نامۆبوون

دیار سۆفی/ کوردستان

May 4, 2019

دیار سۆفی، شاعیرێکی نوێیە. لە ساڵی ١٩٩٢ لە گەرمیان لە دایکبووە. ساڵی ٢٠١٦ بەشی ئابووریی لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە.  تاکو ئێستا یەک کتێبی شیعریی هەیە کە لە سەرتای ساڵی ٢٠١٩ چاپ کراوە، بە ناوی برینێکم بە ڕوومەتی زەوییەوە. 

 

 

نامۆبوون
دیار سۆفی

 

 

من لەسەر کارم، واتا لەدەرەوەی خۆمم

دەرەوەی خۆم، پڕە لە خەڵکی تر

خەڵکی تر بریندارم دەکەن

ئەمەش یانی ئێواران بەسەفتەیەک یادەوەریی بریندارەوە دەگەڕێمەوە ماڵەوە.

لە جێیەک کار دەکەم لە پەراوێزی کۆمەڵگا

دەمەوێ لێی هەڵبێم و ترسم لەوەیە بکەومە پەراوێزی جیهانەوە.

دەمەوێ کۆی ژیانی خۆم بگۆڕم

تا جێگایەکم لەم دونیایەدا هەبێ

ئەم ژیانە ناخۆشە

بە جەستەی خۆم نامۆی کردووم

دەترسم ئەم ڕۆژگارە سەختانە

بگەنە ڕادەیەک خۆم نەناسمەوە

زمانم بێگانە بکات بە گوێم.

واقعی من باش نییە!

بۆیە زۆربەی کات لە خەیاڵدا دەژیم

گەر بە ئاگام بێننەوە ناو ژیان

دوور نییە ئازار بمکوژێت.

ئەم خەڵکانە وەک نەفامێک دەمبینن کاتێک لەسەر کار دەخوێنمەوە.

هەر لەبەر ئەوەیە کەمترین قسە دەکەم

ئەوەندە بێدەنگ بووم

وشەکان لە زمانمدا کەڕوو لێیداون.

من کێشەیەکی گەورەم هەیە

خەڵکی زۆر بەنێومدا تێدەپەڕن

پێی ئەو خەڵکەیە تەنیاییم پێشێل دەکەن

ئەگەر پێ نەخەنە ژیانمەوە

خۆش دەژیم.

لووتم پڕە لە بۆنی ئارەقی خەڵک

سەیرکردنیان دەچەقێتە چاوەکانم

بۆ هەرکوێیەک بڕۆم، لەوێدا ناتوانم خاوەندارێتی خۆم بکەم.

ئەم قەرەباڵغییەی ترنجاوەتە ژیانمەوە، تەنگەنەفەسم دەکات.

جیهانێکی سەیرە!

یان ئەوەتا خەڵکی بە لێشاو بە نێومدا دەڕۆن و دەبنە مایەی بێزاری بۆم،

یاخود هیچ کەس تێناپەڕێ.

هەستێکی نامۆ دایگرتووم

کیمیای خودێتیم گۆڕانی بەسەردا دێ

وەختە ئاوەزم لە دەست بدەم.

خەڵکی گەرمیانم

گەرمیانیبوون واتا قوربانی ناکۆتا

لەوێ لە گوندێکی تەریک

ڕۆژەکانم بەکرێ دەدەم

کڕیارەکان مرۆڤی ماندوون

ئەوانیش وەک من، ڕۆژەکانیان داوە بەکرێ بە کەسانی تر.

کەمێک قوورسە قسەکردن لەسەر کار

چونکە ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەم.

خەڵکی زۆر لە تەنیشتمدا دەژین

جۆرێکن لە ئاسن

کاتێک بەرمدەکەون، بەشێک لە یادەورییم دادەماڵن.

بەڵام من برینی خۆمم خۆشدەوێت

هیچ نەبێت دەتوانم وەریبگێڕم بۆ شیعر.

هەندێ کات ڕووخسارم بە لەپی دەستەکانم دادەپۆشم

تاکو ماندوێتییم لە ئاوێنەدا نەبینم.

بمبەخشە ئەی جەستەی ماندوو

زەمەنێکە سەودا بە تەواوی ڕۆژەکانتەوە دەکەم.

دەستەکانم شاهیدن ڕۆحم چۆن تکاوە

لە پشتی چاویلکەکەمەوە دەڕوانمە ڕووخساری ئەو ڕێبوارانەی

بۆ تێرکردنی سکیان بڕێک لە تەمەنم دەبەن.

کەی دەمبینیت خودایا

سەیرکە سارا چۆڵەکەی ناوەوەم پڕکراوە لە تێکشکان.

ئەوەی کە دەڵێ وانییە

لە پەنجەرەی چاوەکانمەوە بڕوانێ

وێنەی شکانی من دیاره، بەدەم گەردەلوولی هەناسەمەوە خول دەخوات.

لە هەموو چاوەکانی دونیادا ماندوو دیارم

ماندووتر لە گەڵایەکی پاییزی دەم ڕەشەبا.

وەک کلیلێک هەموو ڕۆژێ قوفڵی سپێدەیەک دەکەمەوە و

دەچمە سەر کار.

ئەوەی گۆرانی دەڵێت من نیم

دەستەکانمن یاری بە پیاڵە دەکەن.

کراسەکەم نووساوە بە پێستی لەشمەوە

بە نینۆکەکانم سینگم دەخورێنم و ژێرەوەیان پڕ دەبێ لە چڵکی ڕەش.

من سەر بەم جەستە نیم

پێستم وەک پیاوێکی شەهوەتباز لەباوەشی گرتووم.

سەیرکە چۆن ئیش وشکی کردوومەتەوە

تەمەنی پڕ بارانم

بەدەم تێرکردنی کڕیارەکانەوە چۆن سووتا.

بەجۆرێک شکاوم،

هەرچەند دەکەم دڵم نایەتەوە ناو سینگم.

کە خۆر لەسەفەر دێتەوە

دایکم لەدەرگای تەنیاییم دەدات و

دەستم دەگرێ و

دەمسپێرێت بە دەستی ئیش.

ڕۆژانە دوانزە کاتژمێر لە کارم

کات کەڵەکە دەبێ و دادەڕمێت و دەمکات بەژێرەوە.

بوومەتە سەفتەیەک لەکات

ئەمە ترسی پەڕینەوەی منە لە تەمەن

کاتێک دەگەمە خۆشبەختی دەوەستێت.