تەڵعەت تاهیر
كاتێ یه‌كه‌م جار له په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا به ئه‌دۆنیسی شاعیرم ڕاگه‌یاند نیازمه ده‌قى ئیسماعیل وه‌ربگێڕم بۆ زمانى كوردى، ئاماده‌یى ته‌واوى ده‌ربڕى هاوكارم بێت له تێگه‌یشتنى ئه‌و ده‌سته‌واژه و ڕستانه‌ى ده‌بنه له‌مپه‌ر و ئاسته‌نگ، ئه‌مه‌ش بووه مایه‌ى ئه‌وه‌ى هان بدرێم و ده‌ست به وه‌رگێڕانه‌كه بكه‌م، چونكه ده‌مزانى بێ هاوكاریى ئه‌دۆنیس خۆى، زۆر زه‌حمه‌ته پهناوپهسیوهكانى ئه‌م تێكسته بدۆزرێته‌وه، به‌ڵێنى پێداچوونه‌وه به وهرگێڕانهكهش له لایه‌ن مامۆستا و هاوڕێم د. نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د هانده‌رێكى دیكه‌م بوو، كه به‌ڕاستى له زۆر شوێندا ئه‌و هه‌ڵانه‌ى ڕاست كردەوه كه من په‌ییم به ڕاستییان نه‌بردبوو، له ده‌یه‌ها شوێنى ده‌قه‌كه هێما و ئاماژه‌ى میتۆلۆژی و مێژویی هه‌ن، كه زۆر جاریش یه‌ك ناگرنه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیارییانه‌ى له تۆماره‌كانى مێژوونووسان یه‌كلا كراونه‌ته‌وه، ئهدۆنیش ئه‌و هێما و ئاماژانه وه‌ك هه‌قیقه‌تى مێژوویى به‌كار ناهێنێ، به‌ڵكوو ته‌وزیفى كردوون له‌و هێڵه درامییهى خۆى مه‌به‌ستی بووه.
گرنگیى ئه‌م ده‌قه ته‌نیا له مامه‌ڵه‌كردنیدا نییه له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كى له شێوه‌ى ئیسماعیل (وه‌ك باوكى عه‌ره‌ب) به‌ڵكوو له داڕشتن و ئه‌و ڕوئیا و دنیابینییهشه كه ئه‌دۆنیس ده‌یخاته ڕوو، زمان و ته‌كنیك و پهراوێزهكانى ده‌قه‌كه كه له سه‌ره‌تاى ساڵانى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردووه‌وه نوسراوه، كاریگه‌رى خۆى هه‌بوو به‌سه‌ر شیعرى عه‌ره‌بییه‌وه، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌م تێكسته له یاده‌وه‌رى شاعیرانى كوردیش شوێنى خۆى هه‌یه، ئه‌گه‌ر له سیاقى مێژوویى خۆى، باسى ده‌قى (ئیسماعیل) بكه‌ین ده‌بینین ئه‌و ستایله له گوتن و داڕشتن به‌سه‌ر شیعرى هه‌شتاكانى كوردیدا زۆر به ڕوونیى دیاره، مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ میتۆلۆژیا و سوود وه‌رگرتن له ئه‌فسانه بۆ خوێندنه‌وه‌ى ئێستا و زمانى باڵا و دراوسێتیى نوێى نێوان وشه و وشه و ڕسته و ڕسته هتد… خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌م تێكستهن. پێشم وایه ئه‌وه‌ى شاره‌زاى شیعرى ئه‌دۆنیس بێت هه‌ست به‌وه ده‌كا ئه‌م تێكسته سه‌ره‌تایه‌كه بۆ نووسینى دوایین كۆمهڵهشیعرى (امس المكان الان) كه تیایدا هه‌وڵیداوه له شێوه‌ى دانتێ، كۆمیدیاى خواوه‌ند بۆ عه‌ره‌ب بنووسێته‌وه، كۆمیدیاییه‌ك كه ته‌نیا دۆزه‌خى له‌خۆ گرتووه، دۆزه‌خى خوێنڕژاندنى زیاتر له پانزه سه‌ده. به پێى خوێنده‌نه‌وه‌ى خۆم، ئه‌م تێكسته نوخبه‌وییه و بۆ نوخبه نوسراوه، له ئێستادا ئه‌دۆنیس به‌م شێوه‌یه نانوسێت، ئه‌وسا (كۆتاییى ساڵانى حه‌فتاكان و سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو) شیعر زیاتر له‌ناو زمان بوو، ئێستا شیعر زیاتر له‌ناو خه‌ڵكه، گوتن له شیعردا جیاواز بوو له قسه، ئێستا شیعر له‌گه‌ڵ قسه‌دا یه‌كانگیر بووه، خاڵێكیتریش ئه‌وه‌یه ئه‌وسا تامى شیعر و شیعرییه‌ت له لێكدانه‌وه‌ى ئه‌ودیوى وشه و ڕسته‌كانه‌وه بوو، شیعر چێژى ڕووتى نه‌ده‌به‌خشى، ئه‌وه‌ش له ڕاستیدا له نمونه باڵاكانى شیعرى سه‌ده‌ى بیسته‌م وه‌رگیرابوو، بۆ نمونه تێكسته دیاره‌كانى سه‌ده‌ى بیسته‌مى ڕابردوو له شێوه‌ى (وێرانهحاكى ئالیۆت و ئهنابازى سان جۆن پێرس و ئه‌زموونى بۆدلێر و ڕامبۆ و هتد) نمونه‌ى باڵا بوون بۆ شاعیران، له‌وانه‌ش ئه‌دۆنیس. بۆیه خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌كا (ئیسماعیل) چێژى ڕووت نابه‌خشێ، كاتێ تونێڵهكانى ئه‌ودیو ڕسته‌كان ده‌گه‌ڕێیت ئینجا تام ده‌به‌خشێت و شیعرییه‌تى ده‌رده‌كه‌وێت.
خۆم، یه‌كه‌م جار (ئیسماعیل)م له كۆتایى ساڵانى هه‌شتاكان خوێنده‌وه، زۆر سه‌رسام بووم به‌و دنیابینییهى له خۆى گرتووه، دیارترین خه‌سڵه‌تى ئه‌م ده‌قه لاى من بریتییه له‌و مامه‌ڵه ڕاستگۆیانه‌ى كه ئه‌دۆنیس له‌گه‌ڵ مێژووى نه‌ته‌وه‌كه‌یدا پیاده‌ى ده‌كا، هه‌موومان ده‌زانین كه بنه‌چه‌ى عه‌ره‌ب ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئیسماعیلى كوڕى ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر، به‌و واتایه‌ى ئیسماعیل وه‌ك باوكى عه‌ره‌ب له مێژووى عه‌ره‌بیدا سه‌یر كراوه و له قورئانیشدا هه‌ر وا هاتووه، ئه‌دۆنیس وه‌ك كوڕ و نه‌وه‌یه‌كى ئیسماعیل به ئاشكرا ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه خۆى به كوڕى ئه‌و پیاوه نازانێت، له تێكسته‌كه‌شدا هاتووه (ئیسماعیل… من وه‌چه‌ى تۆ نیم) به‌و مانایه‌ى ئه‌دۆنیس له ئاینه‌وه بگره تا ده‌گاته سیاسه‌تى عه‌ره‌بیى خۆى به نامۆ ده‌زانێ، ئه‌دۆنیس بێبه‌رییه له هه‌موو ئه‌و مێژووى خوێنه‌ى تۆمار كراوه و شانازى پێوه كراوه، بۆ ئه‌وه‌ى له ئیسماعیل بگه‌ین ناچارم به كورتى سهربوردهكهى به كورتى بنوسمه‌وه: سه‌رچاوه ئاینى و مێژووییه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه ئیبراهیم له ته‌مه‌نى 88 ساڵیدا هاجه‌رى خزمه‌تكارى هێناوه (هه‌رچه‌نده مێژوونووسانى عه‌ره‌ب زۆر هه‌وڵیانداوه بیسه‌لمێنن كه هاجه‌ر شازاده بووه و خزمه‌تكار نه‌بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ى نهنگیى بێت داپیره گه‌وره‌یان خزمه‌تكار بووبێت له‌وانه ئیبن كه‌سیر كه ده‌ڵێ شازاده‌یه‌كى قبتیى بووه له میصر)، ئیبراهیم ژنه گه‌وره‌كه‌ى (ساره) نه‌زۆك بووه و ته‌مه‌نى ئه‌وساى 76 ساڵ بووه، كاتێ هاجه‌ر ئیسماعیلى بووه، ساره ئیره‌یى بردووه و داواى له ئیبراهیم كردووه له ماڵه‌كه‌یدا ده‌ریانبكات، به‌پێى تێكسته ئاینییه‌كان خودا فه‌رمانى به ئیبراهیم كردووه له بیابانى مه‌ككه‌دا جێیان بێڵێت، هاجه‌ر زۆر ده‌پاڕێته‌وه بێسوود بووه، ئیسماعیل تینووى ده‌بێ، هاجه‌ر له سوێى تینوێتى كوڕه‌كه‌ی له نێوان هه‌ردوو به‌رزایى سه‌فا و مه‌روه‌دا وه‌كو شێت دێت و ده‌چێ، له سه‌فادا ئاو له دووره‌وه بهدیدهكا و ڕاده‌كا و ده‌بینێ سه‌رابه، له مه‌روه‌دا ئاو له دووره بهدیدهكا و ڕاده‌كا و ده‌بینێ سه‌رابه (ئه‌مه له ئێستاشدا یه‌كێكه له ئه‌دگاره‌كانى حه‌جى موسڵمانان) دواتر له ژێر پێى ئیسماعیلدا ئاو قوڵپ ده‌دا و ئه‌ویش هه‌ر ده‌ڵى (زم، زم) كه پێى سه‌رچاوه‌كان وشه‌ى (زم) واتا بوه‌سته. له‌وێدا و به ته‌نیشت كه‌عبه‌دا ئاوى زم زم ده‌بێته كانى و ئیسماعیل له‌وێدا گه‌وره ده‌بێ، ژن دێنێ و له نهسلیدا عه‌ره‌ب دبن.
ئه‌دۆنیس له‌و خاڵى جێهێشتنهى باوك بۆ كوڕه‌كه‌ى ڕه‌خنه له عه‌ره‌ب ده‌گرێت، پێى وایه له سه‌راپاى مێژووى عه‌ره‌بدا هه‌موو ئه‌وانه‌ى ئیدیعاى باوكایه‌تى گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یان كردووه، منداڵ و وه‌چه‌كانیان بۆ چاره‌نووسى خۆیان جێهێشتووه، ئه‌وانه‌ى ئیدیعاى باوكایه‌تى گه‌لیان كردووه (له سوڵتان و شازادهكانهوه بگره) تا ده‌گاته (سه‌رۆك كۆمار و زه‌عیمى كوده‌تاكان)، (له مه‌لا و شێخهكانهوه بگره) تا ده‌گاته (سه‌رۆكى حزبه ئاینییه‌كان) وه‌چه و هاوڵاتیانى خۆیان به تینووێتى و برسێتى جێهێشتووه، ئه‌و باوكانه بێجگه له مێژووى ده‌ستبادان و ملشكاندن و سه‌ربڕین هیچیتریان نه‌بووه، گه‌ر ئیسماعیل چه‌قۆى باوكى له‌سه‌ر گه‌ردن بووبێت، ئه‌وا ئه‌دۆنیس سه‌راپاى به‌شه‌رییه‌ت به ئیسماعیل ده‌زانى به ده‌ستى باوكه‌كانى ئاین و سیاسه‌ته‌وه، لێره‌وه‌ش هاوكێشه‌ى مرۆڤدۆستى له‌م تێكسته‌دا یه‌كسان ده‌بێ به ڕه‌تكردنه‌وه‌ى مێژوو، له ڕاستیدا ئه‌دۆنیس زۆر ڕاستگۆیانه دان به شكستهكانییهوه ده‌نێت، شكستى مێژووى نه‌ته‌وه‌كه‌ى، ئه‌مه‌ش به به‌راورد له‌گه‌ڵ شیعرى كوردی و دیدى شاعیرانى كورده‌وه زۆر ئازایانه‌یه، ئێمه له ئه‌ده‌بیاتى خۆماندا ئه‌و مێژووه‌ى كه ده‌یزانین هه‌مان ئه‌و مێژووه نییه كه نوسراوه‌ته‌وه، هه‌مان ئه‌و مێژووه نییه كه هانه‌ى كچم له قوتابخانه‌دا ده‌یخوێنێت، له مێژووى تۆماركراوى ئێمه‌دا كورد هه‌ر پاڵه‌وان بووه، نه شه‌ڕى ناوخۆى كردووه و نه خیانه‌تى كردووه و نه باى دیوه و نه باران، شیعرى كوردى شیعرى شاردنهوى ئه‌و غوبنه بووه كه بێ ده‌وڵه‌تیى چاندوویه‌تى، بۆیه ده‌بینین شیعرى ئێمه كه‌مترین پله‌ى ئاوڕدانه‌وه‌یه له ئینسان، هه‌میشه شیعرى كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه بووه، ئینسانیش ته‌نیا وه‌ك نمونه‌ى بهشخوراوێك بوونى هه‌بووه، لێره‌وه با پرسیارێك بكه‌م: زۆرێك له بیرمه‌ندانى خۆرئاوا باس له ڕێنیسانس و شۆڕشى فه‌ره‌نس ده‌كه‌ن وه‌ك هاوكارى نێوان عه‌قڵ و مێژوو، له هه‌مانكاتدا ئه‌و بیرمه‌ندانه پێیان وایه كه هه‌ردوو شه‌ڕى جیهانیی یه‌كه‌م و دووه‌م بریتین له هاوكارى كردنى شێتیى له‌گه‌ڵ مێژوو، ئه‌دى له مێژووى كورددا كامه ساته‌وه‌خت بریتییه له هاوكارى نێوان عه‌قڵ و مێژوو؟ له كوێدا عه‌قڵى كوردى هاوكار بووه له‌گه‌ڵ مێژووى كورددا؟ لێره‌دا پرسیاره‌كه له‌باره‌ى ڕووباره گه‌وره‌كه‌ى مێژووى كورده نه‌ك له‌باره‌ى ئه‌و جۆگهلانهى لێره و له‌وێ جیابوونه‌ته‌وه، بۆچى ئه‌دۆنیس ده‌توانێ بڵێت من نه‌وه‌ى خوێنڕێژان نیم و كه‌چى شاعیرێكى كورد ئه‌مه ناڵێت؟
بۆچى ئه‌دۆنیس باس له‌و هه‌موو سووكایه‌تییه ده‌كا كه عوسمانییه‌كان و مه‌مالیكه‌كان به عهرەبییان كردووه، كه‌چى ئێمه به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو شێتی و سووكایهتییهى مێژوومان ئاوڕدانهوهیهكى ڕاستگۆیانه‌مان نه‌بووه؟!