بەرگرییەک لە شیعر

سەلاح حەسەن پاڵەوان/نووسەر و وەرگێڕ

December 25, 2019

بەرگرییەک لە شیعر
سەڵاح حەسەن پاڵەوان

 

 

 

شیعر وەک هێزێکی تایبەت و ژانرێکی ئەدەبی دیاردەیەکە، چالاکییەکە، دابڕاونییە لە ژیانی رۆشنبیریمان، ناکرێ بە کەم تەماشا بکرێت، ئیلهامێکە مێژووییەکی قووڵی لە ژیانی مرۆڤایەتیدا هەیە، دەربڕی ئازار و خۆشی و تامەزرۆییەکانە، بە هەموو پەیوەندییەکانییەوە سات لە دوای سات، هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ مرۆڤدا رۆیشتووە، شانبەشانی ژیان، بەدبەختی، ئەشق رۆیشتووە، رەنگی ئەو کەسانە بووە کە لە سەر تابلۆی ژیان ویستوویانە مێژوو بەجێبهێڵن، تۆمارکەری مێژوو، سات، چرکە و هەناسەساردی و چێژەکان بووە.

 

 

ئەو خاڵەی دەمەوێ لە ئاستیدا بووەستم، هاتنەخوارەوەی بەهای شیعر نییە، لەدەستدانی سێبەر و گەرمییەکانی نییە، ئەو خاڵەی دەمەوێ لە ئاستی بووەستم هەتککردنی شیعرە، کەمکردنەوەیە لە هەیبەتی، بوێری نواندنە بەرامبەر بە شیعر. ساڵانێکە جەستەی شیعر لەتلەت دەکرێ و ژان دەخرێتە بەدەنییەوە و ئازاری دەگاتە کەشکەڵانی فەلەک و کەس گوێ بەو نەعرەیە نادات. زیاتر لە سەردەمێکە لە نێو دنیای شیعری کوردییدا کەسانێکی زۆر وەک ئەسپێکی ملداو سواری پشتی شیعر دەبن و کەس لە سمکۆڵانی ناترسێت، زیاتر لە دەساڵێکە هەموو قوژبن و لاپەڕە و رووی شاشەکانی میدیا و دەزگاکانی بڵاوکراوە پڕبووە لە تێکستی بەناو شیعر، یان بەشیعرکراو، ریزکردنی ئاخاوتن و هەندێ پەخشانی کرچ و کاڵ و دوور لە هیچ ریتم و میلۆدیایەکی شیعری، بەدەر لە هەستی شیعری، یان کۆلاجکردن و وتوووێژی قافیەکراو،….. بەدەر لەمەش بوێرانە کۆدەکرێنەوە و لە دووتوێی دیوانی شیعریدا بڵاودەکرێنەوە، کۆڕی بۆ دەگرن و خەڵکانێ کۆدەکەنەوە و میدیاکان بە هەموو نەزانییەوە ریکلام و پروپاگەندەی بۆ دەکەن، ئەمەیە دەردەکە، راستە هەموو شتە گەندە و سست و تێکستە هەژارو شیعرە داماوەکان دەچنە نێو تەنەکەی وردە پەڕاوی مێژووەوە، بەڵام بە مەزنکردن وهەڵسەنگاندنی ئەو جۆرە کارانە و بەرزکردنەوە خاوەنەکانیان بۆ ئاستی کەڵە شاعیران و گرنگیدانی زیاد لەپێویست ئەمەیان بۆ خۆی دەردەکەیە. هەندێک لەم میانەدا بۆ دەستنیشانی هۆکار و سەبەبکاری ئەم قەیرانە پەنجەی ئاماژەی بەرەو نەبوونی رەخنە و سانسۆری ئەدەبی و چاپەمەنی درێژ دەکات، بەڵام هیچ ئاماژەیەک ناکەن بە خودی شاعیرە جیدییەکان ، دەزگا چاپەمەنییەکان. من لێرەدا هۆکاری کەمبوونی گرنگیدان بە شیعر وەک چالاکییەکی هونەری دەگەڕێنمەوە بۆ خودی .. ئەوەی هەیە کاریگەری گەورەی بۆ سەر تێکستە جوان و شاعیرە داهێنەرەکانیش هەیە، رەوینەوە لە شیعر و قەیرانی چاپنەکردنی بەرهەمەکانییان و رەتکردنەوەی کتێبخانەکان و چاپەمەنییەکان مانای ئەوە نییە کە شیعر چیتر لە بازاڕی گەرمی ئەدەب و کۆمەڵایەتیدا موشتەری نەماوە، نەخێر هەمیشە رۆحە تینووەکانی جوانی و سۆز و هەست وێڵن بەدوای وشە ورژێنە و ئەو رستانەی کە ماناکانی رۆح ئاشکرا دەکەن و ناوی شاراوەی دڵشکاوەکان سەرلەنوێ دەڵێنەوە. شاعیران کە بەرۆکی بابەتێکی شیعری دەگرین، دەبێ راستی لێدەرهێنن، ئەوان کاتێ دێنە وێزەی شیعر، وەک منداڵێکی ساوا گەمەی لەگەڵ دەکەن، لەجیاتی ئەوەی هەرزەکارانە بیدوێنن، دەستی نەهامەتی بۆ درێژناکەن، لە قوڕگی راستی ناکەنەوە، وەک پەردەیەکی شاراوە دەینینن، نەک وەک شانۆیەکی کراوە، لە شیعردا ژیان نابینن، مەرگ دەبینن، بۆیە ئەزموونە کرچ و کاڵەکانیان لە بەرگی بازاڕێکی سۆزداریدا بەوکەسانە دەفڕۆشنەوە کە وەک خۆیان لە مانای شیعر دەگەن.

 

ئەم کاروانە لە ئێستەدا لە هەڵدێریکی قووڵدایە، درمەکە شاعیرە جیدییەکانیشی گرتووەتەوە، ئەوانیش لە هەڵپەی ئەوەی دەنگیان لەنێو دەنگان بزر نەبێت بە چوارپەڵ پەلامار دەدەن و تێکست دەردەهێنن، تا دەنگیان ون نەبێت و نەکەونە نێو پەراوێزبوونەوە

 

گرفتی سەرەکی رۆیشتنی شیعر بەم ئاڕاستە بۆ خوودی ئەوانە دەگەڕێتەوە کە شیعر وەک شمەک دەبینن، نەک وەک گیان و جەستە و رۆح، ئەوانەی شیعر دەکەنە بەرگێک و خۆیان لەسەر شانۆی ئەو بازاڕە سادەدا دەردەخەن و زمانێکی هەژار و قافییەکی مرد و میلۆدیایەکی سواو، هەرزە رستە بۆ خوێنەران دەڵێنەوە، ئەوان زمانێک دەهێنن و هەڵبەست و بەربەستی پێدەکەن تا دیوانەکانیان پێ پڕبکەنەوە، ئەوان لە خەونی شیعردا ناژین لە خەونی خۆیاندا دەژین، ئەوان شەهیدی رۆحی شیعر نین و نابنە شەهید، بگرە زمان دەکوژن و لەسەر تەختەشۆری مردووان جەستەیەکی مردوو دەخەنە بەردەم خوێنەر، ئەوانن ژیانیان لە شیعر سەندووەتەوە، ئەوانەی تەنیا بۆ زۆرکردنی لاپەڕەکان شیعر هەڵدەبەستن، نەک داهێنان، ئەوان مانگی زیندوو نین بە سایەقەی ئاسمانی ساماڵەوە، ئەوان وێنەی مانگن لەنێو ئاوێکی لێڵدا، ئەوان کاروانچییەکی نەزانن و پێشڕەوی سوارانی حەقیقەت دەکەن بەرەو تاریکی و نێو رێگا هەڵدێڕەکان. دەمەوێ لێرە بەرگریی لە شیعر بکەم ، ئەوەی شیعری هەتک کردووە، ئەوانەن نەک شیعر خۆی ، شیعر خۆی ئابڕووی خۆی نەبردووە، ئەو زمانکوژ و رۆحکوژانەن. ئەمڕۆ شیعر وا بەستەزمانە راکشاوە هەرکەسێ دێت ودەستێ لەلەشی دەدا، لەو بارانە دەچێت جوانییەکانی گوڵ ناشواتەوە. راستە قەیرانێکی شیعری لە دنیادا هەیە، بەڵام نەبووەتە هۆی پێلێژکردنی پایەی شیعر، تا ئەم ساتەش شیعر ئەو وزە رۆحییەیە بەشێک لە ناتەواوییەکانی گەردوون پڕدەکاتەوە، هیچ هێزێ ناگاتە هێزی شیعر لە بزواندنی سۆزوئازار و چێژ و گەشگەییەکانی مرۆڤ. ئەوەی دڵی شیعر دەخاتە ژان ئەو لافاوە لێخنەیە دەنگەکانی بەناو شیعر مەرەزەی جوانی و سەیرانگای سەوزو چیمەن وێران دەکەن، شیعری تەڕی پڕ وردەکاری بەتەنیا دەتوانێ بنکەی ئەو شێوە شیعرانە لەق بکات. لێرەدا من هاتووم تا مەشخەڵێ هەڵگرم تا ئەو رێگا تاریکانە رووناک بکەمەوە، کە دەبنە هۆی بە سەوا بردنی شیعر بۆ ئامانجە راستەقینەکەی. شاعیرانێکی زۆر هەن و شیعرێکی کەم، میعرگەلێکی زۆر هەن خنەی ئەوەیانە لەسەر کورسی راستەقیەی شیعردا دانیشن، بەڵام ئەو هێز و تونایەی هەیانە ناتوانی ملی شیعری راستەقینە بشکێنێ.

 

 

ئەم کاروانە لە ئێستەدا لە هەڵدێریکی قووڵدایە، درمەکە شاعیرە جیدییەکانیشی گرتووەتەوە، ئەوانیش لە هەڵپەی ئەوەی دەنگیان لەنێو دەنگان بزر نەبێت بە چوارپەڵ پەلامار دەدەن و تێکست دەردەهێنن، تا دەنگیان ون نەبێت و نەکەونە نێو پەراوێزبوونەوە، بە هەموو کلۆجێ دەنووسن و بەرهەمدێنن تا بڵێن ئێمە هەین، ئەوەیان لەیادچووە ئەم باهۆزەی هەڵیکردووە گەر وا بڕوات ئەوانیش دەگرێتەوە، ئەمە سەرەتای ئەو دامڕانەیە دەرودیواری شاعیرێتی وێران دەکات. شاعیربوون و شاعیرێتی هەرچەندە بە دیوانی زۆر و فرە نووسین نییە، بەوەش نییە بکەویتە کێبڕکێوە، شاعیرێتی ئامادەبوونی فیزیکی نییە، ئامادەبوونی رۆحییە. بۆیە بە پێویستی دەزانم بەرگری لە شیعر بکەم، چون شیعر ژانرێکی ئەدەبی مەزنە و ئاوێک نییە تەنیا بە دەمی چەند هەرزەشاعیر و چرچنووسەکان لێخن بێت، ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییەدا لەسەر ئاستی خوێنەر و جەماوەریبوون زیانی گەورەی بەرکەوتووە، لەم هاوکێشەیەش بە پلەی یەکەم شاعیران خۆیان بەرپرسیارن، رەخنەگران هەڵسەنگەرانی بەهای شیعر و هێزی شیعری بە پلەی دووەم، شیعر کەوتووەتە نێو ئابڵوقەیەکی ترسناکە و بڕێکی زۆر کودەتاچی لە بەرگی شاعیرێتیدا خەریکن سەری دەخۆن.