عەبدولعەزیم فنجان، ئەم گوتارەی وەک پێشەکیی چاپی کوردیی کتێبی “مشتێک پەپوولە” لەسەر داوای باڵندە نووسیوە، کە چاپکراوی باڵندەیە و تەیب جەبار لە عەرەبییەوە کردوویە بە کوردی– ماڵپەڕی باڵندە
خۆشەویستی، وەک خەباتی شیعرانە
عەبدولعەزیم فنجان
یەک:
پاش ئەو هێدمە وێرانەیەی لە دوای ساڵی (2003)وە هات، پرسیاری ئەوەم لا دروست بوو، مەبەست و سوودی ئەو نووسینانەی پێشووم چییە؟! هەروەها کاریگەری لەسەر ئەو گڵۆڵەیەی کە بە ڕەشایی و سووتان بەردەوام گەورە دەبێ چۆنە؟! بە شێوەیەک خۆم بە بەرپرسیار دەزانی، لەوەی کە چی ڕووی دا و چی ڕوو دەدات، هەموو شیعرەکانم بۆ نوخبە بوو، ئەو نوخبەیەش پەرشوبڵاو بوەوە، لە نێوان تەسلیمبوون و بەڕەنگاریی نائومێدیدا، تەنانەت هەندێک لەو نوخبەیە بوون بە بەشێک لە پڕۆژەی وێرانە…
لەم دڵەڕاوکێیەدا، خۆشەویستیم دۆزییەوە، وەک خەمێکی هاوبەشی نێوان مرۆڤ، مرۆڤی سەرڕاست و دڵسۆز.
گوتاری شەڕ زاکیرەی کۆی ئێمەی فەوتاند، بیرمان لە خۆشەویستی نەکردەوە، جگە لەوەی لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیی تەسکدا نەبێ، بەڵام ئاستی مرۆڤانەی گشتیی خۆشەویستی بە تەواوی دیار نەما، شۆکی گەورە ئەوە بوو کە حزبەکانی دوای ساڵی (2003) گوتاری ڕقیان بەرهەم هێنا، لە ڕێی بێدارکردنەوەی ناسنامەی لاوەکی، بە ناوی نەتەوە و تائیفەوە، بۆ کوشتنی خۆشەویستی لە ئاستی کۆمەڵایەتییشدا.
دوو:
خۆشەویستی، تەنانەت لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیشدا، کێشەیەکی فەلسەفی، فکری و کۆمەڵایەتییش پێک دێنێ. بەڵام لە ڕۆژهەڵات نابێ قسە لەسەر ئاستی چەوسانەوەی ئافرەت لە بواری ئازادی و مافەکانیدا بکرێ، کە خۆشەویستی جەوهەرەکەیەتی. ناڵێم من ئەو وەسفە سیحرییەم دۆزیوەتەوە، کە خۆشەویستی وەک بابەتێکی ئاسان باس بکرێ، بەڵام من و زۆر کەسی تریش لەگەڵمدا دەپرسین، مەبەست و سوودی شەڕ بە هەموو جۆرەکانییەوە چییە؟!
شەڕ چی پێشکەش کرد، جگە لە کەمئەندامبوونی ڕۆحی، دەروونی و کۆمەڵایەتی تاک؟! ئەرێ شەهوەتی کوشتن تەواو نەبوو؟! ئەرێ لە گوتار و ئەدەبیاتی شەڕانگێزی تێرمان نەخوارد؟! کە نیو سەدەیە هەموو کتێب و کتێبخانەکانمانی داگیر کردووە، ئێستاشی لەگەڵدا بێ.
کەی دەگەڕێینەوە بۆ سادەیی؟! کەی گوڵ، کانی و ئاومان خۆش دەوێ؟ کەی ئەو بەردە لا دەبەین کە بەردەمی ئاوڕێژی کانییەکەی گرتووە؟ کەی لەگەڵ جۆگەلەدا قوڵپ دەدەین و هەست بە خۆشەویستیی بەرامبەر بە خۆمان دەکەین؟ کەی خۆشەویستی دەبێتە ڕەفتارێکی شارستانییانە؟!
سێ:
شیعرەکانم دژی شەڕ و ڕقوکینە نووسراون، بەو پێیەی ئافرەت هاوبەشی سەرەکیی میحنەتی بوونە، شیعرەکانم شیعری پیاوانەی نێر نین، بەڵکوو شیعری مرۆڤن، مرۆڤ بە مانا فراوانەکەی، کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەموئەودا نییە…
ئایا دەکرێ شیعرەکانم بە شیعری سیاسی دابنرێن؟!
بەڵێ، چونکە شیعرەکانم بە جوانی شەڕی دزێوی دەکەن، ئەمەش جەوهەری خەباتی شیعرانەیە لەم قۆناغە ئاڵۆزەدا…