لە دەنگتدا چی دەبیستم

جەمال سورەیا

جەمال سورەیا/ کوردستان

July 1, 2022

جەمال سورەییا شاعیر و نووسەرێکی کوردی زازایە کە بە زمانی تورکی نووسیویە و لە ساڵی ١٩٣١ لە شاری دەرسیم لە باکووری کوردستان لەدایکبووە. بەهۆی کۆمەڵکوژیی دەرسیمەوە، خێزانەکەی ئاوارەی ڕۆژئاوای تورکیا دەبن. تراومای کۆمەڵکوژییەکە و وێنەی شەمەندەفەر لە کاتی ڕاگواستنەوەی زۆرەملێی خێزانەکەی لە زۆرێک لە شیعرەکانیدا ڕەنگیداوەتەوە. جەمال سورەییا بە پێشەنگی دووەم بزووتنەوەی شیعری نوێی تورکی هەژمار دەکرێت. لە ساڵی ١٩٩٠ لە ئیستانبوڵ کۆچی دوایی دەکات

 

 

 

 

 

 

لە دەنگتدا چی دەبیستم

جەمال سورەییا

لە تورکییەوە ڕێباز مەجید

 

 

 

 

 

 

… ئازیزەکەم ئێستا من

 

 

ئازیزەکەم ئێستا من لە ناو شارێکی جەنجاڵدا
وا بیر لە تۆ دەکەمەوە
لەناو  دەستمدا پێنووسێکی شین،
لە باخەڵمدا دوو پاکەت جگەرە
ژیانمان بە بەرچاومدا دێت و دەچێت
گەڕان و سووڕانمان، ئاوخواردنەوەمان، ماچەکانمان
«دەگریم، ئەو دەمەی پێکەنینەکانمان دێنەوە یادم.»
گوڵەکان، گوڵەکان، ئەم بەیانییە گوڵەکانم ئاودا
ئەوەیان لە بێ تۆییدا پێناکەنێت
ئەو گوڵەی لای پەنجەرەکەوە لەناو ئاودا جێتهێشت
تاکو ڕەگی چرۆ بکات
ئەم ڕۆژانە زۆر خەمگینە
خۆرەتاوێکی تێر و پڕ بە پەنجەرەکە فێربووە
قاپەکانی سەر مێزەکە بێ جۆشن
هۆڵەکە بێ کەس
لە گەرماوەکەدا خاولییەکان تەنیان
لە مەتبەخەکە مەپرسە – پیس و پۆخڵ
ئیسفەنجەکە هەر لەویایە، سەبەتەی نانەکەش بەتاڵ
پانکەکە هەناسە نادات
فەرشەکان تۆزاوین
جلەکانم لە دۆڵابەکەدان،  هەندێکیشیانلێرە و لەوێ لەوناوە کەوتوون
سندووقی یارییەکانی مەمۆ* نووستوون
لامپا شینەکەی شەوان بێ ئارەزوو
دەرگاکە دەڵێت دامبخەن، بمکەنەوە
پەردەکان لە مارێک دەچن کاژەکەی فڕێبدات
گەر لە ڕادیۆکەش دەپرسیت کڕوکپ
تەپڵەکەکە لە کورسییەکانی دەوری دەترسێت
ژوورە بچووکەکە تاریک و بێدەنگ
هەموو شتەکان چاوەڕێی تۆن، تاکو بگەڕێیتەوە
تاکو بێیتەوە ژوورەوە
لە پەنجەکانت بئاڵێن
لە چاوانتدا بتوێنەوە
هەموو شتەکانی دەوریشم بە بێ وەستان دەیڵێنەوە
کە من چەندە تۆم خۆشدەوێت.

 

 

 

 

 

 

 

پاپۆڕی کاتژمێر ٨:١٠

 

 

دەزانیت لە دەنگتدا چی دەبیستم
لە ناوەڕاستی باخچەیەک
گوڵێکی شینی ئاوریشمیی زستان
سەرکەوتنت بۆ قاتی دووەم
ڕۆشتنت بۆ جگەرەکێشان

دەزانیت لە دەنگتدا چی دەبیستم
تورکییەکی خەواڵوو
ڕازینەبوونت لە کارت
خۆشنەویستنی ئەم شارەت
پیاوێک ڕۆژنامەکەی دەنووشتێنێتەوە

دەزانیت لە دەنگتدا چی دەبیستم
ماچەکانی جاری جاران
جامە تەڵخەکانی حەمام
بۆ دیارنەمانی چەند ڕۆژەت
گۆرانی قوتابخانەکان

دەزانیت لە دەنگتدا چی دەبیستم
شپرزەیی و ناڕێکیی ماڵ
تاوناتاوێک بردنی دەستت بۆ سەرت
بۆ ڕێککردنەوەی تەنیاییەک
کە ڕەشەبا بۆی شێواندوویت

 

دەزانیت لە دەنگتدا چی دەبیستم
ئەو وشانەی کە نەتوتن
ڕەنگە شتانی بچووک بن
بەڵام لەم ساتانەی ڕۆژدا
وەک مۆنۆمێنتێک دەوەستن

 

دەزانیت لە دەنگتدا چی دەبیستم
ئەو وشانەی کە نەتتوانی پێمیانبڵێیت.

 

 

 

 

 

 

 

_______________________________________________________________
مەمۆ: کوڕی شاعیر