویی، بسەلمێنم، لەبەر ئەوەی لە زمانی عەرەبیدا بەڵەد و شارەزانیم، بەڵام وەک بیرەوەریی و شایەدحاڵێک بەسەر شیعربەشیعری ئەم کتێبەوە، دەتوانم پەرۆشی و گومانی ئەو بۆ وشەبەوشە و ڕستەبەڕستەی ئەم وەرگێڕانە بسەلمێنم؛ بەو پێیەی من تاکو دواچرکە ڕایەڵ و نێوانگری وەرگێڕ و هاوڕێیانی ناوەندی باڵندە بووم، ئاگاداری ئەو ئاڵوگۆڕ و هێنانوبردن و پێداچوونەوە زۆرەم کە بەسەر شیعرەکاندا هاتووە، تا کتێبەکە گەیشتە چاپ و چاپخانە و ئەم فۆڕمە بەردەستەی ئێستە. ئەمەیش وەک بیرەوەرییەکی جوان دەمێنێتەوە و دەکرێ لە کات و ساتی تردا وردتر لە بارەیەوە بنووسین.
ئەوەی دەمەوێت سەبارەت بە وەرگێڕانەکە بینووسم ئەمەیە، کە چۆن دەتوانین لە ساتی وەرگێڕاندا ئەو شتە جەوهەرییەی کە بەر لە هەر شتێک بۆ شیعر زەروور و پێویستە، پارێزگاری لێ بکەین و بیپارێزین، ئەویش شیعریەتە، وا بکەین بیهێڵینەوە و خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەدا، هەست بە شیعریەتی دەقەکان بکات. زۆر جار شیعری وەرگێڕاوی گەلێک لە شاعیرە جیهانییەکان دەخوێنینەوە، بەڵام چونکە نەتوانراوە شیعریەت و شێوازی تایبەتییان ڕابگوازرێت، هەر وەک شیعرێکی ئاسایی و زۆر جاریش ڕیسواتر لە زۆرێک لە شیعری کوردیی ئەمڕۆ، دەیخوێنینەوە، ئەمە گرفتێکی بنەڕەتییە و زمانزان و وەرگێڕە بەسەلیقەکان دەتوانن ڕەخنە لەم لایەنە بگرن. لەم ڕووەوە وەک دەرهێنان و هەڵگۆزتەی شیعریەت و گواستنەوەی بۆ ناو زمانی کوردی، «مشتێک پەپوولە» لەوپەڕی شیعریەت و هارمۆنی زمان و پەیڤی شاعیرانەدا، لەناو بۆتە و بەستێنی زمانی کوردیدا جێگیرە، خوێنەر هەست بە جۆشش و کۆششی وەرگێڕەکەی دەکات لەپێناو دروستکردنی ڕستەیەکی شیعریدا، کە بچێتەوە سەر قاڵب و دەقە بنەڕەتییەکە و شێوازی شاعیرەکەی، هەڵبەت بە توانا و ئیمکانی زمانی کوردی و لەناو دڵی ئەم زمانەدا.
تێبینی: سەرجەم ڕستە و دەربڕین و دێڕەشیعرەکان، کە خراونەتە کەوانوولکەوە، لەم سەرچاوەیەی خوارەوە وەرگیراون:
مشتێک پەپوولە، عەبدولعەزیم فنجان، کوردییەکەی: تەیب جەبار، وەشانخانە: ناوەندی باڵندە، چاپی یەکەم، ٢٠١٩ سلێمانی.
________________
ئەم بابەتە لە (ڕۆژنامەی ‘کولتووری زەمەن’، ژمارە ٢٤، سێشەممە ١٧ـی ١٢ـی ٢٠١٩) بڵاو کراوەتەوە.