برونو ک. ئۆییر شاعیری سویدی، لە ٢٦ـی نۆڤەمبەری ١٩٥١ لە لینشوێپینگ-سوید لە دایک بووە. یەکەمین کتێبی لە ١٩٧٣ـدا بڵاو کردووەتەوە. ئەو توانیویەتی بە شێوازە تایبەتەکەی لە شیعرنووسین و خوێندنەوەیدا، شیعر بەرێتە ناو خەڵکەوە و ببێتە یەکێکە لە شاعیرە خۆشەویستەکانی سوید. لێرەدا دوو شیعری ئەو دەخوێننەوە، شیعری یەکەم تێڕامانە لە پێکەوەبوونێک و هەستەکان، شیعری دووەم بە زمانێکی تەنزئامێز دەسەڵات نغرۆ دەکات.– ماڵپەڕی باڵندە
بە درێژاییی ئاسمان
برونو ک. ئۆییر
وەرگێڕانی: لە سویدییەوە: کەریم تاقانە
لەسەر ڕێی ماڵ لە لای تۆوە
لە سپێدەی سەروبەندی مانگی مارسدا
هەست دەکەم چۆن شەقامەکان لە یەکتر نزیک دەبنەوە و
لە جۆرێک بەرگی سەرسامی و دڵپیسیدا
پەنا بۆ لای من دەهێنن
ڕادەوەستم و لێیان دەگەڕێم کە بێن
لێ دەگەڕێم ئەو شەقامە ساردوسڕانە بە پارێزەوە
باڵیان بە ناخمدا ڕۆ بکەن و
خۆیان گەرم بکەنەوە لە تاریکیی ژووری خەوەکەتدا
کە هێشتا چواردەوری تەنیوم
لەگەڵ ئەو هەموو ئەستێرە بچووک و شینانەدا کە دەدرەوشێنەوە،
کە لە جەستەتەوە دەڕژانە دەرەوە وەختێک لەگەڵ یەکتر سەرجێییمان دەکرد و
تۆ بە لێف شاراوە
لەژێر کاکۆڵەوە بزەت لەسەر لێو بوو بۆ هەر ئەستێرەیەک
کە لە کەوانی داچۆڕاو بەنێو تاریکیدا کاڵ دەبووەوە و
لە ناخی مندا ون دەبوو و
هەڵدەکۆڵرا.
■
هیچ شتێکی تایبەت ڕووی نەداوە
پاشای ئێمە پاشا نییە
شاژنی ئێمە شاژن نییە
هەرگیز نەبوون
هەموو دەزانن ئەوان چین
ئەوان سووکایەتین بە ڕووخساری هەر کتێبێکی ئەفسانەوە
شەوێک دەکەون
وەک دوو گەڵا لە دارێک
لەسەر زەوی دەمێننەوە و دەڕزێن
پێش ئەوەی ڕابماڵرێن
هەورەکانیش
بە درێژاییی ئاسمان هێدی هێدی سەوڵ لێ دەدەن
تەنیا ڕۆژێکی تازەیە
هیچ شتێکی تایبەت ڕووی نەداوە