دڵ تەنیا دەست تەنیا خودا دوو جار تەنیا

دلاوەر قەرەداغی

دلاوەر قەرەداغی

March 26, 2020

دلاوەر قەرەداغی  ساڵی ١٩٦٣ لە سلێمانی لەدایکبووە. یەکێکە لەو شاعیرانەی  بە نزیکەیی ٣٠ ساڵ دەبێت بووە بە ناوێکی دیار لە ناوەندی ئەدەبی کوردیدا.  ئەزموونە شیعرییەکەی دەتوانین وەک ئەزموونی نەوەی یەکەمی دوای ڕاپەڕین ناوی ببەین، لە سالی ١٩٩٢ بە کۆمەڵە شیعری پەیکەرێک لە باران دەست پێدەکات و تا ئێستا زیاتر لە ١٠ کتێبی شیعری هەیە.
.شیعرەکانی دلاوەر قەرەداغی بۆ زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی سویدی وەرگێردراون.
بەدەر لە نووسینی شیعر دلاوەر قەرەداغی وەرگێڕێکی بەتواناشە. بەردەوام کارێکی وەرگێڕان لەبەر دەستیدایە و چەندین ڕۆمان و چیرۆک و بایۆگرافی و شانۆنامەی کردووە بە کوردی، کۆی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی تاکو ئێستا نزیکەی ٥٠ بەرهەمی ئەدەبییە._باڵندە

لە باڵندەوە بفەرموون بۆ خوێندنەوەی نوێترین شیعری دلاوەر قەرەداغی

 

 

 

دڵ تەنیا، دەست تەنیا، خودا دوو جار تەنیا

دلاوەر قەرەداغی   

 

 

 

بە ئاماژە دەنۆڕم
بە سووکە تایەکەوە دەست دەبەم
بۆ نەختێ دەست
بۆشایی دێت بە دەستمەوە
چۆڵەوانی دێت بە دەستمەوە
لم… زیخ و سەهۆڵ دێن بە دەستمەوە
بیری نەختێ دەست دەکەم
بیری فێنکایی دەستێکی سەخی و سرک
بیری بۆنی دەستێکی کێویی و فێنک

تەنیایی چۆڵ
وەک قەرەباڵخیی پۆلێک باڵندەی غەمگین،
کە لە قژقەڵە دەچن و ناچن
لەسەر پەڵەیەکی بچووک بەفر

بەدەم ڕێوە:
“دڵ تەنیا
دەست تەنیا
خودا دووجار تەنیا”،
بە سووکە ترسێکەوە
بیرم دەکەوێتەوە و
دەوەستم

لەودیو دەرگای کڵۆم دراوەوە
بە عەزرەتەوە
لە سووچ و ژێر تەڵان و چۆڵایی
حەوشەدا
بەدوای تەجەللایەکی تێپەڕ و
نەیزەک ئاسایدا دەگەڕێم
بەخۆم دەڵێم
ئەمجارە ئەگەر ڕێکەوتی بکەم
هەڵی دەگرم و
لەنێو دڵمدا دایدەنێم

دڵ ماڵی ڕاستەقینەی خودایە
“من تەنها ئەو ماڵەی
شک دەبەم”،
ورتەورت
بە سووکە لەرزینێکەوە
لەبەرخۆمەوە دەڵێم.

غەمی من تێپەڕین نییە لە هیچ
بەڵکو تام کردنی ترس و کارەساتە
تا ڕادەی بە زمان،
تەقە لە مەڵاشوو هێنان
من ئومێدی ترسنۆکان لەسەر دەربازبوون هەڵناچنم
بەڵکو تا دواهەناسە
بە نائومێدیی شکۆداری پاڵەوانانەوە
دادەنیشم

ئەوەی دەڕوا، تێناپەڕێ
تێپەڕین ئەوەیە هیچ شتێک لەدوای خۆمان
جێنەهێڵین
نە سێبەر، نە شوێنپێ و نە جێگەدەست
تێپەڕین هەر ڕۆیشتنە بەڵام بە خەیاڵی چوون
ڕۆیشتن هەرگەڕانەوەیە بەڵام بە وسوەسەی هاتن
ڕۆیشتنی تەواوەتی
شتێکی دیییە
شتێک وەک دیار نەمان،
پەرش بوونەوە و
کشان
تێپەڕین ئەوە نییە دڵمان لە مستمانا بێ و
وردە وردە بۆ سەر سەکۆی لەخاچدان سەرکەوین،
ئەفسووس… کەی ئەوە ڕۆیشتنە
تا ئەبەد ڕاکشاو لێرە
یان داکوتراو بەوێوە بین!

دەست خەون دەبینێ
لە حەژمەت ترس و
غەریبیی،
دەبێتە باڵ
دەفڕێ کزەڵە و سەرسەخت و
شۆڕ
بۆ جێگەی تر

هەبوو نەبوو
دەست هەبوون تەنیا
لەگەڵ یەکتر
دەست هەبوون تێکەڵ لەگەڵ یەک
دژی یەکتر!

                                         سلێمانی

                              ئازاری ٢٠٢٠