گەورەبوون کۆتاییەکە نەبوو

زاموا محەمەد

زاموا محەمەد / (١٩٩٦- ....)

December 24, 2022

زاموا محەمەد، لە شاعیرانی نەوەی نوێی کوردە. ساڵی ١٩٩٦ لە سلێمانی لەدایکبووە. بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە. لە چەندین وێبسایت و گۆڤار بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە. خاوەنی کۆمەڵە چیرۆکێک و ڕۆمانێکی وەرگێڕدراوە. هەروەها کتێبێکی شیعریشی هەیە بە ناوی لەرزی عەرش و لەرزی باغیش کە لە چاپکراوەکانی ناوەندی باڵندەیە.

 

 

 

گەورەبوون کۆتاییەکە نەبوو
زاموا محەمەد

 

 

 

 

لە کۆتاییدا
هەست دەکەیت قسەکان وەک پێویست قسە ناکەن،
پیتەکان تەپوتۆز لەسەر شانیان دەنیشێت،
ڕستەکان ڕێی ماڵەوە ون دەکەن،
ددانی دێڕەکان کول دەبن.

ئەم هەموو خەونەی بە کۆڵتەوەن،
وادەزانیت بۆ کوێیان دەبەیت؟

ئەم باغانەی لەسەر سنگت دەڕوێن،
کێ پیاسەیەکیان پێدا دەکات؟

ئەم هەموو بایەی بەدوایانەوەیت،
کە ڕاوت کردن
وادەزانیت بۆ کێیان دەبەیتەوە؟
(بە گەنجی، دەتگوت دوای بایەکە دەکەوم، نەک کڵاوەکە.
بفەرموو: بایەکە هەر ڕایکرد و کڵاوەکەش بوو بە مانگ، بە خۆر، بە یار
یان بە هەرچییەک کە تۆ دەستت پێی نەگەیشت. ئێ؟
حیکایەتەکە باوەشی بە دەستپێکە لێڵەکانی خۆیدا کردەوە
وەک هەموو شتەکانی تری شیعر و چیرۆک و ژیان و ئەدەب
کە باوەش بە خۆیاندا دەکەنەوە. چ بکەین من و تۆ؟
ڕاڕەوە بازنەییەکانی کات وا کار دەکەن
گەورەبوون کۆتاییەکە نییە.)

چیی تر؟

هاوارێک بێرەدا تێپەری و کەس نەیبیست،
شاعیرێک دێڕەکانی تەواوبوون و کەس تێنەگەیشت،
پێغەمبەرێک بیستوشەش سەدە گەڕا و خودایەکی دەست نەکەوت،
ڕۆماننووسێک پەڕەکانی تەواوبوون و فریشتەیەک لە هەورەبانەکەوە نەهات،
شەیتانێک هەموو باغەکان گەڕا و هاوڕێیەکی نەدۆزییەوە،
چیرۆکنووسێک هەموو دیارییەکانی هەڵپچڕی و خەنجەرێکیان تێدا نەبوو،
مردوویەک هەموو گۆڕەکانی ژمارد و نەگەیشتە خۆی.

چیی تر؟

ڕەنگە قورس بێت ماڵیکردنی جنۆکەکانی ناو دێڕێک
ڕەنگە قورس بێت نوشتاندنەوەی ڕاستەهێڵەکانی زەمەن
یان شکاندنی ئەم هەموو بازنەیەی ئەبەدییەت؛
هەموو ڕۆژێک زاموایەک فڕێ دەدەم
تا لە کۆتاییدا، ناچار، خۆم هەڵبگرمەوە؛
قورسە گەورەبوون کە بریتییە لە فڕێدانی خۆت،
تەنیا لەبەر ئەوەی بگەیتەوە بە خۆت.

چیی تر؟

ژیان؟
نانێک کە زۆربەی جار دەیخۆیت، هەندێک جاریش نایخۆیت
نووستنێک کە زۆربەی جار تووشی دەبیت، هەندێک جاریش تووشت دەبێت
گانێک کە زۆربەی جار لەبیرت دەچێت، هەندێک جاریش لەدەستت دەچێت
دێڕێکی باش کە هەندێک جار تۆ دەینووسیت، زۆربەی جاریش تۆ ناینووسیت.

چیی تر؟

وەک مرۆڤێک، دڵم پڕ بوو لە ئومێد
وەک چیرۆکنووسێک، زارم پڕبوو لە تێڕامان
وەک ڕۆماننووسێک، گیرفانم پڕبوو لە زەمەن
وەک شاعیرێک، پەڕەکانم پڕ بوون لە مەحاڵەکانی زمان
یان،
وەک مرۆڤێک، دڵم پڕە لە مەحاڵەکانی ژیان
وەک چیرۆکنووسێک، ژوورێکم هەیە پڕ لەو چەقۆ کولانەی کاتیان پێ نابڕدرێت
وەک ڕۆماننووسێک، گیرفانم پڕە لە کلیلی زیندانە بەتاڵەکان
وەک شاعیرێک، پەڕەکانم پڕن لە چۆکدادانەکانی زمان بۆ ژیان (یەع).

ئەمەبوو گەورەبوون؟
دەکرێت بڵێیت ئا، دەکرێت بڵێیت نا
دەکرێت بڵێیت من گەورە نەبووم،
یان تۆ گەورە نەبوویت:
بەڵام دەبوا یەکێک بێت و بڵێت
گەورەبوون کۆتاییەکە نەبوو.

پەراوێز:
دەمبوورن دێڕەکان، چیرۆکەکان
دەمبوورێت شیعر
دەمبوورن خۆم و لیلا و شەکر
یان هەموو ڕیشووەوانەکانی تر کە ئەم تۆپەڵە ڕووناکییە
لەژێر ئەم ئاوە ڕەشەدا هەناسەیان پێ دەدات.
خەتای من نییە،
قسەکان وەک پێویست قسە ناکەن: ئەم شەوەشیان کۆتایی دێت.