ئازاد بەرزنجی/نووسەر و وەرگێڕ
September 14, 2020
لێرەدا نووسینێکی نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی دەخوێننەوە، کە دەربارەی کتێبی “بەنێو مەرگدا دەڕۆم بەرەو پاییز” نووسیویەتی. کتێبەکە هەڵبژاردەیە لە شیعرەکانی شاعیری گەورەی سوێد بوو گوستاڤسۆن، کە شاعیر و وەرگێڕ، فەرهاد شاکەلی کردوویە بە کوردی و ناوەندی باڵندە چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. – ماڵپەڕی باڵندە
بوو گوستاڤسۆن و ئەزموونێکی شیعریی جیاواز
وێڕای ئەو بۆچوونە جیاوازانەی سەبارەت بە وەرگێڕانی شیعر هەن، کە جارێک بە خیانەت و جارێک بە کاری نەکردە و جارێک بە وێنەی گوڵی فەرش لە دیوی دووەمیدا جارێک بە ماچی ئەو دوو دڵدارەی کە شووشە لە بەینی لێوەکانیاندایە، دەشوبهێنن، وەلێ وەرگێڕانی شیعر وەکو پێداویستییەک ماوەتەوە و دەمێنێتەوە و گەر وەرگێڕانی شیعر نەبێت، ئەو خوێنەرانەی کە جگە لە زمانی دایک، هیچ زمانێکی دیکە نازانن(هەڵبەتە کەسیش نییە هەموو زمانەکانی دونیا بزانێت)، چۆن و لەکوێوە بە ئەزموونی شیعریی شاعیرانی میللەتانی تر ئاشنا بن؟ ڕاستە دەشێ هەندێ شیعر هەبن بۆ تەرجەمە ئەستەم بن، ئەمەش پتر بەسەر وەرگێڕانی شیعری کلاسیکدا دەچەسپێت، واتە ئەو شیعرانەی بە بەحر و کێش و سەروا و جیناس و تیباق و کینایە و هتد… وابەستەن، بەڵام دیسانەوە، بۆ ئاشنابوون بە ڕوئیای ئەو شاعیرانەش، وەرگێڕانی کارەکانیان لەسەر دەستی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری ئەدەب و شیعردا، هەر پێویستە. پاشان ناکرێ بە بیانووی ئەوەی کە وەرگێڕانی شیعر زەحمەتە و خولقاندنەوەی دەقی شیعری وەکو ئەوەی لە ئەسڵەکەدا هەیە، مەحاڵە، ئیتر دەست بۆ تەرجەمەی شیعر نەبردرێ. ئەزموونی وەرگێڕانی شیعر لە ئەدەبیاتی هەموو میللەتێکدا هەیە و کتێبخانەی هیچ میللەتێک نییە لە دیوانی وەرگێڕراوی شاعیرانی تری جیهان خاڵی بێت. بەڵام گرنگ ئەوەیە چ وەرگێڕانێک دەتوانێ زیاتر لە ڕۆحی شیعرەکە نزیک بێتەوە و لەو زمانەشدا کە بۆی تەرجەمە دەکرێ، دەقێک بێتەوە بەرهەم، کە شیعرییەتی تیا خولقابێتەوە، کە بێگومان شیعرییەتێکی جیاوازە لە هیی دەقە ئەسڵەکە و ئەوەش تێنەگەیشتنە لە کاری وەرگێڕان، بەتایبەتییش وەرگێڕانی شیعر، گەر داوای ئەوە بکەین کە دەقە وەرگێڕراوەکە دەبێ دەقاودەق وەکو ئەسڵەکە بێت. هەڵبەتە لەم ڕووەشەوە، لەوانەیە مامەڵەکردنی وەرگێڕی شیعر لەگەڵ دەقی غەیرەکلاسیکدا، واتە ئەزموونەکانی شیعری نوێ، بە پەخشانەشیعریشەوە، مامەڵەیەکی کەمکێشەتر بێت.
بەهەرحاڵ، ئەمە مەسەلەیەکە زۆر باس و خواس هەڵدەگرێت و لێرەدا نامانەوێ درێژەی پێ بدەین و بەڵکو مەبەستمان بوو چەند دێڕێک لەسەر هەڵبژاردەیەکی شیعریی شاعیری سوێدیی هاوچەرخ(بوو گوستاڤسۆن) بنووسم، کە لەلایەن نووسەر و شاعیر و وەرگێڕی ناسراو و بەتوانا دکتۆر فەرهاد شاکەلییەوە کراون بە کوردی.
ناونیشانی کتێبەکە “بەنێو مەرگدا دەڕۆم بەرەو پاییز”ە و وەشانخانەی “باڵندە” لە زنجیرەی حەوتەمی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە. لێرەدا دەمەوێ دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارانی پرۆژەی باڵندەش بکەم، کە چ لە چاپکراوەکانیاندا و چ لە ماڵپەڕەکەیاندا، خوێنەر هەست بە هەوڵێکی جیددی دەکات بۆن گەڕاندنەوەی بایەخ و هەیبەت بۆ شیعر و تا ڕادەیەکی باش لە هەڵبژاردنی دەقەکاندا سەرکەوتوون.
هەروەکو ئاماژەم پێ دا، دکتۆر فەرهاد شاکەلی وەرگێڕی ئەم هەڵبژاردەیەیە و ئەو خۆیشی یەکێکە لە ناوە درەوشاوەکانی نێو دونیای ئەدەبیاتی کوردی و وەکو شاعیریش کۆمەڵێک دەقی ناوازەی پێشکەش بە کتێبخانەی شیعریی کوردی کردووە و لە نێویاندا، دەقی “ژێ” کە یەکەمین قەسیدەی درێژی کوردییە لە مێژووی شیعری هاوچەرخماندا. ئەمە جگە لەوەی چەندان لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە زمان و ئەدەبی کوردی نووسیوە و بە حوکمی ئەوەی لە پێنج زمانیشدا شارەزایە، هەندێ کاری گرنگی بۆ سەر زمانی بێگانە وەرگێڕاوە، لەوانە بۆ نموونە “ناڵەی جودایی” ی هێمن کە هەڵبژاردەیەکی شیعریی “گۆران” بۆ سەر زمانی سوێدی و هەروەها چەندان کورتەچیرۆکی کوردیی وەرگێڕاوە و بە زمانی ئینگلیزی لەسەریشی نووسیون.
لەکاتێکدا زۆرجار باس لەوە دەکرێ کە خۆری شیعر لە خۆرئاوادا ڕووی لە ئاوابوونە، لەبەرئەوەت خۆرئاوا مەملەکەتی کۆمپانیاکان و سەرمایە و بزنس و مدەەگەراییە، لێ ناوبەناو لێرە و لەوێ بەرخورد لەگەڵ ئەزموونگەلێکدا دەکەین، کە ئەم باوەڕەمان لا لەق دەکەن؛ لەوانەش ئەزموونە شیعرییەکەی (بوو گوستاڤسۆن) ی شاعیری سوێدی، کە لە شیعرەکانیدا جەخت لەسەر بەها ئینسانی و ڕۆحییەکان دەکاتەوە و کاریگەرییەکی زۆری میتۆلۆجیای خۆرئاوایی و هەندێک لە شاعیرانی خۆرئاوا و هەروەها هەندێک موتەسەویف و شاعیری خۆرهەڵاتیی وەکو ئیبن عەرەبی و حەللاج و مەولانای ڕۆمی و حافز و خەییام لە شیعرەکانیدا دەبینینەوە.
بەرگی کتێبی بەنێو مەرگدا دەڕۆم بەرەو پاییز
بوو گوستاڤسۆن جگە لەوەی پانزدە دیوانی شیعریی چاپکراوی هەیە، کۆمەڵێک کاری لە زمانەکانی فەرەنسی و ئینگلیزییشەوە کردووە بە سوێدی. هەروەها هەڵبژاردەیەکی فەرهاد شاکەلی و ڕەفیق سابیریشی بۆ سوێدی وەرگێڕاوە و لەو کارانەشدا، دکتۆر فەرهاد شاکەلی خۆی هاوکاریی کردووە.
تێما سەرەکییەکانی شیعری گوستاڤسۆن مێژوو و سیاسەت و بوونی مرۆڤە. هەڵبەتە ئەو سیاسیەتیش لە ڕووی پەیوەستبوونی بە بوونی مرۆییەوە سەیر دەکات، ئەوتانێ یەکێک لە قەسیدە درێژەکانی “یاداشتەکانی پاشمەرگەی گرامشی”ییە کە لە ساڵی ٢٠٠٢ دا نووسیویەتی و لەم کتێبەدا هەیە، لە بڕگەیەکیدا لەسەر زمانی گرامشییەوە دەڵێت:
من ئێستاکە دەزانم هەموو شۆڕشێک بە گووللەبارانکردن و گۆڕی تازەهەڵکەنراوی بە کۆمەڵ تەواو دەبێت. ئەگەر باوەڕم بە شتێک هەبێت، ئەوا نیگای ئاوی قووڵی ژێرزەوییە، ئەو نیگایەی لەوێدا هەموو دروشمەکان، هەموو فەرمانەکان، هەموو خوێنە ڕژێنراوەکان پك کراونەتەوە و بوون بە هیچ. (ل٥٦ ی کتێبەکە).
یا لە بڕگەیەکی تریدا دەڵێت:
بێدەنگی بانگ دەکات و منیش وەدووی دەکەوم. پشتە کۆماوەکەم خۆڵەمیشە. نەخۆشیی دەردەباریکە و نەخۆشیی دڵەکەم خۆڵەمیشن. بادارییەکەم خۆڵەمیشە. ئیزۆلەکردن و تەنیاییەکەم خۆڵەمیشن. هەروایش خۆڵەمیشە خەباتی دوورودرێژی سیاسیم. دەکەومە شوێنی بێدەنگی و ئەویش دەمگەیێنێتە مەیدانی گەورە و کراوەی دوودڵی. (ل٧٠ ی کتێبەکە).
“بەنێو مەرگدا دەڕۆم بەرەو پاییز” کۆمەڵێک شیعری جوانی گرتووەتە خۆ و بە زمانێکی وەها ڕەوان و شاعیرانە وەرگێڕراوە کە هەر زوو لە دڵی خوێنەردا دەنیشێت. دەستخۆشی بۆ دکتۆر فەرهاد و بۆ پرۆژەی “باڵندە”.