عەبدولخالق یەعقووبی
خوێندنەوەیەک بۆ دەفتەرەشیعری”بەرد“ی فەرەیدوون ئەرشەدی
فەرەیدوون ئەرشەدی پتر لە سی ساڵە شیعر دەنووسێت، بەڵام ئەوە یەکەمجارە ئەزموونەکانی ئەم سی ساڵەی لە دووتوێی دەفتەرێکدا بڵاو دەکاتەوە، دەفتەرەشیعری “بەرد”. هەڵبەت شاعیر لە کۆتایی هیچ شیعرێکیدا ئاماژەی بە ساڵ و مانگ و ڕۆژی نووسینی دەقەکانی نەکردووە، و ئەمەش بۆی هەیە پیشاندەری ئەوە بێت ئەرشەدی پتر لەوەی باوەڕی بە ئەزموونی کاڵ و ئەزموونی پوختی شیعری هەبێت، باوەڕی بە خودی شیعر هەیە. ئەوەی دواجار دەکەوێتە بەر چاوی خوێنەرەوە دەق و دەلالەتە ناوەکییەکانی دەقە، نەک پەراوێز و نیشانە دەرەکییەکانی. هەر بۆیە، خوێندنەوەی منیش بۆ “بەرد” خوێندنەوەیەکە بۆ کۆی ئەو ئەزموونە سی ساڵەیە بێ لەبەر چاوگرتنی کات و ڕێکەوتی نووسینی شیعرەکانی.
لە دەفتەرەشیعری “بەرد”دا ئەرشەدی بە دەوری دووبنەباس یان موتیڤی سەرەکیدا دەخولێتەوە: خۆڵەمێش و بەرد. خۆڵەمێش ئەنجامی سووتانی جەستەی مرۆڤ-شاعیرە (دەنگی شێعریی باڵادەستی زۆرینەی شێعرەکانی “بەرد”) بە دەستی خۆی، و بەرد ئاکامی لەخۆنامۆبوونی ڕۆحی مرۆڤ-شاعیرە بە دەستی ستەمکاران. سەرەڕای ئەوە، لە “بەرد”دا سووتان و لە خۆنامۆبوونی شاعیر دیاردەیەکی ئەزەلی و ئەبەدی و چارەنووسێکی حەتمی و هەمیشەیی نییە، بەڵکو حاسڵی ڕەوتی ژیان و دۆخی سیاسیی ئەو کۆمەڵگایەیە مرۆڤ-شاعیر تێیدا دەستبەسەرکراوانە بەسەر دەبات. ئەرشەدی لە چەند شیعرێکیدا شەرمنانە باس لە ئەزموونی سووتانی مرۆڤ-شاعیر لە ئاگری جەستەی خۆیدا دەکات و پتر لەوەی ئاماژە بە دۆخی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بکات تەنیا شێوە و بیچمی ئەو ئەزموونە خۆڵەمێشییە نیشان دەدات، کە هەڵبەت تۆزە ڕۆمانسییەتێکی تەسکیشی لێ دەنیشێت:
تەنیایی
پەنجەی تریفەیی خەیاڵ
گرێی دڵم ناکاتەوە
ددانی مەرگ
وردە
وردە
خولیاکانم ئەجوێتەوە،
مانگ ئەسووتێ
منیش کەم کەم ئەسووتێم و
بیرکردنەوەم دوایی نایێ.
(بەرد، ل ١٠)
با ئەوحاڵە، ئەرشەدی لە هەندێک جێشدا ئاماژە ونیشانەکانی هۆکاری “سووتان”ی مرۆڤ-شاعیرەکەی خۆی دەدرکێنێت وخوێنەرەوە پتر لە فەزای خەفە و خەمهێنی ژیان و ژینگەی خۆی نیزیک دەکاتەوە:
تەنیایی
لە ناخی تاریکییەوە
دەنگی تۆیە
یا دڵەخورپەی زەوین؟
سووتان تاوانی دڵێکی تینوو نییە،
باران
باران
هەر بارانە ڕەنگی خەمی من دەناسێ
بڵێ داکا
بڵێ داکا.
(بەرد، ل ١٤)
ئەرشەدی لەم شیعرانەدا زمانحاڵی سووتانی مرۆڤ-شاعیرێکە “پێلووی پەنجەرەکەی بە دەزووی دەرد ئەدوورێنێ” (شیعری “خۆرنشین”، لل ١٧-١٨)، “با ئەزانێ بۆچی بووگە بە خۆڵەمێش” (شیعری ژوان، ل ١٩)، “نە تریفە دەیشواتەوە/ نە بیرەوەریی ئەو بارانەی/هەموو ڕۆژێ لە کۆڵانی ڕەگەکانیا/بووکە بارانەی بۆ ئەگێڕێ” (شیعری “سەفەر”، للل ٢٠-٢١). زمانی ئەرشەدی لەم وەسف و وێناکردنانەدا زمانێکی شەنگی شاعیرانەیە؛ زمانێک کە جوانیناسانە باسی دەرد و ئازار دەکات و ئاشقانە لە مەینەتییەکانی خۆی دەدوێت. ئەرشەدی دەخوازێت ئەزموونی ئازاری مرۆڤ-شاعیرەکەی جیهانی “بەرد” بکات بە تابلۆیەک لە جوانیی پەیڤ و پەیڤی جوانی:
کەس نازانێ بۆچی باران
بۆ ڕێبوارێ دەگەڕێ کە کۆڵانی ڕەگەکانی
پڕن لە خۆزگە و خۆڵەمێش
هەیاران و نەیاران
یاخوا داکاتە باران
(بەرد، شیعری “سەفەر”، لل ٢٠-٢١)
بەڵام لەم چەند شیعرە جوانەدا شاعیر لە وێناکردنی ئەو زەمینە و دۆخانەی ئەم دەرد و ئازارانەیان تێدا دروست بووە خۆ دەبوێرێت. تانوپۆی زۆربەی ئەم چەند شیعرە ئاماژەپێکراوەی سەرەوە تانوپۆی شیعری ناکۆمەڵایەتین، بەو واتایەی شاعیر پتر بە دەوری بازنەی ئازاری خۆیدا دەسووڕێتەوە؛ دەردی شاعیر دەردی سووتانی خۆیەتی بە دەستی خۆی و خۆزگەی شاعیریش خۆزگەی ڕزگاربوونی خۆیەتی:
هەر کە خۆر نیشت
وەکوو ئاسۆ دەسووتێم و
بە دووی ڕۆژا ئەتوێمەوە،
هەموو شەوێ وەکوو ئەمشەو
گڕێکی سوور
گڕێکی بەرز
لە دەروونما ئەکرێتەوە
دەئالێتە دارستانی تەنیاییم و
بە ڕەهێڵەی هەزار شێعریش ناکوژێتەوە.
(بەرد، شیعری “خۆرنشین”، ل ١٨)
ڕوانینی شاعیر لەم کۆپلانەدا ڕوانینێکی جوانیناسانە بەڵام دوور لە تانوپۆی ژیانی کۆمەڵایەتییە؛ خوێنەرەوە هەست دەکات دەنگیی شیعری لەم دەقانەدا مرۆڤ-شاعیرێکی تەریککەوتە لە ڕەوتی بەسەرهات و چارەنووسی خەڵکە. لێرەدا شاعیر پتر لە خۆی دەدوێت، بۆ خۆی دەدوێت، و بە خۆی دەدوێت. تەنانەت لە شیعری هەرەبەهێزی “سنوور”، کە خاوەنی فۆرمێکی ئەندازیارانەی هەتابڵێی ورد و جوانی شیعرییە، ئاماژەکانی “دەشتی خۆڵەمێش” و “یەک چریکە بەهار”، کە بۆیان هەیە هەڵگری دەلالەتی ژیان و ئامانجی کۆمەڵایەتیشان بن (واتە جگە لە دەلالەتی جەستە و خەونی خودی مرۆڤ-شاعیر، بۆیان هەیە دەلالەتی جەستە و خەونی کۆمەڵگەش بەدەستەوە بدەن)، دواجار دەگەڕێنەوە خزمەتی “سێحری شینی هەڵفڕین”، کە خەونێکی ئینسانی بەڵام تاکەکەسیی مرۆڤ-شاعیری “بەرد”ە:
سنوور
لە سێحری شینی هەڵفڕینەوە
تا مەیلی دڵڕفێنی مەحاڵ،
تەنیا تەکانی دوو باڵە
تەنیا تەکانی دوو باڵ!
ئەی دەردی بەربڵاوی هەڵفڕین
ئەی باڵەکانی مەحاڵ!
لەم دەشتی خۆڵەمێشەوە
تا یەک چریکە بەهار،
تەنیا سنووری دوو باڵە
تەنیا سنووری دوو باڵ.
(بەرد، ل ٢٦)
دیارە ئەم مونیزمە (منخوازی) فەلسەفییە (philosophical monism) لە پەیڤی شاعیردا ڕەنگدانەوەی دۆخی وجوودیی ئەوە لەو ژیان و جیهانەی تێیاندا بەسەر دەبات. لەم ژیان و جیهانەدا هەر “گێژەنی خۆڵەمێشە بە سەر مرۆڤ-شاعیردا دەڕووخێت” (بەرد، شێعری “ڕێگا”، ل ٢٨) و هەر بۆیە بۆی ناکرێ “ئازاری مان و نەمان” (بەرد، شێعری “نغرۆ”، ل ٢٩) لە بیربباتەوە. لێرەوەیە ئەرشەدی دوابەدوای موتیڤی “خۆڵەمێش”، موتیڤی “بەرد”یش دەهێنێتە سەر شانۆی شێعرەکانی:
چارە
خۆر سەری نایە سەر شانی ئاسۆ
ئێوارە مەیی
گەڵای زەردەپەڕ
بە سەر باڵامدا
نم
نم
هەڵوەری.
غوربەت و مردن گابەردی قورسی سەر دوو شانمن
بەرەبەیانان
بە هەورازەڕێی خۆم و ژیاندا سەریان دەخەم و
دەمەو ئێوارە
بەرەو نشێوی شەوێی ترم تل دەبێتەوە.
(بەرد، ل ٣٠)
لەم شێعرەدا “بەرد” هەمان بەردی ناسراوی سیزیفی ئۆستوورەکانە. ئەم گابەردە قورسەی غوربەت و مەرگی سەر شانی مرۆڤ-شاعیر گابەردێکە لە ئەنجام و بە هۆی وێناکردنی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ-شاعیرەوە پێناسە ناکرێت. شاعیر لە ئەنجام و بە هۆی تەنیایی خۆیەوە هەڵگری ئەو بارە پشتچەمێنەیە. ئیماژی زاڵ لەم چەند نموونە شێعرەی سەرەوەدا ئیماژی تەنیاییی مرۆڤ-شاعیرێکە کە غوربەتی ئێگزیستانسیالیستی (وجوودی) و ترسی فەلسەفیی لە مردن وای لێدەکەن “چارە”ی هەر هەڵکێشان و داکێشانی بەردەوامی گابەردی تەنیایی و بێهوودەیی بێت. ژیانی مرۆڤ-شاعیر لە بازنەیەکدا دەسووڕێتەوە کە بریتی دەبێت لە تەنیاییەوە بەرەو بێهوودەیی و لە بێهوودەییەوە بەرەو تەنیایی.
وەک هەنگاوێک بۆ دابڕان لەو مونیزمە فەلسەفییەی مرۆڤ-شاعیری جیهانی “بەرد” لە کۆتی تەنیایی و بێهوودەییدا دەبەستێتەوە، ئەرشەدی لە شیعری “چارەنووس” لە ڕوانگەیەکی ترەوە و بە واتایەکی دیکە موتیڤی “بەرد” وێنا دەکات (ئەو جیاوازییە تەنانەت لە ناوی شێعرەکانیشدا خۆ دەنوێنێت، وەک چۆن شێعری پێشوو “چارە” بوو، کە چی ئەم شێعرە “چارەنووس”ە):
چارەنووس
لە ناو نەفرەت و خۆشەویستیدا
بە کام هەقیقەت دڵت خۆش بکەم؟
هەر چەندە گەرووم پڕ لە حەیرانی قاسپەیە بەڵام
هەرگیز نەیانهێشت جگە بەردستان
بۆ باخێکی تر دەنگم هەڵێنم.
هەتا هەتایە ئاو بەرەو دەریا سەر لە بەرد ئەسوێ
کەچی من و تۆ
لە نێو سامناکیی بەردەڵانێکدا
بە ئاواتێکی بلووری دەژین!
(بەرد، ل ٣١)
لەم شێعرەدا مرۆڤ-شاعیر لە بازنەی تاکەکەسی و تەنیایی دێتە دەرەوە، و لە قاڵبی دوو خوازەی “بەردستان” و “بەردەڵان”دا، ئاماژە بە جیهانی ئینسانیی دەرەوەی خۆیشی دەکات. بەرد لەم دوو خوازەیەدا چیتر بەردی غوربەت و مەرگی شەخسیی مرۆڤ-شاعیر نییە، بەڵکو بریتییە لەو کۆمەڵگە یان جیهانە بەردینەی کە بەربەستی گەورەی شاعیرن لەوەی بە ئازادی و بێ ترس بژیت. کە واتە، بەرد لەم شێعرەدا چیتر هێمای بێهوودەییەکی فەلسەفی-وجوودی نییە، بەڵکو سیمبۆلی کۆمەڵە مرۆڤێکە کە لە ژیانی گەرموگوڕی ئینسانی بێبەرین، و لە هەمان کاتدا، ڕێگا نادەن مرۆڤ-شاعیری “گەروو پڕ لە حەیرانی قاسپە” بۆ “باخێکی جگە بەردستان دەنگ هەڵبڕێت” (هەڵبەت شایانی ئاماژەپێکردنە خوێنەرەوەی وردبینی شێعری کوردی ناتوانێت ئەم شیعرە جوان و کورتە بخوێنێتەوە و شێعری درێژ و هەرمانی “خەوەبەردینە”ی سوارە ئێلخانیزادەی وە بیر نەیەتەوە).
ئەم گۆڕانە لە هزری مرۆڤ-شاعیری “بەرد”دا خاڵی وەرسووڕانێکی گرینگە لە جیهانی وجوودیی تاکەکەسەوە بەرەو جیهانی ڕاستەقینەی کۆمەڵەوە. وێدەچێت لێرە بەدواوە ئەرشەدی چیتر عەبداڵی دۆزینەوەی هەقیقەت لە تەنیا وجوودی خۆیدا و بۆ تەنیا وجوودی خۆی نییە. چارەنووسی مرۆڤ بە شکست و سەرکەوتنەکانییەوە بەرهەمی تێکەڵاویی و کارلێکی مرۆڤە لەگەڵ جیهانی دەوروبەری. لەم ساتە بەدواوەمرۆڤ-شاعیر دەخوازێت جڵەوی چارەنووسی ژیان بکەوێتە دەستی خۆی و لە بۆ داڕشتنی نەخشەی داهاتووی بوونی خۆی لە “نسێی شمشێری مەرگ” ڕابکات:
نسێ
مردن ئێستاش چاوەڕوانە
چاوەڕوانیم لە پای دڵما سەر ببڕم
شمشێرێکە
بە سەر سەرمەوە وەستاوە
دەڵێ ڕابە!
بە چی دەبێ لەبەر ڕێگای نەپێوراوی داهاتوومدا
قاچەکانم بە لەشمەوە بلکێنمەوە؟
چەند ئارەزووی ڕابوونەوە
لە نسێی ئەم شمشێرەدا
بچێنمەوە!
(بەرد، ل ٣٦)
لەم شێعرەدا، شمشێر ئاماژەیەکە بۆ شەڕ. مرۆڤ-شاعیر بڕیار دەدات بچێتە شەڕی مەرگ و ئاواتەخوازی ڕابوونەوە و بڕینی ڕێگای داهاتووە. خاڵی باڵکێش ئەوەیە ئەم شەڕە چیتر شەڕی مرۆڤ-شاعیر نییە لەگەڵ خۆی و لە پێناوی “خود”ی جارانی خۆیدا، بەڵکو شەڕە لەگەڵ ئەوی تر (لێرەدا “ئەوی تر” بریتییە لە مەرگ یان ئەوانەی مەرگهێنن) و بە مەبەستی دروستکردنی “خود”ێکی نوێ، ئەو “خود”ەی دەخوازێت ئیتر واز لە بێقاچی (بێهیوایی و بێدەرەتانی) بهێنێت.
ئەرشەدی بەم شێوەیە دەگاتە ئەو خاڵەی قۆناغی بێهیوایی ئێگزیستانسیالیستی جێ بهێڵێت و باس لە ڕزگاربوون بکات، بەڵام نەک ڕزگاربوونێکی وەهمیی لەکتوپڕ و بۆش و بەتاڵ، بەڵکو ڕزگاربوونێک کە بە دەم سووتانەوە و لە سۆنگەی “خەونی هەڵفڕینەوە” دێتە دی:
ڕزگاربوون
ڕزگارن ئەوانەی بۆ خەونی هەڵفڕین سووتاون
دوو باڵی سازکراو لە مۆمی ئاوات و
هەتاوی پڕ قین و
ئاسمانێک بێ سنوور.
بێهوودە بۆ لەشی لەت لەت و
بۆ دەنگی باڵ لێدان مەگەڕێن
ڕزگارن ئەوانەی بۆ خەونی هەڵفڕین ژیاون.
(بەرد، ل ٤٠)
وەک پیشتر باس کرا جگە لە “بەرد” موتیڤێکی سەرەکیی تری دەفتەرەشێعری “بەرد” “خۆڵەمێش”ە. موتیڤی “خۆڵەمێش” خۆی نیزیکەی ٩ جار و کاری “سووتان” و ناوی “سووتماک” و ئاوەڵناوی “سووتاو”، دەستەخوشکە واتاییەکانی خۆڵەمێش، نیزیکەی ١٤ جار لەم کۆمەڵەشێعرەدا دووپات دەبنەوە (واتە، سەرجەم ٢٣ جار). ئەم ڕێژە بەرزە لە دووپاتبوونەوەی خۆڵەمێش و سووتان ئاماژە بە جیهانی پڕئاگر و دووکەڵی شەخسیی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ-شاعیری “بەرد” دەکات:
سپی بوو ڕەشەبای ئەوین و
دڵی من بناری پڕ نسێی خۆڵەمێش.
وا نیگات ڕەهێڵەی تریفەس
مانەوەت سەرچۆپیی خوێن و مەرگ
ڕۆشتنت سووتانی خۆر و مانگ؟
(بەرد، شێعری “هاتنەوە”، ل ٤٣)
ئەگەرچی ئەرشەدی لە جیهانی “بەرد”دا خۆڵەمێش و سووتان وەک ئاماژە بە شکستی وجوودیی خۆی وێنا دەکات، بەڵام پێی وا نییە شکستێکی لەمجۆرە جەوهەری جیهان و ژێرخانی ژیانی ئەو بێت:
ژوان
کۆڵوانەکەی وەک زرێبار
باوەشی پڕ لە گوڵەباخ
لە کەژاوەی خوێن دابەزی
چڵێ خەمی خۆرنشینی لە سنگما چاند.
لەو کاتەوە ئاو ئەزانێ
لە کوێ دەنووم
بەفر ئەزانێ
چۆن ئەسووتێم
با ئەزانێ
بۆچی بووگم بە خۆڵەمێش.
(بەرد، ل ١٩)
لەم شێعرەدا، جیا لەو زمانە شاعیرانە پڕجوانکارییەی کە بۆ نموونە لە بەکارهێنانی کۆنتراستی نێوان ڕەگەزەکانی سروشت (ئاو، بەفر، با) و حاڵەتیی وجوودیی (نووستن، سووتان، بوون بە خۆڵەمێش) مرۆڤ-شاعیر لەم شێعرەدا وێنا کراوە، شاعیر دەخوازێ پێمان بڵێ ڕازی نووستنی من (هێمایەک بۆ کۆڵدان) ئاو (هێمایەک بۆ هەدانەدان) دەیزانێت؛ کە واتە، ئەو نووستنە، کە نووستن و نوشوستییەکی کاتییە، خۆی لە ڕەگەزی ئاوە و دواجار دەکەوێتەوە گەڕ. لێرەدا ئەرشەدی چەمکی “شکست” لە واتای ئەزەلی و ئەبەدیی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە و لە ناخی هیوابڕاوی و ڕەشبینییەوە (“چڵێ خەمی خۆرنشێن”) باس لە ئاو و بەفر و با دەکات، کە هەموو ئاماژەن بۆ هەستانەوە و بووژانەوە. مرۆڤ-شاعیر لە پێ کەوتووە، بەڵام بێئامانج نییە؛ ورەی دابەزیوە، بەڵام بێهیوا نییە. ئەم خۆڵەمیشە خۆڵەمێشی نەهامەتیی هەتا هەتایی نییە؛ خۆڵەمێشێکە دواجار دەکرێت وەک “حەسرەتی دیسان کڵپە سەندنەوە” و حەسرەتی بەربەرەکانیکردن لە گەڵ مەرگ ڕاڤەی بکەین:
تەمێکی تەنک
هەتاوێکی سارد
چاوەڕوانییەک پاییز ئاوەردە.
ئەی ساتەکانی لیوڕێژی غوربەت
ئەی بارانی دوور
چاوەڕوانییەکی بۆ بەجێ هێشتووم
هەموو هەستیمی خۆڵەمێش ئاسا
کردووەتە حەسرەت
حەسرەتی دیسان کڵپە سەندنەوە
حەسرەتی دیسان بە سێحری چاوی
تەلیسمی مردن بەتاڵ کردنەوە.
(“بەرد”، شێعری “باران”، ل ٤١)
مرۆڤ-شاعیری “بەرد” نە دەتوانێت دان بە شکستی وجوودیی خۆیدا نەنێت:
لەتەک ئاو بپەیڤی یان ئاگر
لە تانوپۆی بووندا گەمەیەکی سادەی
بە پەنجەی مناڵانەی مردن دەکرێیتەوە.
(“بەرد”، شێعری “ئیمپراتوور”، ل ٨١)
نە ئامادەیە واز لە ئاوات و ئامانجە ئینسانییەکانی خۆی بهێنێت، تەنانەت ئەگەر “برینداری چەقۆی زناران”یش بێت:
پەیجۆر و بێقەرار
لەم هەوارەوە بۆ ئەو هەوار
برینداری چەقۆی زناران، چەشنی با
بێپەروا.
(“بەرد”، شێعری “ئاکار”، ل ٨٤)
ململانێی نێوان ئەو شتەی واقیعی بوون دەیەوێ بە سەر مرۆڤ-شاعیریدا بسەپێنێت و ئەو شتەی خەونی مرۆڤ-شاعیر بۆ گۆڕانکاریی جیهانی دەخوازێت:
بۆم ناگیرێ جڵەوی زەمەن
لێم نابنەوە قەوزەکانی خەون…
(“بەرد”، شێعری “ئاکار”، ل ٨٤)
بەشێکی زۆر لە وزە و دینامیزمی جوانیناسانە و واتاناسانەی شێعری ئەرشەدی بۆ وێناکردنی شاعیرانەی ئەو ململانێیە دەگەڕێتەوە: ئایا مرۆڤ-شاعیر کە لە جیهانێکی بەردیندا (بەردستان و دڕکستان –چەند نیزیکن لە کوردستان، ئەگەر بمانەوێ خوێندنەوەیەکی زۆر ناوچەگەرایانەی بۆ بکەین!-) دەژیت و بەردی غوربەتی وجوودیی خۆی لە کۆڵ ناوە دەشێت بە سووتان و بوون بە خۆڵەمێش ڕازی بێت، یان ناچارە لە هەمان کاتدا کە شکستی وجوودیی خۆی بە بەشێک لە وجوودی خۆی بزانێت، واز لە خەبات و خەونی ڕەهابوون (کە خۆی جۆرێک سەرکەوتنە) نەهێنێت:
ڕەها
نە بە ڕەهایەتیی با
گرفتار بە ڕەفتارێک بووم بەردئاسا
بە بەستێنەوە گیرساو
ئاو کردار
بە خاکەوە نووساو
فڕین نە
وەرین بووم
لە وڕینەی نێوان دوو نوستندا
هەناسەیەک
لە خۆڵەمێشی خەونی ڕۆشتوواندا
ڕەها نەبووم
نە
ڕەها نەبووم.
(“بەرد”، لل ٨٧-٨٨)
هەڵبەت ئەو مرۆڤ-شاعیرەی لە جیهانە بەردینی دەفتەرەشێعری “بەرد”دا بۆمان وێنا دەکرێت لە هەندێک شێعری لە چەشنی شێعری درێژی “وەتەن”، لل ٥١-٥٨ واز لە مۆنۆلۆگی نێوان خۆی و نسێی خۆی دەهێنێت و ئەمجار ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە نیشتمانەکەی و ئاواتەکانی خۆی دەدوێنێت. ئەرشەدی لە شێعری “وەتەن”دا وایلۆکبێژ و شینگێڕی ئەو چرکەساتانەیە کە سووتاون و دۆڕاون، بەڵام لە یاد نەچوونەتەوە. نیشتمانیش بەردستانێکی (دیسان دەتوانین بخوێنینەوە کوردستانێکی) سووتاوە، وەک چۆن مرۆڤ-شاعیرەکانیشی بەردی ئاواتەکانیان لە کۆڵ ناوە و ئاواتسووتاوانە بۆ خەونی بووژانەوە و سەرکەوتن دەژین:
وەتەن، ئەی باڵندە شەکەت و خاکڕەنگەکە
ئەی نازەنینە مۆرپۆشەکەی دڵم!
مردن چییە، جگە بێڕەنگیی قەنارییەکی خەمگین و دیل
تەنیاییش
بێدەرەتانیی ئاشقیکی دوور لە تۆ؟!
دەزانم ئاواتە سووتاوەکانی کانی
بە چاوبڕکێی ئەستێران نایەنە دی
ئەگینا شۆڕەبیی ئاشوفتەی دڵی من، پڕشنگی چاوی یار و
کانیاوەکانی تەناییی تۆ
بە یەکتر نامۆ نین!
(“بەرد”، شێعری “وەتەن”، لل ٥١-٥٢)
بەڵام ئەم وایلۆکبیژییە تەنیا گیڕانەوەی حیکایەتی نۆستالۆژیک و بەسەرهاتی تراژیکی شکستەکانی مرۆڤێکی بەردین-خۆڵەمێشی و وەتەنێکی بەردستان-سووتاو نییە، بەڵکو سترانێکیشە بۆ ڕاسانەوە و بووژانەوەی ڕۆحی بەرەنگاری و بەرخۆدانی نەتەوەیی. مرۆڤ-شاعیری “بەرد” لە قاوغی ئێگزیستانسیالیزمێکی نەزۆک دەرباز دەبێت و لە هەمان کاتدا کە دان بە خەمی قورسی نوشوستیی خۆی و نیشتمانەکەی دەنێت، هاواری هەستانەوە دەکات و هۆرەی ئەڤینی مرۆڤ و خاکیش دەچڕێت. مرۆڤ-شاعیری “بەرد” وایلۆکبێژی شکستەکان و سترانخوێنی ئاواتەکانی مرۆڤ-نیشتمانی هەموو جیهان بە گشتی و کوردستان زۆر بە تایبەتییە:
خەم مەخۆن ئەی ئەرخەوانە هەتیوەکانی وەتەن
هەڵمەوەرێن پەنجە شمشاڵییەکانی شنەبای حەسرەتڕێژ!
کارژۆلە ساویلکەکانی دوێنێ و
براخۆرەکانی ئەمڕۆ، مەترسێن،
بۆ دەرمانی نێرگزی دیدەتانە
لەم دڕکستانە خوێناوییەدا هەڵکورماوم،
ئەی ئەستێرە گێژەکانی ئاشقی خاک
بۆ لێوی ویشک و بێتروسکەی ئێوەیە
لەم قاقڕستانەدا
لە کانیاوێک دەگەڕێم فێنکایی بارانی لێ هەڵقوڵێ.
تامی یەکەم ماچی ئێوە
ئەی کیژۆڵە سەرمەستەکانی کازیوە، وای لێکردم
خۆڵەمێشی سەر ئێسکی ماسی و مامز بلێسمەوە.
هەولێر / هاوینی ٢٠١٦