تەنیایییەکی شەرابی

جەواهیر بەدەل/شاعیری کوردی تورکیا

April 10, 2020

جەواهیر بەدەل، شاعیری باکووری کوردستان، ساڵی ١٩٧٦ لە دەرسیم لە دایک بووە و تا ئێستا چوار کتێبی شیعری چاپ و بڵاو کردووەتەوە. بە تورکی دەنووسێت و لە ئەنکارا دەژی. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

تەنیایییەکی شەرابی
جەواهیر بەدەل
لە کورمانجییەوە بۆ کوردیی ناوەڕاست: سایە ڕەجەب

 

 

»گەلەئەستێرەیەکە، ئاوڕ لە چاوم دەداتەوە و
قەولی مردنێکی نزیکم پێ دەدات«

ئانا ئاخماتۆڤا

 

 

هێڵێکی ئەستوور بەسەر ئەم شەوەدا بهێنە

ئەستوور و سارد

پاشان شەپۆلی پرتەقاڵی بتەکێنە سەر سینگم کە ئیدی نابیستێ

کە ئیدی نابیستێ…

 

تۆ هەڵقوڵایت، هەر هەڵقوڵایت، هەڵقوڵانێکی بێکۆتا

ئێستا تۆ بەردێکیت، زنارێکیت، ئێستا دونیایەکی ساردوسڕیت

 

ئەی ئەو دۆڵە ساردەی کە تاریکی دایپۆشیویت

کە ژیانت پێچایەوە و خستتە لایەک

دەسا مردنیش بپێچەوە

مردنیش

 

با پارچەپارچەت دەکات و خۆی دەپارێزێت

بەڵام تۆ یەک پارچەیش نییت

بەڵکوو تۆ هەر لە ئارادا نییت!

 

ئەو سەردەمانەی بە پەلەکوتێ کۆت کردوونەتەوە

هەڵیان دەگریت و بە ئارامی بەرەو ئێوارە دەیانبەیت

 

ئەوەی سەرلەئێوارە بیستت هاژەیەک بوو

کاتێک خۆت بەو لێوە وشکانەوە دەنووساند و بە زمانێکی تر دەدواین!

 

کە لە دەرد و خەمێکی پەرشوبڵاوەوە دەرپەڕیبوون

بە زمانی بێکەموکوڕیی چیرۆک و گوڵەوەنەوشەکان گێڕایەوە بۆت

تۆ بە دەنگێکی بەهەنسکەوە دەتگوت:

منیش، منیش …

منیش ژەهراوی بووم

لە ژەهری خۆم ترسام

 


 

شیعرەکە لە لایەن عوسمان مەهمەدەوە بۆ کورمانجی وەرگێڕدراوە.