خەزال، کچێکی بیستوسێساڵانی خەڵکی باتمانە لە باکووی کوردستان. بە زمانەکانی کوردی و تورکی دەئاخڤێت و دەنووسێت. هەرچەندە لە ژیانیدا تەنیا یەک ساڵ، لە پۆلی یەکی سەرەتایی چووەتە خوێندنگە، بەڵام خۆی هەوڵی داوە و خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین کردووە. دەستی کردووە بە خوێندنەوەی کتێب و نووسینی شیعر. ئەمەی خوارەوە دوو نموونەن لە شیعرەکانی. – ماڵپەڕی باڵندە
ئێستاش بۆ هیچ شتێک درەنگ نییە
خەزال
گۆڕینی بۆ سۆرانی کارزان کارزان
(١)
لە کاتێکی خراپدا یەکترمان ناسی،
ئەو خاکەی تێیدا دەژیاین، زوڵمی تا سەر ئێسقانی زەوی بوو.
ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێ، کە هەستەکانمان نەهاتنە سەر زمانمان.
هەموو ڕۆژێ، من بە ئاگری ئەم شۆڕشە دەسووتام،
نەمدەتوانی پێت بڵێم خۆشم دەوێی
بەڵام بگەڕێوە خەمبار مەبە، خۆشەویستم،
خۆت بێئومێد مەکە و دەرگای دڵت دامەخە
ئێستاش بۆ هیچ شتێک درەنگ نییە،
دەکرێ لە پڕێکدا بێم…
▪▪▪
(٢)
شەوێکی درەنگی پاییزی
لەناو سەرما و نهێنیی ئەم شارەدا
بە دڵێکی وردوخاش، ڕادەستی تەنیایی دەبم
شیعری لە ئەڤین تۆراو
قسەگەلی تەواونەکراو
ڕووڕەشیی ژیان نیشان دەدەن
مەرگیش هەر ئەوەندە پێم دەوێرێ