دەخیل خەلیفە شاعیری کوەیتی، یەکێکە لە شاعیرە نوێخوازەکان. هەوڵی داوە بە زمانێکی نوێ، کە جیاواز بێت لە زمانی باوی نووسین، داهێنان بەرپا بکات. لەدایکبووی ساڵی 1964ـە. چوار دیوانە شیعری چاپکراوی هەیە «چاوەکانی سەر دەروازەی مەنفا»، «دەریایەک هەڵدەکورمێت»، «بیابانێک لە فەزای کراسەوە دێتە دەرێ» و «دەستێکی بڕاو لە دەرگا دەدات.» لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا، کە ڕۆژنامەی ‘الشرق الأوسط’ لەگەڵ خەلیفەدا سازی کردووە، لە پرسیاری ئەوەی کە بۆچی هەمیشە جۆرێک لە خەم، ئەتمۆسفیری قەسیدەکانی تەنیوە، لە وەڵامدا دەڵێت: «تۆ بڵێیت شادی یان خۆشنوودی، حاڵەتێک بێت قابیلی نووسینەوە و پیادەکردن بێت؟ هەرچی لە دەوروپشتی ئێمە دەگوزەرێت هەر هەمووی تێکشکانە، شەڕی چینایەتی، تایفەگەری، دەستەگەری، ڕۆژنامەی سیخناخ بە شەڕەجوێن، گەلانی دواکەوتوو و باڵادەستیی شەریعەتی جەنگەڵ… کەواتە لە وەها بارودۆخێکدا، چۆن دەکرێت دەقگەلێک بەرهەم بهێنیت کە لە بابەتی “تۆم و جێری” بن!» – ماڵپەڕی باڵندە
ئەو نائومێدییانەی نیشتیمان پێکیانەوە گرێ دەدات!
دەخیل خەلیفە
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: جەمال غەمبار
ئەمشەو
پێکەوە لە هەوادا دەکەوینە پەلەقاژە
لەوانەیە بەرەو سەرێ بەر بینەوە…!
یان پێکەنینمان بەو نائومێدییانەی خۆمان بێت
کە قاچیان لە ڕۆحمانەوە شۆڕ بوونەتەوە خوارێ
بەو خەونانەش پێبکەنین
کە بۆ هاتن، پێویستیان بە ڤیزا هەیە…!
٢-تەرم:
پەنجەکانم لە دەستم کردنەوە و
سەریشم خستە نێوان دوو جبەخانەوە.
من ئاوەهام لە بۆشاییدا…!
ئیتر ئەوانەشی بێرەدا ڕادەبوورن
پێکەنینیان بە تارمایییەکانی خۆیان دێ و
گاڵتەش دەکەن بە تارمایییەکی بێسەر و
بەو دەستەشی،
کە لە گیرفانەکانی تەرمەکەدا، بۆ پەنجەکانی خۆی دەگەڕێت…!
٣-ژوورێک:
ئەو هەناسانەم خۆش ناوێن کە دووچاری پیسبوون هاتوون.
ئەو دڵانەشی کە بە ڕەنگی ڕەش کفن کراون.
ئەو قەنەفەیەم خۆش ناوێت
کاتێ پشتی خۆی دەتەکێنێ
ئاهی عاشقێک، بە تەنیا لە یەک لاوە، تۆز دەکات.
ئەو ژوورەشم خۆش ناوێت
ئەو دەمەی، لەناو دڵێکی ڕەشدا،
دەبێتە ئاسمانێکی ڕووتوقووت!
■
برسێتی
برسییەک بە لامدا تێپەڕی و
شانی دادایە سەر قەراغی دڵم و
پەڕەپەڕە هەڵی دامەوە…
گریا، ئەو دەمەی ڕووبارێکی تێدا نەبینیم!
■
پێناسە
خۆشەویستی تەلەفۆنکردنێکی بە پەلە نییە و
ژوورێکیش نییە بە تەختێکی نووستنی دوونەفەرییەوە
هەتا جێگەی پێکەنینێکی دواخراوی تێدا ببێتەوە.
خۆشەویستی،
پۆزشێکی درەنگوەختە بۆ شەقامێک،
کە بە تەنیایی ڕۆژ دەکاتەوە…!
■
دژەیاسا
ئەو پێکەنینە تەنیایەم کە لە یاسا یاخی بووبوو،
دوێنێ لە لێواری شەودا لە بیرم کرد.
ئەم بەیانییە، بەبێ دەم، لە خەو ڕابووم…!
■
ئەگەر
ئەگەر سێبەرێک
بە لای ترپە پەرشوبڵاوەکانی ئەوێمدا تێپەڕێت
تەرمەکەم دەدۆزێتەوە، پێش ئەوەی لێی هەڵبێم!
ئەگەر قاچێک بە سەهوو پێش قاچەکەی تر کەوت
فرمێسکە بەتەختەبووەکەی من دەشێلێت…
ئەگەر سەگێک قرووسکەی بێت
ئەوا من ڕادەبم و
شەقامەکە بەسەر نیوەکەی تری خوارەوەمدا کێش دەکەم.
■
نیشتیمانەکان
شەقامێک نییە بتباتەوە سەر
ئەم هەموو کابووسە.
دەبوایە نیشتیمانەکان کەمێك گەورەتر بن.
دەبوایە قاچ و دەستە ژەنگاوییەکانی خۆیان وەک نینۆک بکەن.
دەبوایە خۆ بە گەورەتر بزانن لە بڵقە بچووکەکانی خۆیان.
دەبوایە لە بری پارچەیەکی سپی و
لە جیاتی چاڵێک کە جێی فرمێسکی
سەگێکی بەرەڵڵای تێدا نابێتەوە،
نیشتیمانەکان دەبوایە گوڵێکمان بدەنێ… گوڵێک!
■
تەورەکان
ئەگەر جەستەم قەدی درەختێک بوایە
بەرگەی ئەم هەموو تەورەی نەدەگرت.
خەیاڵ بردمییەوە،
بە خەیاڵ، زەمین فەرشێک بوو بە ئاسماندا گەشتی پێ دەکردم.
بۆ ئەوەی لە ناکاو ئەستێرەکان یەک یەک ماچ بکەم!
کە بە ئاگا هاتم
بینیم هەموان سەما لەسەر ئێسکوپرووسکم دەکەن.
ئەگەر دڵم فانۆسێک بوایە
بەرگەی ئەم هەموو دووکەڵەی نەدەگرت
کە شووشەکەیان تەڵخ کردووە!
■
تیکەیەک سەرشۆڕی
بەبێ هۆ، بەسەر شووشەکەدا دەڕۆیت
وەک ئەوەی موعتاد بیت بەوەی
هەموو ساڵەکان
لە گیرفانە کونتێبووکەی خۆتدا بەتاڵ بکەیتەوە!
با خۆشەویستی ئەو زەردەخەنەیە بێت،
بە سانایی نەکەوێتە بەردەستی دڵ!
یان فرمێسکی سەر ئەو وەهمە بێت
کە لە زاکیرەیەکی پڕ لە وڕێنەدا، لارەلار بکات!
تۆ دەتوانیت چۆنت بوێت،
ئاوا تەمەن دابەش بکەیت؛
هەر ساڵەی لەبەر دەرگایەکدا.
هەر مانگەی تیکەیەک سەرشۆڕی.
هەر ڕۆژەی فێڵێک.
تەنیا بۆ ئەوەی وەک جەستەیەکی بەتاڵ
بە تەنیا ڕێ بکەیت!
سەرچاوە: ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط) – ژمارە 12220 – ڕۆژی 13ی مایۆی 2012 .