ئەمە یەکێکە لە شیعرەکانی ڕاهۆز کامەران. ئەو لەدایكبووی 1994ـە لە شاری سلێمانی و ئێستا خوێندكاری قۆناغی سێیەمی پەیمانگای هونەرە جوانەكان/بەشی شانۆیە. چەند ساڵێكە دەنووسێت و ناوبەناو لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا شیعر بڵاو دەكاتەوە. لە (فێستیڤاڵی گەلاوێژ)دا خەڵاتی شیعری بردووەتەوە. ڕاهۆز سەر بەو دەنگە شیعرییانەیە بە جەختەوە دەیەوێت سەبارەت بەو سەردەم و قۆناغە بنووسێت کە تێیدا دەژیت، کە ڕێک ئەم ڕۆژەیە. بە جۆرێکی تر، ئەو پێی بە توندی لەسەر زەوی جێگیر کردووە و هەندێک جار دەیەوێت بە زمانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم ڕۆژگارە و زەوییەکەیدا بنووسێت. لەم شیعرەیدا، لە زمان و دیمەنەکاندا، هەست بە پەرتییەک دەکەین، کە لە کۆتاییی شیعرەکەدا یەکبوونەوەیەکی بابەتیی شیعری دێتەوە بەرچاو و زەینمان کۆ دەکاتەوە؛ بینەری تاکێکی دڕدۆنگ، ڕەخنەگر و نا‌ئومێد دەبین لە ڕۆژگارێکدا کە بۆ ئەو تەنیا زمان ماوەتەوە، ڕوونتر: تەنیا دەربڕین ماوەتەوە لە ئاستی شاعیرێکدا. – ماڵپەڕی باڵندە
حه‌ز ده‌كه‌م ده‌رباره‌ی گۆڕی تۆ بنووسم كه دڵمه
ڕاهۆز کامەران
ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌م هه‌یه
بۆچى ئه‌مه ئه‌و ژیانه بێت
كه به‌هه‌شتى بۆ بەجێ هێڵدراوه؟!
ناو پاسه‌كان زۆر گه‌رمن
بیستویەک كورسیى هه‌یه و
ئێمه بیست كه‌سین
ده‌بێت كه‌سێك هه‌بێت نه‌یه‌ت هه‌میشه!
دووكه‌ڵى بهرزهوهبووى خهونهكانمن
وشه‌كان،
زه‌وى هه‌مووى بووه به جاده
سوپاس بۆ زمان
سانتیمێك مه‌ودای داومه‌تێ تێیدا بژیم
جاده بۆ ئۆتۆمبێله و
من هێشتا
مر‌ۆڤم!
هه‌ست ده‌كه‌م چراى بێگڕم
بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه…
بیرى ماست ده‌كه‌م
كه دهتدى به لێومهوە بەجێ ماوه
پێده‌كه‌نیت…
ماست نه‌ماوه
هه‌موو شتێك چووه‌ته‌وه نێو ماڵى خۆی
هێلكه نێو قوونى مریشكان
شیر له‌نێو گوانى مهڕهكانیشدا نه‌ماوه
بۆمبه‌كان سهوزایییهكانیان خوارد له برى مه‌ڕه‌كان خۆشه‌ویستم!
سه‌ره‌تا كێشه‌كه‌م له‌گه‌ڵ كۆڵانه‌كه‌ماندا بوو
دواتر قوتابخانه‌كه‌م و
پاشانیش ماڵه‌وه و
تا گه‌یشت
به خۆم.
هه‌رشتێك له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه بگونجێت
بۆ من نابێت
سه‌رده‌مى هه‌موو شتێكى ڕووناك
بێ له دڵه‌كان.
حه‌ز ده‌كه‌م ده‌رباره‌ى گۆڕی تۆ بنووسم
كه دڵمە…
بیرى ده‌ستت ده‌كه‌م
كه سوارى یه‌كێك له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى سه‌ر یه‌كێك له‌و شه‌قامانه‌ی نێو ئه‌م سه‌رده‌مه بوو و هه‌رگیز نه‌مدییه‌وه…
ده‌ستم ته‌نیایه بێ تۆ
وه‌ك ئه‌و ئهسپهى ته‌نیایه بێ سواره‌كه‌ی.