پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر – ٢٠٢٠

March 22, 2020

پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر (٢١ـی مانگی ٣ـی هەموو ساڵێک)، پەیامێکە هەر ساڵێک و لە لایەن شاعیرێکی جیهانەوە دەنووسرێت. شاعیرەکە لە لایەن (ناوەندی باڵندە)وە بۆ نووسینی پەیامەکە دەستنیشان دەکرێت. ئەم پەیامە بایەخ بە ڕۆڵ و گرنگیی شیعر لە جیهانی ئێستادا دەدات، جیهانێک کە تێیدا بەردەوام ئاشتی و پێکەوەژیان لە پاشەکشەدان و شەڕ و توندوتیژی و نادادپەروەری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنن. ئایا شیعر دەتوانێت لە جیهانێکی ئاوادا چی بکات؟ هەروەها بایەخی شیعر لە ژیانی شەخسیی شاعیردا و تێڕوانینی ئەو شاعیرە بۆ دنیای شیعر. پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، دەیەوێت سەرنجەکان لەسەر شیعر چڕتر بکاتەوە و پێمان بڵێت شیعر چییە و چی پێ دەکرێت. ناوەندی باڵندە، بۆ ساڵی ٢٠٢٠، شاعیری سوێدی، بوو گوستاڤسۆنی بۆ نووسینی ئەم پەیامە هەڵبژاردووە. ئەو لە ساڵی ١٩٤٦ لە دایک بووە. شاعیر و وەرگێڕ و لێکۆڵەرێکی ناوداری سویدە. سۆفیئاسا شیعر دەنووسێت و هەوڵ دەدات هەر لەو چوارچێوەیەشدا ڕوانینەکانی بخاتە ڕوو. (لێخۆشبوون، ١٩٩٣)، (لە سەردەمی فریشتەکاندا، ١٩٩٤)، (کڵاوکوڕەکە لە تەنیاییدا دەفڕێت، ٢٠١٤) ناوی هێندێک لە کتێبەکانی ئەون.

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی دەقی پەیامەکە بە

کوردیی ناوەندی
Svenska (Swedish)