هیچ ئایدیایەک نییە، لە شتەکاندا نەبێت

عەرەبانەی دەستیی سوور

December 28, 2019

 

هیچ ئایدیایەک نییە، لە شتەکاندا نەبێت
پێشەکییەک بۆ ویلیام کارلۆس ویلیامز

بڕیار محەمەد تاهیر

 

بەیانییەک لە یەکێک لە ماڵەکانی نیوجێرسی، پزیشکێکی منداڵان دەیەوێت بڕوات بۆ سەر کارەکەی. پێش ڕۆیشتنی لەسەر وەرەقەیەک-وەک تێبینی- چەند وشەیەک دەنووسێت و بە دەرگای سەلاجەکەدا هەڵی دەواسێت… ئینجا دەڕوات.
وەرەقەکە ئەمەی لێ نووسرابوو:

من هەڵووژەکانی
ناو ساردکەرەوەکەم
خواردووە

کە وا دیارە
تۆ بۆ بەرچایی
هەڵتگرتبوون

بمبەخشە
زۆر بەلەزەت و
زۆر شیرین و
زۆریش سارد بوون.

ئەوەی ئەم تێبینییەی نووسی، ویلیام کارلۆس ویلیامز بوو، دواتر  ئەم نووسینی سەر وەرەقەیە دەخاتە ناو یەکێک لە کۆمەڵە شیعرییەکانییەوە و بوو بە یەكێک لەو شیعرانەی کە قسەی زۆری لەسەر کرا.
لە سەرەتادا باس لەوە دەکرا ئەمە شیعرە یاخوود نا؟ بەهەرحاڵ ئێستا لەو گفتۆگۆیە بووینەتەوە کە پرس بخەینە سەر شیعرییەتی ئەم نووسینە. دواتر لێکدانەوەکان هاتن… هەڵووژەکە سێوەکەیە و خواردنەکەشی گوناهەکەیە. هەڵووژەکە میتافۆرێکی سێکسییە و باسی پەیوەندی سێکسی خۆی و ژنەکەیەتی…هتد.  ڕاستییەکەی ئەوەی لەم شیعرەدا هەیە، هەر ئەوەیە کە هەیە و هیچیتر، دەلالەت لە شتێکی تر ناکات لە دەرەوەی خۆی، هیچ وشەیەک مەبەست لێی شتێکی تر نییە. ئەوەی لە شیعرەکەشدا ڕوو دەدات، ئەوەیە کە بەیانییەک پێش چوونە سەرکار بەڕاستی لە پزیشکێکی منداڵان ڕوو دەدات.  شیعرێکی کورتی سێ بەشی، بە چەند وشەیەکی کەم. ئەوەی ئەم نووسینەی کردووە بە شیعر، هەر ئەمەیە. ئەوەی ویلیام کارلۆس ویلیامزیشی کردووە بەو شاعرە ناسراوە، هەر ئەم سادەبوون و ڕاستوخۆبوونەیەتی. ڕاستەوخۆبوون و سادەبوونێک لە پێناو دووبارە بنیاتنانەوەی زیهنییەتێکی نوێ بۆ مرۆڤ.

 

شیعرەکانی ویلیام کارلۆس ویلیامز، شیعری وێنەیین، واتە بە دیوە ڕەخنەییەکەیدا دەچێتە چوارچێوەی یەکێک لە بزووتنەوەکانی مۆدێرنیزم لە شیعردا، ئەویش وێنەخوازی/Imagism ە. ویلیام کارلۆس ویلیامز بڕوای تەواوی بەوە هەبوو، کە شیعر پێویستی بە نوێگەرییەکە، ئەمە لە دوای ساڵی ١٩١٣ەوە،  بە تەواوی لە کارەکانیدا دەردەکەوێت.
کاریگەری گەورە لەسەر ئەم گۆڕانەی ویلیەم کارلۆس ویلیامز، پێشانگایەکی هونەری هاوچەرخ بوو لە ساڵی ١٩١٣ لە نیویۆرک، کە تێیدا چەند کارێک پشان دران، یەکێک لە کارەکان، تابلۆیەکی مارسێل دوشامپی فەرەنسی بوو، بە ناوی ڕوتوقووتێک بە پلیکانەدا دێتە خوارەوە. زۆر کاریگەر دەبێت بەم تابلۆیە. ئیتر لێرەوەیە باسی دەربڕین و پشاندان لە ناو کارێکی هونەری یان شیعردا دەبێتە باسێکی گرنگ بۆی و خۆیشی دەبێتە شاعیرێکی گرنگ و کاریگەر بۆ ئەمریکا و جیهان. لە ویلیام کارلۆسەوە بۆ یەکەم جار لە ئەمریکادا ڕەوتێکی شیعری و ڕوانینێک بۆ شیعر درووست دەبێت کە سەرچاوەکەی ئەوروپا نییە، چونکە تاکو سەرەتاکانی سەدەی بیستەمیش، هەموو شەپۆلە هونەری و ئەدەبییەکان لە ئەوروپاوە دەگوازرانەوە بە دنیادا و چەقی هەموو تازەگەرییەکان ئەوروپا بوون. تەنانەت ئێزرا پاوند لە نامەیەکدا پێی دەڵێت بێت بۆ ئەوروپا، هەموو شتێک لێرە هەیە، لە ئەمریکا هیچی لێ نییە و هیچی لێ بەرهەم نایەت. ویلیام کارلۆس ویلیامز دەچێت بە دەم داواکەیەوە، ماوەیەکی کورت تاقی دەکاتەوە، بەڵام پێی وایە گەر شتێکی ڕاستەقینە ڕوو بدات لە شیعردا، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا و لە ناو لۆکاڵییەت و سادەیی ژیاندا، شتێکی نوێ درووست بکات.
بەڕاستیش ئەمە ڕووی دا و بووە ئیلهامی سەرهەڵدانی چەندین بزووتنەوە و جووڵەی ئەدەبی لە ئەمریکادا، کە وابەستەی ژیان و زمان و بابەتکانی ڕۆژانەی خۆیان بوون، نەوەی بیت لە نموونە دیارەکانە.

ڕوتوقووتێک بە پلیکانەدا دێتە خوارەوە/ مارسێل دوشامپ

کاریگەری ویلیام کارلۆس ویلیام لەسەر ئاڵن گینزبێرگ ئاشکرا دەردەکەوێت، بە تایبەت لە لۆکالێکردنەوە و بە ڕۆژانەکردنەوەی شیعردا،  هەروەها لە بەکارهێنانی زمانی ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی. هەمان شت لە ئەزموونی گینزبێرگدا دەبینینەوە. گینزبێرگ وتار و نووسینی درێژی هەیە لەبارەی ویلیام کارلۆس ویلیامزەوە، ڕەنگە بۆ ئەو مێژووی شیعر کەسی گرنگتری لە واڵت ویمان و ویلیام کارلۆس ویلیامز تێدا نەبێت. گینزبێرگ خۆی دەڵێت، کە دەستپێکی قەسیدەی لوورە لە ژێر کاریگەری دەستپێکی شیعری بۆ ئیڵسیی ویلیام کارلۆس ویلیامزدا نووسراوە.

“The pure products of America go crazy”
ویلیام کارلۆس ویلیامز

 

“ I saw the best minds of my generation destroyed by madness”
ئاڵن گینزبێرگ

 

 پێشەکی لوورەی گینزبێرگیش کە ساڵی ١٩٥٦ بڵاو بۆوە، ویلیام کارلۆس ویلیامز نووسیویەتی، بەو ڕستە بەناوبانگە دەست پێدەکات:
دامێنی تەنوورەکانتان هەڵ بکەن خانمان، ئێمە بە دۆزەخدا دەڕۆین“.

 

کەس وەک ویلیام کارلۆس ویلیامز  بڕوای بەوە نەبوو کە دەتوانرێت شیعر لە هەموو شتێک دەربهێنرێت. ئەو دەیگووت دۆخێک نییە شیعری و هونەری بێت و دۆخێکیتر ناشیعری بێت، هیچ بابەتێک ناشیعری نییە. لە چاوپێکەوتنێکدا سیلڤیا پلاس دەڵێت، (من دەزانم هەموو شتێک دەکرێت ببێت بە شیعر، بەس بەڕاستی ناتوانم فڵچەی ددان بخەمە ناو شیعرەوە)، بەڵام لای ویلیام کارلۆس ویلیامز فڵچەی ددان و هەموو شتێکی تر دەکرا ببن بە شیعر. یان بە جۆرێکی تر، شیعر لە هەموو شتێکدا بوو، ئەوەی گرنگە بە وێنەکردنێتی لە ڕێگەی وشەوە.
ئەو وێنەخوازێکی پوخت بوو، شیعر بۆ ئەو وێنەیەکە بە وشە، وشەی دەقیق و کەم. بێ پەنابردنە بەر هیچ میتافۆرێک یان وەسفی درێژ و وەردەکارانە. خوێندنەوەی شیعرەکانی بە گشتی وەک کێشانی وێنەیەکە، تۆ ڕاستەوخۆ وێنەیەکی کێشراو دەبینیت.  بابەتەکە  بە تەنیا درووستکردنی وێنە نییە لە شیعردا، بەڵکو شیعر خۆشی هەر وێنەیە. شیعر شتێکە دەبێت بیبینیت، ئۆبجێکتێکی بینراوە. کۆمەڵە وشەیەکە کە بەسەر لاپەڕەیەکدا بە شێوەیەکی ڕێکخراو  دابەشبوون.
باشترین نموونە بۆ ئەم قسانە، ڕەنگە شیعرە زۆر ناسراوەکەی، عەرەبانەی دەستیی سوور بێت.  ئەم شیعرەی لە کاتی سەردانکردنی ماڵی یەکێک لە نەخۆشەکانیدا نووسیوە، لە پەنجەرەکەوە دەبینێت لە حەوشەکەدا عەرەبانەیەکی سوور دانراوە و چەند مریشکێکی سپی لە دەوریدان.

 

زۆر
وابەستەیە

بە عەرەبانەیەکی دەستیی
سوورەوە

کە بە ئاوی باران
ڕووەکەی ساف بووە

بە تەنیشت مریشکە
سپییەکانەوە

 

 

واڵاس ستیڤنس کە هاوزەمەنی ویلیام کارلۆس ویلیامز و ستایشکەری ئەزموونەکەشی بوو، لە شوێنێکدا لە وەسفی ویلیام کارلۆسدا دەنووسێت، شاعیرێک دژی شیعرییەت.
ویلیام کارلۆس ویلیامز خۆی پێی وانییە دژی شیعرییەت بێت لە شیعردا، بە دەقەقی ئەو دژی شیعراندنە، چونکە شتەکان خۆیان هەڵگری ڕەهەندی شیعرین و پێویست ناکات ئیمە بیان شیعرێنین. کە دەڵێین شت، بە مانای وشە مەبەستمان لە شتە. شت بایەخی هەرە گەورەی هەیە لە شیعرەکانیدا. بە دەربڕێنێکی تر گەر وەسفی ویلیام کارلۆس ویلیامز بکەین، دەتوانین بڵێین، شاعیری شتەکان. لە کارە دیارەکانی ویلیام کارلۆس ویلیامز قەسیدەیەکی درێژە بە ناوی پاترسن. دێڕێک هەیە لەم قەسیدەیەدا چەند جارێک دووبارە دەبێتەوە: هیچ ئایدیایەک نییە، لە شتەکاندا نەبێت.  ئەم دێڕە دەتوانین بکەین بە پێناسێکی باش بۆ ئەزموونی شیعری ویلیام کارلۆس ویلیامز.
واڵاس ستیڤنسیش دواتر شیعرێک دەنووسێت بەم ناونیشانە: هیچ ئایدیایەک نییە دەربارەی شتەکان، شتەکان خۆیان نەبن

ئەم تێڕوانینە بۆ شت و گواستنەوەی وەک خۆی بۆ ناو شیعر بێ هیچ زیادەکردنێک و کەمکردنێک، ئامانج لێی بینینی شتەکانە وەک خۆیان لە ڕێگەی شیعرەوە. هەموان دەزانین کە وشە ئاماژە بۆ شتێک دەکات، بەڵام بە گشتی لە ناو مێژووی فیکر و هونەر و ئەدەبییاتدا، دواتریش لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، هەموو ئەم مەدلولانە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، هیچیان لە ئاستی خۆیدا نابینرێن، یان بەرزتر یان نزمتر. بە جۆرێک هیچ شتێک مانا یەکەمی خۆیی نەماوە، هەموو مەدلوولێک،  کایەیەک دەستی تێوەرداوە بردوویەتییە ئاستێکی تر، هەموویان مانای دووەم و سێیەمیان بە بەردا کراوە. لە ئەزموونی ویلیام کارلۆس ویلیامزدا هەوڵێک هەیە بۆ ڕووتکردنەوەی شتەکان و وشەکان لە هەموو مانایەکی سەرووتر و خوارتر لە خۆی. بینینە لە ئاستی چاودا. واتە ئێمە لەناو شیعرەکانی کارلۆس ویلیامزدا ئەو وشانەی دەیانبینین، دەبێت وەک بینینی یەکەممان بێت بۆیان.
بابەتەکە بە جۆرێکە کە ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ مێژوویەک تێیدا مەدلوولەکان بارگاوی نەکرابن بە بیر و ئایدیای تر. بۆیە ڕاستییەکەی دەتوانین بڵێین ئەم هەوڵانە، هەوڵ نین بۆ گەڕاندنەوەی شتێک بۆ شوێنی خۆی، بەڵکو هەوڵی درووستکردنی شتێکی نوێن، کە دەبوو یان دەبێت هەر وابن. بۆیە دەڵێت: “جیهانێکی نوێ، زهنییەتێکی نوێی پیویستە”.  شیعری ویلیام کارلۆس ویلیامز دەبێت لەم ڕوانگەیەوە بخوێنرێتەوە، عەرەبانە، هیچیتر نییە جگە لە عەرەبانەیە. مریشک هەر مریشکە و باران هەر بارانە و هەڵووژەش هەر هەڵووژەیە. هەموو ئەمانەش ئەو کاتەی بە تەنیا خۆیانن و هیچی تر نین. دەکرێت لێیان بڕوانین و سەرلەنوێ بە جۆرێکی تر بیریان لێ بکەینەوە و تێڕوانین و بیرکردنەوەی نوێ بۆ جیهان درووست ببێت.  هەرچی دەربارەی شیعرییەتیشە، هەر لەم ڕوانگەیەوە دێت، ڕووتکردنەوەی هەموو شتێک لە هەر ئایدیا و بیرێکی پێشوەختە، بۆ خۆی شیعرە.

“من ڕادیکاڵم، دەمەوێت شیعری تازە بنووسم” ئەمە یەکێک بوو لەو وەڵامانەی کە لە سەرەتادا کەسانێکی زۆر پرسیاریان لێ دەکرد کە ئاخۆ ئەم شیعرانە چین و چۆنن کە دەینووسی.
لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا نزیک بوو لەوەی بە هۆی شیعرەکانییەوە پێگەیەکی ئەدەبی بەرز وەرگرێت لە ئەمریکادا، بەڵام وەک زۆربەی هونەرمەند و نووسەرانی تری ئەو سەردەمەی ئەمریکا، بە بیانووی ئەوەی لایەنگری هەبووە بۆ کۆمۆنیزم، دوورخرایەوە لە هەموو شتێک.

ویلیام کارلۆس ویلیامز لە ساڵی ١٨٨٣ لە دایکبووە و ساڵی ١٩٦٣ کۆچی دوایی کرد.

 

 

وێرانبوونی تەواوەتی

ڕۆژێکی بەستەڵەک بوو
پشیلەکەمان ناشت و
لە حەوشەی پشتەوە
گڕمان بەردایە سندووقەکەی.
ئەو کێچانەی لە
زەوی و ئاگرەوە هەڵهاتن
لە سەرمادا ڕەقبوونەوە.