گۆرانییەکانی مردن

پێشەنگ شێرزاد

پێشەنگ شێرزاد/ کوردستان

July 23, 2021

پێشەنگ شێرزاد لە شاعیرە تازە دەرکەوتووەکانی کوردە. لە ساڵی ١٩٩٨ لە هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە. پێشتر لە هەندێک گۆڤار و فێستیڤاڵەکاندا شیعری بڵاو بۆتەوە. براوەی خەڵاتی یەکەمی شیعرە بە هاوبەشی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە ساڵی ٢٠٢١دا. 

 

گۆرانییەکانی مردن
پێشەنگ شێرزاد

 

 

دەبارێت ژیان،
دەبارێت ئەو لەحزانەی خوێن لەنێو دەماردا شۆک بووە.
دەبارێت یادەوەری و وردە بزە،
ئەو ئێوارانەش کە هەتاو دەیویست دوور نەکەوێتەوە،
ئەو ئێوارانەی دەرگامان کردەوە و کەوتین بەسەر ئێسک و پروسکی یەکتردا.

ئەستێران لە تاریکە شەوی ئەم ئاسمانەدا؛ لە تەرمی هەڵگیراوی زوڵمەت دەچن،
باخێکیان نییە،
سوچێکیان نییە،
ئەستێران گیر دەخۆن؛ وەک زمان.
وەک گۆرانی یان قریشکە وەختێک لە دەرەوە تۆفانە؛
نابیسترێت.

دەبارێت یادەوەری و وردە بزە،
ماندوێتیش،
گریانە گیر دەخوات،
فرمێسکەو خۆی قوت دەداتەوە،
مرۆڤان دێنە ئەم سەرزەمینە و غەریبن،
خاک لە دەست و پێیان دەسوون؛ بەڵکو بۆن بگرن
گریانیش ئەو شێیە گیرخواردووەیە و لە بەدبەختیدا؛
سەرەتا دەبارێت، تا کۆتای سەرەتا دەبارێت.

دەبارێن ئەو گوڵانەی خەندەی کیژۆڵەیەک لاسکەکەی قرتاندووە،
ئەو هەورانەی پێ دێننە قسە کە هیچیان پێ نییە بیبارێنن.
ئەو بەردانە لە من دەچن کە پیرەژنێک ڕوو دەکاتە ئاسمان و دەڵێت؛ بەرد ببارێ بەسەر جبەخانەکانتدا ئەی وڵات.

ئەوەی یاری بە پەڕی پاسارییەکان دەکات؛ ئاگر دەدزێت.
ئەو درەختانەی پێ دێنێتە قسە کە خەونی گەورەبوونیان بەسەر زەوییە ڕووتەڵەکانەوە مرد،
مەرگ هەموو ئەو باخچانەی سڕییەوە کە باڵندەکانی لەبری جوتبوون، دەیانخوێند.

گوڵەکانی خۆیان داپۆشی،
لەبیریان چوو؛ بوون بە سەهۆڵ.

خوێن بەسەر زەوییە خاپوورەکاندا دەبارێت،
وشە نەماوە بۆ مرۆڤ،
دەستەکان لە نوشتانەوەی خۆیاندا شێت بوون،
مرۆڤەکانیشی خۆیان گرمۆڵە دەکەن،
پێکەوە سەفەر دەکەن،
با یەکەم هەڵەی خۆیان بن.

پەلکە گیایەک گۆرانی دەچڕێت؛ دەبێتە پرچ و دەمرێت.
دەخنکێن ئەو کانیاوانەی لێویان پێوە نانرێت،
بەردێک لەجێی سەنگینی خۆیەوە بە دڵۆپە خوێن کون بووە،
هەمووان کە بەردەکەیان بینی وتیان ئەوە سکێچی بەبەردبووی دڵە،
لە شەودا وێنەی هەڵگیراوە،
بە حەسرەت و لێدانەکانییەوە،
کە ئیتر ناژی.

***

ئەی لەکوێن شکستەکان؟
ئەم بارینە کە بەشی لافاوێکی نەکردم،
ئەم خۆرە لە سێبەر قڕە،
ئەم ئاسمانە قینی لە فڕین هەستاوە،
مرۆڤ بەسەر ئەم زەمینەوە دەڵێی دەفڕن،
پەلەفرتێیانە؛ کێ زووتر پێی ئاشنا ببێت.

چەقۆ دەبارێت و
چەقۆ تەمی ئەم ئاسمانە دەبڕێت،
دایکێک سەر دەکاتەوە بە ڕەحمی خۆیدا و
ئەو منداڵەی چەندین ساڵە بۆی دەرنایەت،
لەژێر ڕێژنە و نمەی چەقۆدا منداڵێک دەردەپەڕێنێت،
منداڵێک بە گوێی بڕدراوەوە،
بە کەلەسەرێکی دوو لەتەوە،
گوێی لە دەستی دایکیدا و
لاجانگی بەژێر کەڵبەی ئاسمانەوە!
جاڕ دەدەم؛
ئەم زیندووێتییە دەمکوژێ و
مەرگ دەبارێت.

***

دەبارێت ژیان و
دەمکات بە شکستێکی پوخت،
لە هەسانم دەدا،
ئەو بوکەڵەیەی وا دەزانی بەدەست ژیانەوە گاڵتەجاڕە من نیم،
ئەو بوکەڵەیەی بە دوای ژیاندا وێڵە منم،
ئەوەی نازانێت چۆن کۆڵەکەی تەنها کۆڵی خۆی بێت و
ئەو درەختەی لەسەر لوتکەیەکدا تەنهایە،
تەنهایە بۆ ئەوەی نە بسوتێت و نە بەر بگرێت.
هەموو شتێک بەدوای ژیاندا بگەڕێت؛ منم و
تەنهاییش بەردەوام لە لوتکەدایە،
منیش لەوێم،
لەگەڵ مندا بەردەڵانیش لەوێن
کە وێنەی خۆیان بە من دەکێشن.

 

خەون دەباری،
بەشوێن خۆمدا گەڕام و نەدۆزییەوە،
من ئیتر لە خەوندا جێگام نەماوە،
وێنەی من لە سێبەردایە،
سێبەرێک بەشی دەرخستن ناکات،
سێبەرێک باڵای لە تەنهاییم بەرزتر نییە.

شکست دەباری،
هەموو دڵۆپێک من بووم،
دادەکەوتم، خلۆردەبوومەوە،
من هەر بەرد بووم بەڵام شانێک شانسی ئەوەی نەدامێ
هەڵم بگرێت،
ژیان بارێکی قورسی سەر شانمە،
منیش بارێکی سوکم بەسەر ژیانەوە.

جەنگە و فیشەک دەبارێت،
هیچی گەورە نەماوە لێی ڕابمێنم،
«ئینجانەی سەر پەنجەرەکە مۆڕەم لێ دەکات،
گوڵەکەی خۆیم لێ سیس دەکات».

دووکەڵ لەم زەوییە هەستاوە،
زەوی خۆی ناخواتەوە،
بۆ ئەوەی بە زەمەن نەدۆڕێت.
وەک بڵێی هیچ شتێک باوەڕی پێ نەهێنێت.
دووکەڵ لە دڵم هەستاوە،
وەک ئەوەی باوەڕ بە هەموو شتێک بکات،
وەک ئەوەی جەنگ کۆتایی هەموو شتێک بێت.

مەرگ لە هەموو جێیەک زیندووترە،
منیش ئەوەی هەمە دەیخەمە نێو دەستم،
لەنێو دەستەکانمدا دەمرم،
دەستێک بۆ فەریاد،
تا هیچ کەس تەریقبوونەوەم نەبینێت؛ دەستەکەی ترم.
ئەم زیندوێتییە بە کەڵکی ژیان نایەت،
منیش ئەوەی هەمبوو خستمە نێو دەستم.

***

من دەبارێم،
دڵۆپ دڵۆپ دەکەومەوە نێو دڵی زەمین،
وەختێک لە سەردەمی کوشتندا هاتم و کە جوتبوونی پاساریم دی؛ باوەڕم کرد بەخت هەیە،
گوتم: با ئیتر پەپوولە ماچ بکەین و باوەڕ بە خودا بێنین.
بەڵام دەستەکانم بەشی گرتنەوەی ئاسمانێکی بەرینیان نەکرد،
بەدخوو بووم و ئاسمانەکانم دا بە شانمدا و
بە وێنەکێشە شارەزاکانم گوت؛
من و ئاسمان لەگەڵ منداڵیدا بکێشن،
با هەمووان بزانن سەفەر حەقیقەتی لێ هەڵگێڕامەوە.

***

لە دەرەوەی دونیا هەر شوێنک؛ دڵم لێ بەجێما،
وەک بەجێمانی پەڵە خوێنێک بەسەر ئەو چەقۆیەی بۆ هەمیشە داخراوە.
داباریم بەسەر ژوورێکدا،
پڕ لە خەون و شاگەشکەیی بۆ نەجاتبوون،
جەستەیەکیش،
ئیتر ئەو بوو بە من.

تۆیش ئەی شەوی ڕەش کەمێکم لە خۆت بدەرێ،
دەزانم بارینی تۆ کەس نایبێنێت،
کەس لە خەریتەی ژێر پێستە ئەستوورەکەت ناگات.
دەیبارێنی قینت بەسەر ئەو چەترە بەدبەختانەدا کە جەستەی خۆیانت لێ ناپارێزن،
دەیبارێنی ئەفسوس بەسەر سەگێکی برسییدا و باکت نییە،
ئەی شەو ماندووتر بە لە چاوی من،
کزتر لە خۆت کە خەوت تێدا نییە،
ئەی شەو کە سوچت نییە،
ئەی مەرگ درەوشانەوەی خۆتم پێ ببەخشە لەدەرەوەی دونیا.