هه‌ڵاڵه سوهرابی، له شاعیرانی نوێی کورده، ساڵی ١٩٧٦ له بۆکان له دایک بووه. له 1992ـه‌وه ده‌ستی به نووسین کردووه. ساڵانێکە نووسین بۆ ئه‌و بووه‌ته پڕۆسه‌یه‌کی جددی. له‌م شیعره‌یدا، ئه‌و لیستێک له دیواره‌کان ده‌خاته ڕوو، که لێره‌وله‌وێ وه‌ک کاره‌کته‌رێک- نه‌ک شتێک- ده‌رده‌که‌ون. شیعره‌که ده‌توانێت دیواره‌که له شوێنی خۆی بجووڵێنێت، هه‌ندێک جاریش له‌م نێوانه‌دا (مرۆڤ) ده‌بینین، که بێ ئه‌و، هاوکێشه‌که له‌نگ ده‌بێت. – ماڵپه‌ڕی باڵنده
دیوار
هه‌ڵاڵه سوهرابی
دیوار هەیە پێت خۆشە بیڕووخێنی
دیوار هەیە حەز دەکەی شتی لەسەر بنووسی
دیوار هەیە دەتەوێ بیست سی دەنک تابلۆی وردیلە وردیلەی لێ داکوتی ناهێڵن
دیوار هەیە دەتوانی پێی بڵێی تۆ زیادی ئەم ژوورەت بچووک کردووه‌تەوە
دیوار هەیە چڵکنە بێزت نایە چاوی لێ بکەی
دیوار هەیە ئەوەندە پێیان گوتووە تۆ دیواری تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە
دیوار هەیە حەز دەکا تابلۆیەکی پیکاسۆی پێدا هەڵواسن کەچی کاتژمێرێکی نووستووی لێ دراوە
دیوار هەیە ماندووە پێی خۆشە تاوێک ڕاکشێ و بحەسێتەوە
دیوار هەیە ئەوندە وه‌ستاوە نازانێ ڕووخان چییە
دیوار هەیە پێی خۆشە پیاسەیەک بەنێو شاردا بکا و نەگەڕێتەوە
دیوار هەیە ڕقی لە پەنجەرەیە و ناتوانێ لە کۆڵ خۆی بکاتەوە
دیوار هەیە پێویستی بە پەنجەرەیە ئەندازیارەکە نەیفامیوە
دیوار هەیە ئەوەندە سپییە حەز دەکەی بە ڕەژییەک ناوی خۆتی لەسەر بنووسی
دیوار هەیە پێت جوانە چۆڵ بیهێڵیتەوە و نەیڕەنجێنی
دیوار هەیە کۆنەیە ساڵهایە نەگۆڕاوە
دیوار هەیە لە پشت سەرم
لە هیچکام لەو دیوارانە ناچێ
دیوار هەیە لە چی شوێنی ئاپارتمانێکدا هەر ئەو دیوارەت خۆش دەویست
دیوار هەیە هەستێکی تایبەتی دابوو بە حەوشەکە
دیوار هەیە وێنەگرتن لە بەریدا فێنک بوو
دیوار هەیە خشتەکانی بە جۆرێک لەگەڵم قسەی دەکرد
دیوار هەیە شێتە، خەتەکانی لە ڕۆحمەوە ڕەت دەبوو
دیوار هەیە جێی دەهێڵم
دیوار هەیە
دیوار هە
دیوار
دیو
د