شەریکەتاوان

خۆرخێ لویس بۆرخێس

خۆرخێ لویس بۆرخێس/ (١٨٩٩- ١٩٨٦)

March 23, 2023

خۆرخێ لویس بۆرخێس چیرۆکنووس و شاعیر و وتارنووس و وەرگێڕێکی ناوداری ئەمریکای لاتینە. ساڵی ١٨٩٩ لە ئەرجەنتین هاتووەتە دنیاوە. زیاتر بە چیرۆکەکانی ناسراوە بەڵام بە شیعر دەستی بە نووسین کردووە و ١٣ کتێبی شیعری بڵاو کردووەتەوە. ساڵی ١٩٢٣، لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا، یەکەمین دیوانی ڕووناکیی بینیوە. ساڵی ١٩٣٥، لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا، یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی بە چاپ گەیاندووە. بۆرخێس هەر لە مێرمنداڵییەوە گیرۆدەی هەمان نەخۆشییەکەی باوکی بووە و ساڵی ١٩٥٥ یەکجاری سۆمای چاوی کوژاوەتەوە. دیارترین زانکۆکانی دنیا گرنگییان بە بۆرخێس داوە و بانگهێشتیان کردووە. چەندین خەڵاتی پڕبایەخیشی وەرگرتووە، لەوانە: فۆرمێنتۆر لە ١٩٦١ (لەگەڵ ساموێل بێکێت)، میگێل دێ سێرڤانتێس لە ١٩٧٩. ڕۆژی ١٤ـی جوونی ١٩٨٦ لە  ژنێڤ، شاری تافی لاویەتیی، دواکۆچی کردووە.

 

 

 

شەریکەتاوان
خۆرخێ لویس بۆرخێس
لە ئیسپانییەوە ژیار هۆمەر

 

 

لە خاچم دەدەن، منیش دەبێ خاچ و مێخ بم.
جامم پێ دەدەن، منیش دەبێ ژار بم.
هەڵم دەخەڵەتێنن، منیش دەبێ درۆ بم.
هەڵم دەقرچێنن، منیش دەبێ دۆزەخ بم.
دەبێ ستایشی سات بە ساتی زەمەن بکەم و شوکرانەبژێر بم.
خۆراکەکەم هەموو شتێکە.
بارستاییی بەرچاوی گێتی، چاوشۆڕی، خێروخۆشی.
دەبێ پاساو بهێنمەوە بۆ ئەوەی دەمئێشێنێ.
گرنگ نییە بەخت و بەدبەختیم.
من شاعیرم.