دەنگ و تاریکیی فەزا

ڕزگار شێخانی/شاعیر و وەرگێڕ

March 20, 2018

ڕزگار شێخانی

 

١

ئەو لەسەر گابەردێک دانیشتبوو و بارانێکی سەوز بەسەر دۆڵی کوژراوەکاندا باری، دەنگ و تاریکیی فەزای بۆ ناخی زەوی برد. دەنگێک لە ئاسمانەوە پێی گوت: بڕۆ ناو دۆڵەکە و ئێسکی کوژراوەکان کۆ بکەوە، من لە هەر چوار لاوە با هەڵدەکەم، هەموویان زیندوو دەکەمەوە.

ئێمە لەسەر گابەردێک دانیشتووین و گەواڵەیەک لە لای بەردە ڕەشەکەوە دێ و بەسەر ئێسکی کوژراوەکانماندا دادەکا. دەنگ و ڕەنگ و ڕووناکیی فەزا بۆ ناخی زەوی دەبا.

تریفەی مانگ خۆی دەشارێتەوە.
هیچ دەنگێک نایەت لە ئاسمانەوە.

کە مانگ دەرکەوتەوە، ئێمە خۆمان لە بەر تریفەدا، بەئەسپایی ئێسکی کوژراوەکانمان کۆ دەکەینەوە.

١٩/١- ٢٠١٧

٢

من و تۆ لەسەر کەنار لە بەر خۆرەتاو دانیشتووین،
دەستێکی نادیار دەرگەی دڵمان دەکاتەوە،
تیڕۆژ لە چاومانەوە دەڕژێتە ناویانەوە و
جیهان ڕووناکتر دەبی.

٢٦/٥  ٢٠١٧