ناوت وەک ئاژەڵێکی بریندار لە ئەشکەوتی دەممدا دەناڵێنێ

جوان قادۆ

جوان قادۆ

May 23, 2023

جوان قادۆ شاعیر و وەرگێڕێکی کوردە، ساڵی ١٩٨٠ لە شاری عاموودای ڕۆژاوای کوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. بەشی دەروونناسیی لە شام خوێندووە. پێنج دەفتەرەشیعری نووسیوە: کوێرەمار (٢٠٠٣) و بە دزییەوە لە دڵی خۆمدا چریکاندم (٢٠٠٨) بە دزییەوە لە شام بڵاو کراونەتەوە، چاوێکی لە خەو دواکەوتوو (٢٠١٨) وەشانخانەی هنار لە قامیشلۆ بڵاوی کردووەتەوە، چۆلەکە زمانمی خواردووە (٢٠٢٠) و خەمی مەچەکمم نییە (٢٠٢٢) وەشانخانەی ئاڤا لە کۆبانی بڵاوی کردوونەتەوە. شیعرەکانی بۆ ئینگلیزی و ئیسپانی و پورتوگالی و دانیمارکی و عەرەبی وەرگێڕدراون، هەنووکەیش بە ئاگاداریی خۆی بە کوردیی ناوەندی (سۆرانی) داڕێژراونەتەوە. جوان قادۆ لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە نیشتەجێی ئەڵمانیایە و خوێندکاری بەشی وەرگێڕانە. نووسیاری گۆڤاری لەووەرگەڕێی باکووری کوردستانە و شیعرەکانی فێرناندۆ پێسۆوا و واڵتەر بنیامینی بۆ کورمانجی وەرگێڕاوە.

 

 

 

 

 

ناوت وەک ئاژەڵێکی بریندار لە ئەشکەوتی دەممدا دەناڵێنێ
جوان قادۆ

لە کورمانجییەوە ژیار هۆمەر

 

 

 

 

 

ئاڵا

دەبوو ٣ـی بەرەبەیان هەڵبستم و بچمە سەر کار.
گوتم: «ئەی ناکرێت نەنووم و بچمە سەر کار،
یان بنووم و یەکجاری نەچمە سەر کار،
یانیش هەر نەنووم و نەیشچمە سەر کار؟»
ئەمەی کۆتایی هاتە ناو سەرمەوە،
وەک هەڵماتێک بەرەو تەڕنەب خلۆر ببێتەوە.
چاوم کردەوە.
نم-نم باران دەباری.
کۆمەڵێک بە چەکووش لە مەنجەڵە گەورەکەی ناو سەرمیان دەدا.
سروودی هاوچەرخی کاریان دەگوتەوە.
دەستی زبر و خەمخۆری باوکم ببووە لێفەم،
نامەیەکم بۆ هاتبوو و تێیدا نووسرابوو منداڵم.
نازانم ئەوە پەسنە یان سووکایەتییە؟
خۆزگە زارۆڵە بوومایە؛
گوێم هەڵبخستایە بۆ زیکەی ئەو زیکزیکانەی
جارێکیان حەمە بە دەستی خۆی چەرمیانی داماڵی،
لە ناو نوێنەکەیشمدا بمیزتمایە و
چەرچەفە میزاوییەکەم ئاڵای وڵاتەکەم بایە.

 

 

ناوت

ناوت وەک ئاژەڵێکی بریندار
لە ئەشکەوتی دەممدا دەناڵێنێ،
ناڵەناڵەکەی شوێنی دەنگم دەگرێ.
هەنگوینێکی قەترانی و دمۆر لە برینەکانییەوە هەڵدەقووڵێ،
دەخوازم لە خۆشیی ئەو دەمم سواغ بدەم
تا مابم قەت نەیکەمەوە.
دەکەوێتە پەلەقاژە،
بەر دەبێتە هەموو ناو و پەیڤەکان،
دەیانخوات.
پەیڤخۆرە، دابەستەیە،
لێ دەستم ناهێڵێ سەری ببڕم؛
خەیاڵدانە گرانەکەی زمانمە،
گوێزانە بریقەدارەکەمە،
کە بۆ گوورینی مێگەلی زیندوو هەڵگیراوە.

 

 

دوو چاوە مردووەکەم

منداڵێکی سوورێژەگرتوو لە سەرمدا بازبازێنیەتی
بانگی دەکەم لێ گوێم ناداتێ
دوای دەکەوم لێ نایگەمێ،
دەنووم لێ هەڵمدەستێنێ
دەنگم دوای دەکەوێ
کەچی بەرەو من نایەت.
شوێنپێی لە قوڕی شەرمنییەکەمدا دەبینم.
دوو کیسەڵ لەسەر دەستی کەوتوونەتە سەر پشت.
دوو چاوە مردووەکەمن،
دوو چاوە کێوییەکەمن
کە بۆنی مرداربوونەوەی گوڵم لە ئازاری خۆمدا پێ بینیوون،
لەگەڵ ئەو ئازادییە نەخۆشەی لاشەی خۆشەویستانی دەخوات.

 

 

 

گوێزان

هەزار گورپە لە ناو سەرمدا شەڕیانە،
هیچیشیان ناناسم.
قەفی سمێڵیان دەیشارێتەوە
دەڤەرە زویرەکانی منی خوێنگەرم.
بە ناو سەرمدا ڕادەبرم چەشنی ئەو کەسەی
یەکەمین جاریەتی ڕووخساری خۆی لە گوێزانێکدا دەبینێ.
ترسیش چەقۆکەی لەسەر ئەستۆم ڕادەژەنێ.
دەبێ گەورە ببم و بیرم بچێتەوە،
گەورە ببم و غەریب بمێنمەوە.

 

 

 

جیاوازییان نییە

حەزم لە کینەکەمە
لە تووڕەییەکەم
لە ئازار و تەمەڵییەکەم
لە لاساری و گوێنەدانم
لە شەرمنییە ئاژاوەگێڕەکەم
لە ترسە پسپۆڕەکەم
هەر خراپییەکیش ڕێی دەدەمێ بێتە ناوم،
ئاخر شەرم لە چی بکەم؟
ناخی سیخناخی برینی قووڵ،
میوەی گەنیو و ڕزیو،
جیاوازییان نییە؛
شت تا نەگەنێت،
دەرمانی بۆ دانانرێت.

 

بڕوا

بڕوام بە هیچ نەماوە،
سەرەتا بە خۆم.
ئێستا بیابانێکی چۆڵوهۆڵم.
وەک سیسرکێک لە ناکاو ڕووناکی لێی بدات،
بەرەو تاریکیی دەستەبرای ناخم دەگەڕێمەوە.
نە دەزانم دواییم چۆنە،
نە بڕوایشم چۆنە!
خەم لە هیچیان ناخۆم.
لە ناخۆشترین ڕۆژەکانم،
لە ڕۆژە خۆش و گەشەکانم،
قەت هەستم نەکردووە بڕوا شتێکی پێ بگۆڕدرێ.

لە ناخۆشترین ڕۆژەکانم،
لە ڕۆژە خۆش و گەشەکانم،
هیچی دۆستتر و بەردڵترم لە تەنیاییەکەم نەبینی،
لە وێرانەی دڵیشم
هیچی ئۆقرەگرتر و نزیکترم نەبینی.