عەبدولڕەزاق بووکوبە بۆ باڵندە دەدوێت

عەبدولڕەزاق بووکوبە/شاعیری جەزائیری

March 22, 2018

بەبێ مۆسیقای کوردی ناتوانم شیعر بنووسم


سازدانی: شاڵاو حەبیبە

عەبدولڕەزاق بووکوبە شاعیر و ڕۆماننووسێکی جەزائیرییە و لە ساڵی ١٩٧٧ـدا لە دایک بووە. «دوو دەستی سێ کچەکە» و «کفنێک بۆ مردن» لە کتێبەکانی ئەون. هەروەها ڤینۆس فایەق، نووسەر و وەرگێڕ، کتێبێکی ئەوی کردووە بە کوردی و بە ناوی «بێزوو/ سەرگوزشتەی دەقێک پێش نووسینی» بڵاوی کردووەتەوە. لەم گفتوگۆیەی ماڵپەڕی باڵندەدا، بووکوبە باس لە دنیای نووسین و شیعر و بۆچوونەکانی لەم بارەیەوە دەکات. گفتوگۆکە زیاتر سەبارەت بەو کتێبەیەتی کە بە کوردییش بەردەستە.

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: سەنگەر زراری


ماڵپەڕی باڵندە: لە تایتڵی کتێبەکەتەوە (لە چاپە کوردییەکەیدا: بێزوو/ سەرگوزشتەی دەقێک پێش نووسینی) و لە پێشکەشکردنەکەیشییەوە، ئاماژەیەک هەیە بۆ ئەو تێکستانەی هێشتا نەتنووسیون، بە کۆی کتێبەکەیشدا وا دەردەکەوێت شیعر وەک پڕۆژەیەک ببینی بۆ کتێبنووسین، ئاخۆ وایە؟ ئایا بە هەڵکەوت شیعر دەنووسیت یان بە پێی بەرنامەیەک بۆ کتێبێکی شیعری دەست دەبەیت بۆ شیعرنووسین؟
عەبدولڕەزاق بووکوبە: نووسین خۆی، ژانر و ڕەگەزەكەی هەرچییەك بێت، بە هەموو هەڵقوڵان و ئامراز و ئاسۆكانییەوە، پڕۆژەیەكی هۆشیارانەیە، واتا خودی نووسین لەم هۆشیارییەوە سەرچاوە دەگرێت كە لە كردەی نووسینەوە دێت، نەك لەو ئیلهامەی كە دێت و پەیوەستە بە سرووتی نووسین، یاخود پەیوەستە بە پڕۆژەی نووسینەوە. ئەم كتێبە ئەزموونی تەماهیكردنە لەگەڵ دەقدا، دەق بەو سیفەتەی پڕۆژە و بوونەوەرێكی زیندووە. كتێبەكە ئەو شتانەی نووسیوەتەوە كە لە نێوان خۆی و نووسەرەكەیدا (كە منم) ڕوو دەدات، بە هەموو هەستیاری و شەیدایی و پەرۆشی و جەنگ و پەشۆكانەكانییەوە، تەنانەت بەر لەوەی بشنووسرێت، لێرەدا كردەی ژیانكردن لەگەڵ دەق، پێش كردەی نووسینی دەقەكە كەوتووە.
لە دواكتێبمدا (دوو دەستی سێ كچەكە)، لە (پێشكەشكردن)ـەكەدا گوتوومە: “بۆ ئەو ساتانەی هەستاوم تا بژیم، نەك ئەو ساتانەی دانیشتووم تا بنووسم”، لە كاتێكدا بە قووڵی باوەڕم بەوەیە شیعر ئەو ژیانەیە كە خەونی پێوە دەبینین تێیدا بژین، نەك ئەو ژیانەی ئێستا تێیدا دەژین، نووسینی ئەوەی دوایینیان كاری گێڕانەوەیە نەك شیعر.

شیعرەکانی بووکوبە بە زمانی کوردی

ماڵپەڕی باڵندە: وشەکانی وەک دەق، پەیڤ، نووسین، خوێنەر، لە کتێبەکەتدا زۆرن. ئایا تۆ چۆن لە نووسینی دەقێکی شیعری دەڕوانیت؟ هەندێک جار هەست دەکەم لە ڕێی هەندێک لەم شیعرانەوە دەتەوێت مانایەک بە خودی کردەی نووسین بدەیت، بەڵام لە دەرەوەی شیعر، چۆن لە نووسین دەڕوانیت؟
عەبدولڕەزاق بووکوبە: دوو خۆشەویستت بینیوە كە ماڵئاوایی لە یەكتر دەكەن؟! بێگومان بەر لەوەی یەكتر جێ بهێڵن، زۆر یەكتر ڕادەمووسن، ماچی سروشتی و مانابەخش لە یەكتر دەكەن، بەڵام چ ناوێك لەو ماچە دەنێیت كە كاتێك لە یەكتر دوور دەكەونەوە و بەر لەوەی لە یەكتر بزر بن، یەكێكیان ماچێكی هەوایی بۆ ئەوی دی هەڵدەدات؟ ئەو ماچە لە لای من شیعرە، شوێنی دەرچوون و كۆتاییهاتنی هەوایە، هیچ زەمینەیەكی نییە كە لەناو یادەوەریدا جێگیر بێت، من خودی خۆم ناتوانم بە هیچ شێوەیەكی دی وێنەی شیعر لە یادەوەریی خۆمدا بپارێزم جگە لەو ماچە هەوایییە، شیعر تەواو وەكو وێنەیەكی فۆتۆگرافییە، هۆگربوونە بە كاركردن لەسەر ساتێكی تێپەڕ و زیندووكردنەوەی ئەو ساتە تێپەڕەیە، ڕۆژ و مانگ و ساڵەكان دەڕۆن و هەر ئەو ساتە دەمێنێتەوە.
لێرەوە، من یەكەم شت گرنگی بەو ساتە دەدەم، بەو سیفەتەی كە سەكۆی ژیانە، بە هەموو برینەكانمەوە تێیدا دەژیم و خانەیەكی گەورەی زەمەنیی تێدا تێدەپەڕێنم، چونكە ئەگەر ئەمەم كرد، لە لۆژیكی شیعر دوور دەكەومەوە و دەكەومە ناو لۆژیكی پیاوێكی سیاسی یان پیاوێكی ئایینی و پەروەردەكار و ئابووریناسێك، ئەوكاتیش ناچار دەبم فەرهەنگی سەكۆی عەقڵ نەك خەیاڵ بەكار بێنم.

ماڵپەڕی باڵندە: کاتێک کتێبەکەتم دەخوێندەوە، هەر بە شیعرەکانتدا گومانم کرد کە دەبێت شاعیرەکەی ڕاگەیاندنکار بێت. کە دواتر ژیانەکەتم تەماشا کرد وا بوو، ئاخۆ تۆ بە جۆرێک لە جۆرەکان دەتەوێت دنیا ڕۆژانەیییەکەی خۆت بنووسیتەوە؟ یاخود ئەم شتانە بە هەڵکەوت دەکەونە ناو شیعرەکانتەوە؟
عەبدولڕەزاق بووکوبە: لە ساڵی (2003)وە هەموو جۆرە كارێكی ڕۆژنامەوانیم ئەنجام داوە، لە ئێزگە و تەلەفزیۆن كارم كردووە و تا ئێستایش لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكاندا دەنووسم. هۆگرییەكی قووڵیشم بۆ پۆستكردن لە فەیسبووكدا هەیە، هەروەها تێكەڵی چالاكیی ڕۆشنبیری و شانۆیی و ئەدەبیم، سەرەڕای ئەوەی ئەمانە ئەزموونی كاری ڕاگەیاندنن، كاری مرۆیییشن، دەتوانم هەناسە و ڕشتەی ئیلهامی شیعرییان لێ وەربگرم، بەڵام بە لۆژیك و فەرهەنگی شیعر، نەك بە فەرهەنگ و لۆژیكی ڕاگەیاندن، هەر ئەوەش ئەوە ڕاڤە دەكات كە من خەریكی بریسكە و چریكەشیعرم، نەك قەسیدەی درێژ، وەكو لەم كتێبەدا دەیبینی. من ڕۆمان و كورتەچیرۆكیش دەنووسم، بەڵام بە ڕشتە و داڕشتنی جیاوازتری ئەزموونی خۆم دەینووسم. ئێمەی جەزائیری لە كولتووری نانکردن لەگەڵ نەتەوەی كورددا هاوبەشین، من وانەیەكی گرنگ لە دایكمەوە فێر بووم، ئەو بە ئەنقەست دوای نانكردن هەندێک هەویری دەهێشتەوە و لە جیاتی ئەوەی فڕێی بدات، شێوە بازنەیەكی لەو هەویرە دروست دەكرد و بە ڕۆن و هەنگوینی دەكرد، دەبینیت؟! لە نانەوە شیرینی دروست دەكرد، ئەم هەڵسوكەوتە كار دەكاتە سەر لۆژیكی شیعر.

ماڵپەڕی باڵندە: لە یەکێک لە شیعرەکانتدا دەردەکەوێت لە ڕەخنەگرەکان بێزار بیت، ئاخۆ لە دنیای عەرەبییشدا ئەم گلەیییە لە ڕەخنەگرەکان هەیە؟ وەک چۆن لە دنیای کوردییشدا هەیە.
عەبدولڕەزاق بووکوبە: دوو جۆر ڕەخنەگر هەن، كە هاوشێوەی دوو جۆری پزیشكن، پزیشكێك كە چێژ لەوە وەردەگرێت شوێنە تەندروستەكانت بۆ دیاری بكات و ئامۆژگاریت دەكات بیپارێزی و شوێنی نەخۆشییەكانیشت بۆ دەستنیشان دەكات تا چارەسەری بكەیت، پزیشكێكیش چێژ لەوە وەردەگرێت توێكاریی جەستە بكات، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە مردووە. ڕەخنە، مەعریفە و خۆشەویستییە نەك ڕقوكینە، كاتێك لە ساتێكی تایبەتی نووسینەوە دەردەچێت و لە میتۆد و خشتەی وشكەوە دەردەچێت، دەبێتە شتێكی زۆردارانە. لە بەردەم هەر پێشانگایەكی كتێبدا ڕابوەستە و تەماشا بكە بزانە ڕەخنەگران چ جۆرە كتێبێك دەكڕن؟! دەبینی زۆربەیان ئەو دەقە داهێنەرانە ناكڕن كە ڕەنگە ببنە زەمینەیەك بۆ ڕەخنە و لێكۆڵینەوە، بەڵكو كتێبی تیۆری و میتۆدی دەكڕن، لەگەڵ ئەوەشدا من دڵخۆشم بەوەی بەم دوایییە بواری ڕەخنە بەرفراوان بووە، چونكە كۆنتێكستی دەروونی و فیكری و مرۆیی و كولتووری بۆ ساتی نووسین دەگێڕنەوە و ئەو مافە بە دەق دەدەنەوە كە پێویستە لەبەر چاو بگیرێت، ئەمە وا دەكات ڕەخنە ببێتە كارێكی ئەركداری، نەك كاتبەسەربردن و مامەڵەی كوێرانە و دەستبەسەرداگرتن. لە كۆتاییدا ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەیە، كێشەشمان لەگەڵ ڕەخنەگران پەیوەندیی بە خودی خۆیانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە ناڕەوایییەكانیانەوە هەیە.

ماڵپەڕی باڵندە: بە ئەرک نەبێت، بەرچاڕوونییەکمان دەربارەی شیعری ئەمڕۆی جەزائیر بدەنێ، کێن ئەو شاعیرە جەزائیرییانەی تۆ پێیان سەرسامیت، هەروەها کێن ئەو شاعیرانە تازانەی کە تازەگی خەریکن دەنووسن و پێشبینی دەکەن ببنە شاعیری باش؟
عەبدولڕەزاق بووکوبە: دوو پارادۆكس لە دیمەنی ئەدەبی جەزائیری بە دیار دەكەوێت، یەكەمیان پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە لە بیستەكانی سەدەی بیستەمەوە، ڕۆمان خۆی بەسەر ئەدەبیاتی جەزائیریدا سەپاندووە و لەم بارەیەوە ئەزموونی ڕۆمانی ئەوتۆمان هەن كە بوونەتە جیهانی، لە كاتێكدا تا چەند دەیەیەكیش دوای ئەوە پڕۆژەیەكی شیعریی مۆدێرنی ڕاستەقینەمان نییە. دووەمیان پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە زۆربەی پڕۆژە شیعرییە مۆدێرنەكان، بە فەڕەنسی نووسراون، بۆ نموونە من شیعر بە عەرەبی دەنووسم، بەڵام نموونەی شیعری جەزائیری بۆ من، ئەوانەن كە (بەفەڕەنسیكراو)ن، نەك ئەوانەی (بەعەرەبیكراو)، بۆ نموونە مالیك حەداد. سەرەڕای ئەوەی ئەم چوار دەیەی كۆتاییی ئەزموونی شیعری بە زمانی عەرەبی بەدیار كەوتوون، كە نەزعەیەكی قووڵی مۆدێرنیان هەیە، بەڵام لەسەر ئاستی ئەدەبی عەرەبی، ڕووناكییەكی شایستەیان نەخراوەتە سەر.

ماڵپەڕی باڵندە: لە شوێنێک خوێندمەوە کە: لە کاتی نووسینی ئەم کتێبەدا بەردەوام گوێت لە میوزیکی کوردی گرتووە، هەڵبەت ڕەنگە ئەمەت وەک چێژێک کردبێت، چونکە من ئەو پەیوەندییەم لە کتێبەکەتدا نەدۆزییەوە، دەتوانیت لەم بارەیەوە نەختێک قسەمان بۆ بکەیت؟
عەبدولڕەزاق بووکوبە: كاتێك دەنووسم، پێویستیم بە چۆڕێك خەموپەژارە هەیە، ئەمە یارمەتیم دەدات بۆ ئەوەی دەقەكانم وەكو خۆشاوێك بگوشم و بەمەش دەقێكی دوور لە مێرووی زیانبەخشی ڕۆمانسییەتی لێ دەردەچێت. من شتە ونبووەكەی خۆمم لە مۆسیقای كوردیدا دۆزیوەتەوە، لە (2012)وە مۆسیقای كوردی بووەتە یەكێك لە سرووتەكانی نووسین لە لای من، تەنانەت وام لێ هاتووە قورسە بەبێ مۆسیقای كوردی بنووسم، یان لە بارێكی پێچەوانەدا، وام لێ هاتووە بە گوێگرتن لێی، حەزی نووسینم تێدا دەچەسپێت. ئەو خەموپەژارەیەی لە ناخی مۆسیقای ئێوەدا هەیە، ئیلهامم پێ دەبەخشێت و بە شێوەیەكی هەڕەمەكی بۆ نووسین بەرنامەڕێژم دەكات.

ماڵپەڕی باڵندە: لە ماڵپەڕێکدا دەڵێیت؛ “بۆچی خودی خۆم لە هەموو ئەو شتانەدا دەدۆزمەوە كە كوردین؟ ئایا هۆكارەكەی بۆ ئەو ڕەهەندە ئەمازیغییە دەگەڕێتەوە كە هاوشێوەی شووناسە جەزائیرییەكەمن؟” دەكرێت ئەمە زیاتر بۆ خوێنەری كورد ڕوون بكەیتەوە؟
عەبدولڕەزاق بووکوبە: لە ڕووی ڕۆحی چیانشینییەوە، كورد و ئەمازیغییەكان هاوشێوەن، هەردووكیان ڕۆڵەی چیاكانن، لە زۆربەی وردەكارییەكانی جلوبەرگ و ڕێگەدان بە ئافرەت كە كاریگەریی لەسەر كۆمەڵگا هەبێت و هەستكردن بە زوڵم و زۆرداریی كولتووری، لە ژینگەیەكی ئیسلامیدا كە پیرۆزیی ئیسلام بۆ زاڵكردنی كولتوور و زمان و سیاسیەتی خۆیان بەرامبەر كەمینەكان بەكار دەهێنن، هاوشێوەن. ڕاستە بارودۆخی ئەمازیغییەكان لە جەزائیر، لە بارودۆخی كورد لەو وڵاتانەی بەسەریاندا دابەش كراوە، جیاوازە، بەڵام هەستكردنیان بە ستەم و زۆرداری هاوشێوەیە.

ماڵپەڕی باڵندە: ئوستاز بووکووبە، دۆخی چاپی کتێبی شیعر لە وڵاتەکەی تۆدا چۆنە؟ ئایا تۆیش بۆ چاپی شیعرەکانت تووشی دەردیسەری دەبیت؟ لە وڵاتی ئێمەدا چاپی کتێبی شیعر- جا بەرهەمی نووسراو بێت یان وەگێڕدراو- زۆر قورسە و هەندێک جار نووسەر/وەرگێڕ ناهومێد دەکات.
عەبدولڕەزاق بووکوبە: پێش پازدە ساڵ، واتا لە سەردەمی ترس و توندوتیژیدا، بڵاوكردنەوە زۆر قورس بوو، دەبوو نووسەر خۆی بەرهەمەكانی خۆی چاپ و بڵاو بكاتەوە، دواتر لە سایەی ئەو بەرنامەیەی حكوومەت دایڕشت، بووژانەوەیەك هاتە كایەوە و ئەم بووژانەوەیە تا دوو ساڵێك پێش ئێستا باش بوو، واتا تا دابەزینی نرخی نەوت، دوای ئەمە و تا ئێستا دۆخەكە خراپ بووەتەوە و وەكو جارانی لێ هاتووەتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەستەبژێرێكی نووسەران ئێستاش لە ڕووی بڵاوكردنەوەی بەرهەمە نوێیەكانیانەوە، كێشەیان نییە، ئەو دەستەبژێرە ئەگەر بە عەرەبی بنووسن، وەشانخانە عەرەبییەكان پێشوازییان لێ دەكەن و ئەگەر بە فەڕەنسییش بنووسن، وەشانخانە فەڕەنسییەكان بۆیان چاپ و بڵاو دەكەنەوە و كێشەیان نییە.

نووسینی ڕۆمان، هاوشێوەی هاوسەرگیرییە، پێویستی بە ماڵێكی جێگیر هەیە، بەڵام شیعر وەكو ئەو پەیوەندییە سۆزدارییانەیە كە تێپەڕن و لە باخچە و میترۆ و فڕۆكەخانەكان تووشیان دەبین و جێیان دەهێڵین

ماڵپەڕی باڵندە: ڕەنگە پرسیارێکی کۆن بێت، بەڵام زۆر سادە حەز دەکەم باسی شیعرنووسینمان بۆ بکەیت وەک پیشەیەک، واتا ئایا لەسەر کۆمپیوتەر دەنووسیت، یان هێشتا بە قەڵەم و کاخەز؟ یاخود ئایا هیچ کاتێکی دیاریکراو هەیە بۆ نووسینت؛ ماڵەوە، کافێیەک، باخێک شتێک؟
عەبدولڕەزاق بووکوبە: دۆخەكە بە پێی ڕەگەز و ژانرە ئەدەبییەكان دەگۆڕێت، لە لای من دۆخی نووسینی شیعر لە دۆخی نووسینی ڕۆمان جیاوازە، ڕۆمان پێویستی بە جێگیری و هێمنی و وردبوونەوە هەیە، نووسینی ڕۆمان لەسەر كۆمپیوتەر گونجاوە، بەڵام نووسینی شیعر، بەر لەوەی پەیوەست بێت بە شوێنەوە، حاڵەتی هەست و تێڕامانە، پەیوەستە بە خودی نووسینەوە، بۆیە من هەمیشە دەفتەرۆچكەیەك و قەڵەمێكم پێیە و ئەو شتانە تۆمار دەكەم كە بە لایاندا ڕادەبوورم، یان ئەو تیشكۆیانە دەنووسمەوە كە لە ڕێگادا خۆیان بە لای مندا ڕادەبوورن و ڕامدەگرن. نووسینی ڕۆمان، هاوشێوەی هاوسەرگیرییە، پێویستی بە ماڵێكی جێگیر هەیە، بەڵام شیعر وەكو ئەو پەیوەندییە سۆزدارییانەیە كە تێپەڕن و لە باخچە و میترۆ و فڕۆكەخانەكان تووشیان دەبین و جێیان دەهێڵین.

بووکوبەی شاعیر

ماڵپەڕی باڵندە: پێمان خۆشە تۆ پێشنیاری یەک شاعیری جەزائیریمان بۆ بکەیت، کە ئێمە شیعرەکانی وەربگێڕین بۆ سەر زمانی کوردی.
عەبدولڕەزاق بووکوبە:
دەستەبژێرێكی باشی شیعری جەزائیری هەن، كە شایستەی ئەوەن وەربگێڕدرێنە سەر زمانەكەتان، لەوانەش: مالیك حەداد (كە لە ساڵی 1978 مردووە)، تەیب لسلووس، نەجیب ئەنزار، خالید ساڵح، لەمیس سعێدی، ئامال ڕەقایق، عەفرا قەمیر تاڵبی، ئەخزەر بەرەكە و عاشوور فەننی و… ئەمانە تەنیا وەك نموونە و هیی دیكەش هەن.

ماڵپەڕی باڵندە: هیچ دەقێكت نووسیوە كە پێش ئەوەی نووسیبێتتەوە، لەگەڵت بێت و دیالۆگت لەگەڵدا كردبێت؟

عەبدولڕەزاق بووکوبە: بەڵێ، لە كتێبەكەمدا “كفنێك بۆ مردن” كە لە ساڵی (2016)دا لە چاپەمەنیی عەینی میسری دەرچووە، ئەمەم وەگیر هێناوە. ئەم كتێبە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەكانی فەڕەنسی و ئینگلیزی و لەسەر دەستی دەرهێنەر خالید بەلحاجیش كراوەتە شانۆگەری. ئەم ئەزموونە لای من تا ئێستایش بە كراوەیی ماوەتەوە، دەقی دیكەیش بە هەمان ڕۆحییەتەوە دەنووسم، مەگەر نووسین هەر خۆی ئەزموونێكی كراوە نییە؟
ماڵپەڕی باڵندە: ڕێك كەوتووە دەقێكت خوێندبێتەوە و تەنیا ناوەڕۆكەكەی سەرنجی ڕاكێشابیت، بە چاوپۆشی لە بونیادی زمانەوانی، یان تەكنیكە زمانەوانییەكەی و حەزت كردبێت تۆ ئەم دەقەت نووسیبا؟ ئەگەر هەیە، ئەم دەقە كامەیە؟
عەبدولڕەزاق بووکوبە: ئەو دەقانەی هیی خۆم نین و سەرنجم ڕادەكێشن، بەوە تێكیان نادەم كە هیواخواز بم من نووسیبامن، دەق، ڕەنگدانەوەی ئەو خودەیە كە نووسیویەتییەوە، ئەمە ناڕەوایەتییە بەرامبەر خودی خۆم، كە لە ڕێگای حەزی خاوەندارێتیی دەقێكی دیكەوە، خەون بەوەوە ببینم خودێكی دیكە بم.

ماڵپەڕی باڵندە: هیچ نزیكایەتییەك لە نێوان شاعیر و ڕۆماننووسدا هەیە؟ مەبەستم ئەوەیە تا چەند پێویستە ڕۆماننووس خوێنەری شیعر بێت، یان شاعیر خوێنەری ڕۆمان بێت؟ ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەندێك دەڵێن، ڕۆماننووس و مێژوونووس هاوشێوەن و لەوەدا جیاوازن كە ڕۆماننووس ڕووداوەكان بە خەیاڵ دادەپۆشێت و لە بەرامبەردا هەندێك لە مێژوونووسان ڕووداوەكان بە حەز و ئارەزووەكانی خۆیان و بە گوێرەی كاریگەربوونیان بە ڕووداوەكان و هەندێک جاریش لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیاكانیاندا دەنووسنەوە. كامەیان ڕاستترە؟
عەبدولڕەزاق بووکوبە: ڕۆمان وەكو ئیسفنجە، هەموو شلەمەنییەكان هەڵدەمژێت و كەم ڕێك دەكەوێت ڕەنگی ئەو شتە بگرێت كە هەڵیمژیوە، واتا توانای ئەوەی هەیە شتەكان بگۆڕێت و شووناسی خۆی لە چوارچێوەیەكی خەیاڵئامێزدا بە شتەكان ببەخشێت، بەڵام شیعر ئەو شتانە هەڵنامژێت كە بوونیان هەیە، بەڵكو ئەو شتانە دەردەكات و ئەو شتانەی لێوە دەتكێت، كە لە بنەڕەتدا بوونیان نییە، لە ڕۆح و زاتی خۆیدا ئەو شتانە پێشنیار دەكات كە لەسەر بنەمای دووبارەناولێنانەوەی شتەكان و ڕێكخستنەوەی ڕەگەزەكانی گەردوون كار دەكەن. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ ئاگادار بین كە هەندێک ڕۆمان، جوانیی خۆیان لە ڕۆحییەتە شیعرییەكەیانەوە وەردەگرن و هەندێک دەقی شیعرییش جوانییەكەیان لە ڕۆحی گێڕانەوەئامێزەوە وەردەگرن. لای من نووسین ملكەچی هۆشیارییە، نەك ڕاستگۆیی.