بهێڵە با ئەمەریکا دووبارە ببێتەوە بە ئەمەریکا

لانگستۆن هیووز/شاعیری ئەمەریکی

June 2, 2018

 

لانگستۆن هیووز، شاعیری ڕەشپێستی ئەمەریکی، لە ١ـی فێبریوەریی ١٩٠٢ لە جاپلین، میزۆری لە دایک بووە. ٢٢ـی مەیی ١٩٦٧ لە نیویۆرک کۆچی دواییی کردووە. – باڵندە

 

 

 

بهێڵە با ئەمەریکا دووبارە ببێتەوە بە ئەمەریکا
لانگستۆن هیووز
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەشید مەحموود

 

بهێڵە با ئەمەریکا دووبارە ببێتەوە بە ئەمەریکا.
بهێڵە با ببێتەوە بەو خەونەی کە بوو.
بهێڵە با ببێتەوە پێشەوای سەر زەوی.
بگەڕێت بە دوای ئەو ماڵەی لێی ئازادە.

 

(ئەمەریکا بۆ من هەرگیز ئەمەریکا نەبووە.)

 

بهێڵە ئەمەریکا ببێتە ئەو خەونەی خەونبینەکان دەیانبینی.
بهێڵە ببێتە خاکی بەهێزی عەشق
کە شوێنی پیلانگێڕیی پاشا و ستەمکاران نەبوو
هیچ مرۆڤێک لە لایەن مرۆڤی سەرووی خۆیەوە نەدەچەوسایەوە.

 

(هەرگیز ئەمەریکا نەبووە بۆم)

 

ئای، بهێڵە خاکەکەم ببێتە ئەو خاکەی
تاجەگوڵینەی ئازادیی لەسەرە نەک تاجێکی نەتەوەپەرستیی ساختە،
بەڵام دەرفەت حەقیقەتە، ژیان بێبەرامبەرە،
یەکسانییش لەنێو ئەو هەوایەدایە کە هەڵیدەمژین.

 

(یەکسانی هەرگیز بۆ من نەبووە،
نە ئازادییش لەم “خاکی ئازادییە”)

 

بێژە، تۆ کێی کە وا لەنێو تاریکیدا منگەمنگ دەکەیت؟
تۆش کێیت کە وا پەچەت بەنێو ئەستێرەکاندا دەکێشیت؟

 

من هەژارێکی سپیم، هەڵخەڵەتێنرام و وەلاوە نرام،
من ڕەشپێستم زامی کۆیلەکانم لە کۆڵ ناوە،
من سوورپێستێکم لە نیشتیمانم دەرکرام
من کۆچبەرم ئەو ئومێدەی دەمەوێت گرتوومە و دەگەڕێم
هەمان ئەو پلانگێڕییە شەڕەسەگە گەمژەیییە دەدۆزمەوە
کە بەهێز بێهێز لەناو دەبات.

 

من ئەو گەنجەم کە پڕە لە هێز و هیوا،
لە کۆتوبەندی ناکۆتای قازانج و هێز
دەستکەوە، لە دەستبەسەرداگرتنی نیشتیمان ئاڵاوم
لە دەستگرتن بەسەر زێڕ! لە دەستگرتن بەسەر ڕێگەکانی دابینکردنی پێداویستییەکان!
لە دەستگرتن بەسەر کاری مرۆڤەکان! لە بردنی مووچەکانیان
لە بردنی هەموو شتێک لە پێناو چڵێسیی تاکەکەسێک.

 

من جووتیارم، بەندەی خاکم.
من کرێکارێکم فرۆشرام بۆ ئامێر.
من ڕەشپێستم، خزمەتکاری هەمووتان.
من خەڵکم، سادە، برسی
یانی برسیم تا ئەمڕۆ سەرەڕای خەونیش.
لێیان داوم تا ئەمڕۆ- ئای پێشەواکان!
من ئەو مرۆڤەم کە هەرگیز بەرەوپێش نەچووە،
هەژارترین کرێکار بە درێژاییی ساڵەکان.

 

هێشتان ئەو کەسەم کە خەونە سەرەکییەکانم بینی
لە جیهانی کۆندا، لە کاتێکدا هێشتان بەندەی پاشاکانە،
کێ زۆر بەهێزەوە خەونی بینی، زۆر ئازایانە، زۆر ڕاست،
کەچی هێشتان بە چاونەترسی و ئازایانە گۆرانی دەڵێت
لەنێو هەر خشت و بەردێکدا، لەنێو پێچی هەر کەندەکێکدا
ئەمە ئەمەریکای کرد بەو سەرزەمینە.
ئای، من ئەو پیاوەم کە دەریاکانم بڕی
لە گەڕان بە دوای ئەو شوێنەی ببێتە ماڵم
من بووم کەنارە تاریکەکانی دوورگەی ئێرلەندانم جێ هێشت،
دەشتاییی پۆڵەندا و مێرگەکانی ئینگلتەراش،
خۆم لە کەنارە لماوییەکانی ئافریکای ڕەش کردەوە و
هاتم تا “نیشتیمانێکی ئازاد” بنیاد بنێم.

 

ئازاد؟

 

کێ گوتی ئازاد؟ من نەبووم؟
بێگومان من نەبووم؟ ملیۆنان کەس لە پشوودان ئەمڕۆ؟
بە ملیۆنان کوژران کاتێک ئێمە مانمان گرت؟
ئەو ملیۆنانەی کە کرێی ئێمەیان نییە؟
بۆ ئەو هەموو خەونەی بینیمان
بۆ ئەو هەموو گۆرانییانەی گوتمان
بۆ ئەو هەموو ئومێدانەی هەڵمان گرتن
بۆ ئەو هەموو ئاڵایانەی هەڵمان واسین،
ئەو ملیۆنانەی کرێی ئێمەیان نییە
جگە لەو خەونەی کە ئەمڕۆ مردووە.

 

ئای بهێڵە ئەمەریکا دووبارە ببێتەوە بە ئەمەریکا
بەو سەرزەمینەی هێشتان نەبووە
دەبێت ببێت- بەو خاکەی هەموو مرۆڤێک لێی ئازاد بێت.
بەو خاکەی کە هیی منە-هیی مرۆڤە هەژارەکان، هیی هیندییەکان، هیی ڕەشپێستەکان، هیی من کە ئەمەریکام دروست کرد.
بۆ ئەوانەی ئارەق و خوێنیان ڕشت، بۆ ئەوانەی باوەڕیان هەبوو ئازاریان چەشت، بۆ ئەو دەستەی بنیادی نا،
بۆ ئەوانەی گاسنیان لەنێو باراندایە
دەبێت خەونە بەهێزەکانمان بگەڕێننەوە دووبارە.

 

بە دڵنیایییەوە، بە هەر ناوێکی ناشیرین کە دەتەوێت بانگم بکە
پۆڵای ئازادی ژەنگ نایگرێت.
لە لایەن ئەوانەی وەک زەڕوو دەژین لەسەر ژیانی خەڵک.
پێویستە دووبارە نیشتیمان بگەڕێنینەوە،
ئەمەریکا!

 

ئای، بەڵێ
بە ڕوونی دەیڵێم،
ئەمەریکا هەرگیز ئەمەریکا نەبووە بۆم
بەڵام هێشتان سوێند دەخۆم
کە ئەمەریکا دەبێت!

 

بەدەر لە وێرانکاریی لەناوچوونی چەتەکانمان،
بەدەر لە تاڵانی و گەندەڵی، لە دزی و درۆ

 

ئێمە، خەڵک پێویستە ڕزگار بکەین

 

نیشتیمان و سامانە سرووشتییەکانی، درەخت و ڕووبارەکانی

 

چیاکان و دەشتە بێکۆتاکانی
ناوچە سەوزە فراوانەکانی و
دووبارە ئەمەریکا بنیاد بنێینەوە.

 

 

منیش هەروەها
هەروەها منیش گۆرانی دەڵێم ئەمەریکا.

 

من برایە تاریکەکەم.
دەمنێرنە مەتبەخەکە بۆ نانخواردن
کاتێک هاوەڵەکانیان دێن،
بەڵام من پێدەکەنم،
باش دەخۆم،
بەهێزیش دەبم.

 

بەیانی
لەسەر مێزەکە دەبم
کاتێک هاوەڵەکان دێن
کەس بوێریی ئەوەی نابێت
پێم بڵێت
“لە مەتبەخەکە نان بخۆ”
ئەوکات.

 

زیاتر لەوەش
دەبینن کە چەندە جوانم و
شەرم لە خۆیان دەکەنەوە.

 

منیش هەروەها، من ئەمەریکام

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار