پیاسەیەکی سوێدی

بوو گوستاڤسۆن/شاعیری سوێدی

July 25, 2020

کتێبی “بەنێو مەرگدا دەڕۆم بەرەو پاییز” هەڵبژاردەیەکە لە کۆی دەفتەرەشیعرەکانی بوو گوستاڤسۆن/شاعیری سوێدی، کە فەرهاد شاکەلی کردوویە بە کوردی و وەشانخانەی باڵندە چاپی کردووە. ئەم گوتارە دەربارەی ئەو کتێبەیە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

پیاسەیەکی سوێدی
شاڵاو حەبیبە

 

 

 

من هەر وەک شاعیرە سۆفییەکەی ئەم کتێبە، سۆفییانە جووڵامەوە و خۆم بە بەخت و نێوچاوان سپارد. هەڵبەت بە دوای ئەوەدا نەچووم بزانم سۆفی، یان شاعیرێکی سۆفیی سوێدی چۆن لە بەخت و نێوچاوان دەڕوانێت، بەڵکوو زیاتر مەبەستم ئەو هەڵبژاردنە ڕۆحییەیە کە بە هەڵکەوت شیعرێکم لە کتێبەکەوە بۆ دەربچێت، بەڵام لەگەڵ هەڵدانەوەیدا، دەرکەوت زیاد لە بەختێکە، چونکە باس لە پیاسەیە:

 

به‌ ڕێگایه‌کی چۆڵوهۆڵدا

به‌سه‌ر ڕێگایه‌کی چۆڵوهۆڵدا ده‌ڕۆیت
به‌ژێر دره‌خته‌ ڕووته‌کاندا. هه‌ر هه‌نگاوێک
خۆشییه‌که‌.
گوێ له‌ ده‌شتی شه‌خته‌گرتوو ده‌گریت و
گوێت لێیه‌ بێده‌نگی، له‌سه‌رخۆ،
ده‌رگا گه‌وره‌که‌ ده‌کاته‌وه‌.
داره‌کان ده‌ڕواننه‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان،
تا بنی ڕه‌گه‌کان ته‌ماشا ده‌که‌ن و
له‌و ڕووناکییه‌ سپییه‌دا
سه‌ما ده‌که‌ن.

 

له‌ناو برینی ئارامیدا
سه‌ما ده‌که‌یت ــــــ

 

شیعرەکە سەرەتا سادە و کەمبابەت دەردەکەوێت، تا سەرنج لە ڕێگای چۆڵ، درەختی ڕووت، دەشتی شەختەگرتوو، دەرگا گەورەکە، سەما و ڕووناکییە سپییەکە دەدەین و ئنجا واتاکان درووست دەبن. ئەم ئاماژە شیعری و سۆفییانە وەک بانگهێشتێکن بۆ ڕامان لە سرووشت، بەڵام بە بڕوای من ئەسڵی شیعرەکە پیاسەیە. زۆر لەوەیش دەچێت ئێمە لەگەڵ پیاسەیەکی زستانیدا هاوڕێ بین. ئەگەرچی ناونیشان و دەستپێکی شیعرەکە سەرنجمان بۆ ڕێگایەکی چۆڵۆهۆڵ دەبەن، کەچی لە درێژەدا دەبینین مرۆڤ و درەختەکان پێکەوە سەما دەکەن. هەڵبەت ئەمە زیاتر سەمایەکی واتایی/سۆفییانەیە.

 

پیاسە بەر لەوەی شیعری بۆ بنووسرێت، خۆی ڕووداوێکی شیعرییە. ئەگەرچی خەڵکی لە پیاسەیشدا هەر خەمی ئەوەیان بێت چەند کالۆری بسووتێنن و دڵ بەوە خۆش بکەن وەک وەرزش بۆیان بنووسرێت، هێشتا لەو کردە ڕۆحی و سۆفییانە و شاعیرانەیەی، کەم نابێتەوە. تەماشاکردنی پیاسە وەک ڕووداوێکی شیعری، نەک خۆڕۆمانسیکردن، بەڵکوو بڕوابوونە بەوەی هێشتا دەرچەیەکی ڕزگاری هەیە.

 

پیاسە لە هەنگاوەکانەوە دەست پێ ناکات، پیاسەوان باشتر ئەوە دەزانێت کە لە دەرگا گەورەکەوە دەست پێ دەکات. تەنانەت نیچەیش ئەوە دەڵێت کە «بیرۆکە مەزنەکان هەر لە کاتی پیاسەدا بە مرۆڤ دەگەن». ئەگەر بمەوێت بە زمانی شیعرەکە بدوێم، جاران کاتێک دەچووم بۆ پیاسە، زووزوو دەرگا گەورەکەم بۆ دەکرایەوە، بۆیە دواترەکان، باشتر دەمتوانی بنووسم. هەڵبەت چوون بۆ پیاسە تەنیا یەکێکە لە دنەدەرەکانی نووسین. منیش باسی سەردەمانێک دەکەم هێشتا مۆبایلەکان ئەوەندە زیرەک نەبووبوون و هێدفۆنەکانیش هێندە خۆشەویست و چاک نەبوون، بۆیە ئینسان دەیتوانی ڕێ بکات و بیر لە دەوروبەر و بینراوەکان و شتەکان و بابەت و ئەو دنیایە بکاتەوە، کە سەرقاڵی کردووە. بەڵام ئێستا ڕوو دەدات دەگەڕێینەوە بۆ ماڵ، بەڵام پیاسەمان نەکردووە، هەرچەند کالۆرییشمان سووتاندبێت، بە قەولی بوو گوستاڤسۆن چونکە دەرگا گەورەکە نەکراوەتەوە و بە مەرتەبەی سەما نەگەیشتووین.

 

ڕەنگە هۆکارێکی پیاسەوان هەڵهاتن بێت- جا لە هەر شتێک- تا بە چەشنێک لە ئارامی و بێدەنگی بگات. بتوانێت باشتر هەر لەو شتە یان شتانە ڕابمێنێت کە لێی یان لێیان هەڵهاتووە، بەڵام کاتێک پیاسە ئادگارەکانی وەک پرۆسەیەکی هێمن، بێدەنگ، هزرگە و ڕامێن لە دەست دەدات، ئەوا دەبێتە ئەرکێکی ڕۆژانە و ڕەنگە وا باشتر بێت ناوی هەنگاونان یان لینگاوتن بێت. شەیتانیش دەزانێت ئەم وشەیە زۆر لە ڕاست ناچێت، بەڵام بۆ پیاسەکەرانێک کە پیاسە بۆ وان بەدەر لەو کردە هێوریبەخش و ڕۆحییەیە، وشەیەکی وا هەڵگری شتێک لە حەنەک و سەرکۆنەیە و لاریم لە بوونی نییە.

 

تەنیا شاعیرە باشەکانن، کە دەتوانن دێڕێکی ئاوا سادە لەنێو شیعرێکدا هەڵدەنە شوێنی درووستی خۆیەوە.

 

کۆتاییی شیعرەکەیش، کە فۆرمی تێکستەکە دیاری دەکات، سەرەتا وا دەردەکەوێت شتێکی کڵیشەیی بێت و دیسان- کە سۆفییەکەی ناخمان ئاماژەمان دەداتێ ورد بینەوە- ئەوا ڕەنگە وای بۆ بچین- یان لانیکەم من بۆی دەچم- دوێنراوی شیعرەکە (بەسەر ڕێگایەکی چۆڵدا دەڕۆیت) لە کۆتاییدا ببێتە، یان بووبێتە، یەکێک لە ئەوان، واتا یەکێک لە درەختەکان، کە خەریکن پێکەوە سەما دەکەن. ئەم ئاوێتەبوونە مرۆیی-سرووشتییە، بۆ ڕوانین و شیعری بوو گوستاڤسۆن، گەلەک لەبار و شایەن بە فامکردنە. بۆیە سەرەتا دەمویست ناوی نووسینەکەم (مرۆدار) بێت و پاشان (پیاسەیەکی سوێدی) جێی بەم ناونیشانە لێژ کرد، چونکە شیعرەکە لە پیاسەیەکەوە درووست بووە، نەک لە مرۆدارێکەوە. ڕەنگە پەیوەست بە ڕۆژانی کەرەنتینە و کۆرۆناوە، شاعیرە سوێدییەکە زیاتر لە هەموان بەخت یاوەری بووبێت، چونکە وڵاتەکەی ئەو سەختگیرییەی وڵاتانی دیکەی نەگرتە بەر و بێشک دەرفەتی پیاسە و گەڕانی زۆر بووە.

 

بوو گوستاڤسۆن، لە دڵی ئەورووپاوە، بۆرخێسئاسا، ئاشقی دنیای ڕۆژهەڵاتییانەی ئێمەیە. شاعیر و پەخشاننووسێکی سۆفییە و لە هەڵبژاردنی بابەتی شیعرەکانی وردەکارە و زۆر جاریش دەبێت بە دوای ئەو دنیایەدا بچێت- جا بە سەفەر بێت یان خوێندنەوە- کە دەیەوێت لە بارەیەوە بنووسێت. کتێبەکەی بە ناوی (بەنێو مەرگدا دەڕۆم بەرەو پاییز) کە فەرهاد شاکەلی کردوویە بە کوردی، هەڵبژاردەیەکی باش لە کۆی دەفتەرەشیعرەکانی شاعیر(١٩٩٣-٢٠١٤) لە خۆ دەگرێت و خوێنەر باش ئاگەداری ڕەوت و پێکهاتنی شێوازی شیعریی نووسەرەکەی دەبێت. شاکەلی لە مێژە بە گوستاڤسۆن و دنیای شیعرەکانی ئاشنایە و ساڵانێک پێش ئەم کتێبە لە ڕۆژنامەکان دەمبینی دەیەوێت بە دنیای کوردیی بناسێنێت. ئێستا کتێبەکە بەردەستە و پیاسەوان و ئەوەیشی هەرگیز باوەڕی بە پیاسە نییە دەتوانن بیخوێننەوە.

 

«هەر هەنگاوێک خۆشییەکە» ئەمەم خەریک بوو لە بیر بچێت. تەنیا شاعیرە باشەکانن، کە دەتوانن دێڕێکی ئاوا سادە لەنێو شیعرێکدا هەڵدەنە شوێنی درووستی خۆیەوە. ئەم شیعرە بە شێوازێکی ئینکارینەکراو واتا و دەستەواژەکانی پێکەوە بەستراون، ئەم خۆشییەیش پەیوەستە بە دەرگا گەورەکە، بێدەنگی و هێورییەکەوە، مرۆڤ ئەگەر بەختی هەبێت لە پیاسەدا پێی دەگات. هەندێک جار ئەمە شتێکە ئێمە هەڵی دەبژێرین، نەک بەختێک بێت.

 

ڕوو دەدات دەگەمەوە بەر دەرگای ماڵەوە و ئاسوودە نیم، وا دیارە زیاتر خەریکی مۆبایلەکەم بووم و خۆم بەو شتەی ترەوە مژووڵ کردووە. لەوەتەی ڕوومیم ناسیوە، ئەو شتەی تر، کە هەمیشە دەکرێت ئەو شتە و شتانەی تر بێت، لە دەربڕیندا فریام دەکەوێت. بۆیە وەردەسووڕێم و دەست پێ دەکەمەوە، تەواو باوەڕم بەوە هەیە نیچەیش لەمەیاندا ڕاستی دەکرد. هەمووی هەر لەوێدا ڕوو دەدات.