باوکە

سلڤیا پلات/شاعیری ئەمەریکی

September 9, 2018

 

باوکە، شیعرێکی سلڤیا پلاتـە، کە تێیدا ئازارەکانی خۆی دەگێڕێتەوە.  لە تەمەنی دەساڵییەوە باوکی لە دەست داوە و بۆشایییەکی وای بۆ دروست بووە کە بۆ پڕکردنەوەی تەنانەت هەوڵی خۆکوشتنیشی داوە. زمانی شیعرەکە تا ڕادەیەک لۆکاڵی و تەماوییەوە. ویستی سلڤیاش بۆ جوانڕاگرتنی ڕایمەکانی لەوە ئاڵۆزتری کردووە کە دوای وەرگێڕان ببێت بە کوردییەکی هێندە ڕوون خوێنەر لە هەندێ شوێندا ڕانەگرێت. لە زۆر خاڵدا وەرگێڕ ناچار بووە لە وێبسایتە ئنگلیزییەکاندا بۆ شەرحی دێرەکان بگەڕێت تا بتوانێت بەو مەبەستەی بۆی نووسراوە، بیانکاتەوە بە کوردی. -وەک ستافی باڵندە سەرەڕای ئاڵۆزیی شیعرەکە هێشتا پێمان باشتر بوو ئەم شیعرە بە کوردی هەبێت.- ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

باوکە
سیلڤیا پلات
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڤییەنا سەلام

 

 

 

تۆ چیتر وا ناکەیت، وا ناکەیت

چیتر پێڵاوی ڕەش لە پێ ناکەیت

 کە لەنێویدا وەک پێیەک سی ساڵ هەژار و ڕەنگبردوو ژیام

بە ئاستەم دەموێرا هەناسە بدەم یاخود بپژمم. کە لەنێویدا

باوکە، دەبوو بتکوژم،

تۆ مردیت پێش ئەوەی کاتم هەبێت بۆ ئەوە.

مەڕمەڕی قورس، جانتایەک پڕ لە خودا

پەیکەرێکی ترسناک بە پەنجەیەکی پێی ڕەساسییەوە

هەروەکوو پەنجەمۆری فریسکۆ* گەورە

سەرێکیش لە ئۆقیانووسی ئەتڵەسیی نامۆدا

.کە فاسۆلیا لەسەر یەک ڕۆ دەکات

لەو ئاوەی دەرەوەی ناوسێتی* جوان،

.ڕاهاتبوم بپاڕێمەوە تا تۆ چاک بیتەوە

!ئای لە تۆ

بە زمانی ئەڵمانییەوە لە شارۆچکە پۆڵەندییەکەدا بۆت دەگەڕام

کە هیچ نەبوو جگە لە تەختایییەکی ڕووشاو بە باگردێنی

جەنگ، جەنگ، جەنگ!

بەڵام ناوی شارۆچکەکە ناوێکی باوە

هاوڕێ پۆڵەندییە ڕەسەنەکەم

.دەڵێت شارۆچکەکە  دوانزە یاخود دوو ناوی هەیە

بۆیە نەمدەتوانی بزانم کە لە کوێ پێ و ڕەگت داناوە

هەرگیز نەمتوانی لەگەڵتدا بدوێم

زمانم لە شەویلگەمدا گیرا

لە پەتی داوی کۆترێکدا گیری خوارد.

ئش، ئش، ئش، ئش*

بە ئاستەم دەمتوانی بدوێم.

لام وا بوو هەموو ئەڵمانییەک تۆیت و زمانەکەش پیسە.

بزوێنەرێک، بزوێنەرێک

وەکوو جوو دەمهاڕێت

وەکوو جوولەکەی داخاو، ئاوشویتس و بێڵتسن.

هەروەکوو جوویەک دەستم بە دوان کرد

وا بیر دەکەمەوە کە دەشێت جوو بم.

بەفری تەیرۆڵ *، بیرە ڕەوانەکەی ڤیەننا

هیچ بێگەرد و ڕاستەقینە نین،

بە داپیرانە قەرەج و بەختە نامۆ و کارتی تارۆتانەکەشمەوە* دەشێت کەمێک جوو بم.

هەمیشە لێت ترساوم

بە هێزی سەربازیی ئاسمانیی ئەڵمانی زەبەلاحتەوە

بە سمێڵە قیت و

چاوە ئاریایییەکانتەوە، شین و گەش!

!ئای تۆ، پیاوی تانک، پیاوی تانک

خودا نا بەڵام  خاچێکی پەل*

هێندە ڕەش کە هیچ ئاسمانێک نەتوانێت لێیەوە هاوار بکات.

هەموو ژنێک شەیدای فاشیستێکە کە پۆستاڵ بخاتە سەر ڕووخسار،

ئای لە دڵە بێبەزەیییەکەی دڵڕەقێکی وەکوو تۆ!

لەو وێنەیەتدا کە لامە

تۆ لای تەختەیەکی ڕەش وەستاویت!

لە بری پێت، قڵیشێک لەسەر ڕوومەتت هەیە

بەڵام لەو وێنەیەدا هیچ نەگریسییەکی کەمتر نابینرێت

بۆ پیاوێکی ڕەش کە دڵە سوورەکەمی کرد بە دوو لەتەوە.

من دەساڵان بووم کاتێک تۆیان ناشت،

لە بیستساڵیدا هەوڵم دا بمرم و

بگەڕێمەوە

بگەڕێمەوە

بگەڕێمەوە بۆ لای تۆ.

لام وا بوو تەنانەت ئێسقانەکانیشم دەمرن،

بەڵام دەریانهێنامەوە لە توورەکەکە

و بە کەتیرە منیان پێکەوە نایەوە.

دواتر زانیم دەبێت چی بکەم

نموونەیەکم لە تۆ دروست کرد،

پیاوێک لە جلێکی ڕەشدا، بە نیگای هیتلەرییانەوە

ئەوینێک بە ڕەفە و برغووەوە

بە ئەوینەکەم گوت بەڵێ ڕازیم، ڕازیم.

باوکە ئیدی لە کۆتاییدا تێپەڕیم

ئەو تەلەفۆنە ڕەشەی پەیوەندیم پێی دەگرت لەگەڵتدا لە ڕەگەوە کوژاوەتەوە،

دەنگەکان چیتر لەوێوە دەرنایەن.

گەر یەک پیاوم کوشتبێت، یان دوو

ئەو خوێنمژەی کە وەکوو تۆ خۆی نیشان دەدا،

ساڵێک خوێنی خواردمەوە

گەر ڕاستیت دەوێ، حەوت ساڵ بوو.

.باوکە ئێستا دەتوانیت پاڵی لێ بدەیتەوە

پەڵەیەک بە دڵە ئەستوورە ڕەشەکەتەوەیە،

گوندییەکانیش هەرگیز تۆیان نەکوشت،

سەما دەکەن و پێت پێدا دەنێن

هەمیشەش دەزانن کە ئەوە تۆیت.

باوکە باوکە، کوڕی زۆڵ، من تێپەڕیم.

 

 

 

 

 

 

 

________________________________________________________________

*فریسکۆ: پەیکەرێکە لە شاری سان فرانسیسکۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

*ناو سێت: ناوچەیەکە دەکەوێتە شاری ماساچوسێتسی بەریتانیاوە.

*ئش: بە زمانی ئەڵمانی واتا “من”.

*تارۆتان: یارییەکە کە لە ١٣٠٠کاندا لە ئیتاڵیا سەرهەڵدەدات و دواتر بە ئەورووپادا بڵاو دەبێتەوە

*خاچی پەل: سیمبۆڵێکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئۆراسیا، هەروەها هێمای نازییەکانیش بوو.

*تەیرۆڵ: هەرێمێکی مێژووییە لە ناوچەی ئەڵپ کە دەکەوێتە باکووری ئیتاڵیا و ڕۆژئاوای نەمساوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار