زمانی باڵندەم دەزانی

کەژاڵ ئەحمەد

November 9, 2018

کەژاڵ ئەحمەد یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی شیعری کوردی، لەم ٣٠ ساڵەی ڕابردوودا. ئەو لە ناوڕاستی ساڵانی هەشتاوە دەنووسێت. لە شیعرەکانی کەژاڵدا بە گشتی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی و یاخیبوونێک لە ئاستی نەریتی باوی کۆمەڵدا دەبینین، هەڵبەت بە بێ ئەوەی ئەمانە هیچیان لە شیعرییەتی شێعرەکانی کەم کردبێتەوە.
کەژاڵ ئەحمەد بە بۆنەی ژیانی تایبەتی خۆیەوە، ئەم ساڵانەی ڕابردوو لە ناو فەزای شیعری کوردیدا بێدەنگ بوو، بەڵام بێگومان لە نووسین نەوەستاوە و پڕۆژەی نوێی بەڕێوەیە.  ئەمەی دەبینین بەشێکە لە شیعرێکی نوێی، کە تایبەتە بە ماڵپەڕی بالندە. لە داهاتوودا هەر لێرەوە تەواوی دەقەکە 
دەبینین. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

زمانی باڵندەم دەزانی
کەژاڵ ئەحمەد
٧\٧\٢٠١٨  عەممان

 

 

من کە هاتم
زمانی باڵندەم دەزانی
سپێدە دەچوومە سەربان،
جامێک ئاوم دادەنا و
کەوچکێک لە چاوەڕوانی!
چەند مێژوویەکی ڕەنجەڕۆم
من هودهودەکەی سلێمان بووم
وەختی خۆی
کە ڕۆیشتم دەوریان دام بە گومان.
کە هاتمەوە
عەرشی شیعرم دۆزییەوە و
خۆم نەدۆڕاند.
دەمزانی زوویرە باڵندە کە نادوێ
پەستە، زۆر پەستە لە ئینسان.