.میران لە نووسەرە تازەکانی کوردە، ساڵی ١٩٩٨ لە چەمچەماڵ لەدایکبووە. زیاتر چیرۆک دەنووسێت. ئەمە یەکەمین ئەزموونی شیعری ئەوە کە بڵاو دەکرێتەوە.
خۆر و ئێسقان
میران
ئەگەر بیری منت کرد
لەناو ئەم سێگۆشە زەمینییەدا
لەناو ئەم سێگۆشەیەی ناخی مرۆڤدا ئاگربکەرەوە
سوجدە بۆ گڕ بەرە
کە گڕ ئەسڵی مرۆڤە.
چێوەی سێگۆشەکان یەکسانب کەرەوە
بە غەڵوزی ناو کارگە و قیتارەکان
ئەو قیتارانەی، لەناویاندا بیرم لە تۆ دەکردەوە
ئەو قیتارانەی بەرەو داهاتوو
دوکەڵی ڕەشیان لێوە دەفڕی بۆ ئاسمان
هەروەکو تابلۆکانی مارک شاگال
کە لە ناویدا لەتاو تەنیایی و غەمگینیی قەیتانەکانی پێڵاوەکەم دەخوارد.
مردنیش ناوچەیەک بوو، کە لێی دابەزیم، قەیتانەکانمم توندکردەوە،
قژم شانەکرد و
جانتاکەم لەشانکرد و بە قەراغ سکەی قیتارەکانی ناو مەرگدا ڕۆیشتم،
دوکەڵی قیتارەکان، دوکەڵی جگەرەکەمی بیردەخستمەوە
کە دەمکردە ژیانی ناو چاخانەکانەوە.
لەناو تونێلەکانی مردندا
خۆر و ئێسقانم دۆزییەوە.
گۆڕەکان خۆیان ڕادەوەشاند، بە قەلەڕەشی سەر کێلێکم وت:
“من مەعدەنی ژیانم دۆزییەوە، کە مردنە”
دەمم خستە ناو دەمی مردنەوە
مردن، داڵێک و دوو نەجمەی لەسەر شان بوو.
بەناو هەموو کۆمارەکانی مردنا ڕۆیشتموتم: “ئەی قەلەڕەشی غەمگین؛ من بۆنی پرتەقاڵ و ژیانم دۆزییەوە”
ئەو فڕی و من تەنها مامەوە، کاتێکیش تۆم بە جلی ئاوریشمینەوە
لەوسەری گۆڕەکان دیتەوە، هەر یەکسەر دەمانچەکەم
ڕووە و مەمکت تەقاند و بە ئاسمانم وت: “چیتر باوەڕ بە
دروشمەکانت ناکەم و عەشق سوکایەتییەکی سەرمەدییە بە مرۆڤ”
ئاسمان لێم ترسا و وتی: “ئەم مرۆڤە دژی گۆرانییەکانی خودا دەوەستێتەوە”
ئاسمان شمشاڵەکەمی شکاند…
لای خوداکان گلەیی لێکردم و خواکان کەشتییەکەمیان تێکشکاند.
لەناو قوڵایی زەریادا، لە ئاو بەلەمێکم درووستکرد.
قیبلەنما ڕەشەکەم تەنها دوو جەمسەری هەبوو؛
زەوی و ژیانی هەتاهەتایی، چارۆکەکانم سوڕاند
ڕووم لە زەوی کرد، بە جیڕەی چارۆکەکانم وت: “من دەمەوێت
لەسەر زەوی بژیم و بمرم”
لەناو زبڵدانەکانی زەویدا سەرگەردان بووم
تەماشای ئەستێرە کلکدارەکانم دەکرد، وتم: “هەر وەکو تێپەڕینی ئێوە بە ئاسماندا
بە قەیسەری و قەسابخانەکاندا تێدەپەڕم”
من تەسبیحێکم هەبوو، دەنکەکانی بەرد بوون
لەناو چاخەکاندا ڕامدەوەشاند
سیسرکەیەکم لە بەرد داتاشی و کردمە ملوانکە
من خۆمم لە مل کرد، کە سیسرکەیەک بووم.
بووم بە بەرد.
(نا هەڵسەرەوە لەو چاخانەی بەدوای یەکدا دێن)
ڕۆژێکیان غەریبەیەک لە مەسعەدێکی چڵکنی ئەم هەرێمەدا
بەردێکی خستە چنگمەوە، ئەو بەردە مانای ژیان بوو
ئەو بەردەم برد و سواری تەکسییەک بووم، بە شۆفێرەکەم
وت: “من ئەسڵی ژیانم دۆزییەوە”
شۆفێرەکە سوکایەتی پێکردم.
بە شۆفێرەکەم وت: “من بە پێ دەڕۆم تا قاچەکانم
لەدەستدەدەم”
بە فڕۆکەوانەکەم وت: “من سەرناکەوم، تا بەناو هەورەکانا
نەفرەت لە هەموو بەهاکان نەکەم”
بە کەشتییەکانم وت: “من کەشتییەک درووستدەکەم
مەحکوم بێت بە شکان”
تێکشکام و نە خودایەکم هەبوو،
نە ئەوین نە دایک نە باوک.
دەستەکانمم کرد بە خودا، قاچەکانم کرد بە باوک
چاوەکانم کرد بە دایک، ڕووەکم لەناو شکستەکانمدا چاند
ڕووەکەکان وشکبوون، وتم: “تەواو ئیتر من بوومە خودا”
چوومە شارێکەوە، کە ئاشنای هیچ سوجدەیەک نەبوو
خانوویەکم لە تەنەکە درووستکرد، ئاسودەبووم
ئێواران لەژێر گڵۆپە کزەکاندا عەرەقم دەخواردەوە
لەپڕ لەچواردەوی شارەوە، لەناو گوڵ و تەبەقەی گوڵەبەڕۆژەکاندا
دەبابەکان هاتن، ئیدی من شارێکم نەبوو، ئیدی من
تەنەکەیەکم نەما لە ژێری دا بیر لە توندوتیژیی چاوەکانت بکەمەوە
بە کرمێکم وت: “زەوی هەموو چەکەکانی خۆی دژم تاقیکردەوە”
کرمەکەم هەڵگرت و خستمە ناو هەندێک پەڕەی گوڵەوە، کرمەکە مرد.
دەیان لیتر عەرەقم خواردەوە، لە سەر شەقامەکان دەمی دەرۆزەکەر و پاتاڵەکانم
دەمژی، لەناو سۆزانییخانەکان مشتم لە دەرگای توالێتەکان دەدا
هەموو شتێکم لەدەستدا و تەنها سێگۆشەیەکم بۆ مایەوە
سێگۆشەیەک لە بەرد، خوداکان کۆبوونەوە و زەریایەکیان پێدام
بوو بە نەوت، ئەمریکییەکان زەریا و خۆڵیان برد بۆ ناو باڵەخانە زەبەلاحەکان
دارستانێکیان پێدام، گەڵا و لقوپۆپەکان بوون بە زبڵ
کچێکیان داپێم ئەندامەکانی بوون بە بزمار
گڵۆپەکانم شکاند و تەقەم لە باوکم دەکرد
بە هێلکەی کۆترەکانمم وت: “من چیتر
هەڵهێنانێکم نەماوە بۆ حەرف”
لە پڕ کەوتمە ناو ئەندازەیەکی نوێوە لە ژمارە
لەناو ژمارەکانا هەموو حەرفەکانم بوون بە کەرکەدەن و پێکڕا دەمردن.
جەستەی کەرکەدەنەکانم هەڵدەگرت و پیشانی خواکانم دەدا، خوێنیان
بە دەستەکانما دەهاتە خوار.
وتم: “ئیتر دەبێت یەک بە یەک لەسەر خاچەکانی سەر ڕەنگی سوور
هەڵبواسرێن” سزایاندام، کردمیان بە حاسیبە و لەگەڵ
هەر لێکدان و دابەشکارییەکدا، دوگمەیەکم لێدەببووەوە.
توڕە بوون و کردمیان بە توتن، لەناو گەوادخانەکانی سەرزەویدا
دەبوومە دوکەڵ و هەوا.
وڕەبوون و منیان کردە کوللـە.
منداڵەکان لەناو قوتودا هەڵیاندەگرتم
وتم: “چیتر هێزێک نەماوە بۆ قوڕ شێلانی ئێوە”
خۆم بوومە خودا و پێکڕا گشت خوداکانم کوشت.
قۆڵەکانمم هەڵکرد، سەتڵێ ئاوم لە کانییەکان هەڵگۆزی
و قوڕم شێلا و جۆرێکی ترم لە ئەخلاق شێلا
ئەمجا مرۆڤەکان کوشتیانم، بوومە ماسی ڕاویانکردم
بوومە کرم، پلیقاندمیانەوە
بوومە درەخت، بڕیمیانەوە
بوومە ئەوین، خیانەتیان لێکردم
بوومە خورما، لەناو بازاڕە ڕیسواکانی سوعودیادا فرۆشتیانم.
بوومە کۆمپیوتەر، منیان پڕ کرد لە ژمارە و شیعرم بیر چووەوە.
ئەڤینم لە دەستێک جلی سووردا هاتە بەرچاو
ئەڵغامی دەلێسایەوە.
بێ تۆ بێ تێکشکاندن
بێ بەها دەژیام. وتیان: “تۆ بۆ هەتا هەتا
دەبێت لەسەر گردەکان بخۆیتەوە و بڕشێیتەوە”
ئەوە بوو چیرۆکی تێپەڕاندنی مرۆڤی نوێ
کوشتیانم، گەڕامەوە، بوومە کوڕی
کەناسێک و لە چێشتخانەیەکدا کارمەند بووم.
تەبسی و بامێ و فاسۆلیام لێدەنا، کوشتیانم، چونکە
جەستەم نەدەچووەوە سەر پرۆلیتاریا.
زیندووبوومەوە، لەناو هۆمۆسێکشواڵ و لێسبیانەکاندا
بیرەم دەخواردەوە، کوشتیانم چونکە هیچ حەرفێکم نەدەچووەوە سەر
جنێو.
لەدایکبوومەوە، بوومە کوڕی ئەریستۆکراتێک
لە ئۆفیسێک کارمدەکرد، کوشتیانم، چونکە هیچ لێکدانەوەیەکم
نەدەچووەوە سەر ماتماتیک.
وەکو قەلەڕەشێک
کە بەناو فەزای ئەم خەلیقەتەدا دەفڕیم باڵەکانمت شکاند
چونکە باڵەکانی من نەدەچوونەوە سەر ماناکانی ئەفسانە
بۆ باڵ و فڕین .
بوومە تونچی حەمام، منت کوشت چونکە
هیچ بینینێکم نە چووەوە سەر ڕووتیی.
منت کرد بە جوتیاری سەر ژەهرەکانی مەرگ و چاندنی خودا.
منت کوشت، چونکە هیچ مانایەکم چووەوە سەر چاندن،
ماناکانم دەچوونەوە سەر ڕوخان و تێکشکان.
منت کوشت و بەڵام گەر بیری منت کرد
بمبە بۆ ناو گەلە ئەستێرەکانی ئاسمان و دامبهێنەوە، بمکە
بە مانگی دەستکرد و فیلمە زانستییەکانم تێدا وێنە بگرە.
من بکە
بە ئەوین…
بە مەرگ…
بە مرۆڤ…
بە کرم و حەشەرات…
بمکوژە، چونکە مانای خودا بوونی
من لەوەدایە تۆ بمکوژیت.
دامبهێنەرەوە.
ئەگەر بیری منت کرد، داوا مەکە بمبینی
خواکانت بکوژە
ماشینەکان بسوتێنە
دەست بخە سەر دڵت و گولەیەک بنێ بە سەرتەوە
بۆمب لەناو شارەکاندا بڵاوبکەرەوە
ئەگەر بیری منت، کرد پەرداخ بشکێنە
ئەگەر بیری منت، کرد دەوڵەمندێک بکوژە
بیر لە کوشتنی هەموو پیاوە گرنگەکانی دنیا بکەوە
لێسبیان بە و هەموو کەلەپچەکان بشکێنە.
لە ئاهەنگەکاندا بێتاقەت بە و یاری بە مەقەست بکە.
ئەگەر بیری منت، کرد واز لە خۆشەویستەکەت بێنە
لە گۆڕستان بەنزینی ماتۆڕەکەت
بخۆرەوە تا سەرخۆش بیت، چونکە من
بەنزینم دەخواردەوە.
ئەگەر بیری منت کرد، کفربکە
پیلان دابنێ…
بەیانیان چای سارد بخۆرەوە
شەوان مەشروبی گەرم بخۆرەوە
بیر لە گەدەت
لە ژیانت
لە چارەنووست مەکەرەوە.
نێرەموکەکان سواری خۆت بکە
لەناو تونێلەکاندا بیر لە
هاوڕێکانت بکەوە
نیتشە و دۆستۆیڤسکی.
ئەگەر بیری منت کرد
شتێک بکە من بۆت گرنگ نەبم
بۆت زڵ و تۆز بم.
بنووسە و فڕێیبدە ناو گۆڕەکانەوە
گۆڕەکان هەڵکەنە.
ماچی سەربازی ناو هەمەڕە داخ بووەکان بکە
ئاوێنەکان بسڕەوە و کەلەسەرەکم لەسەر داشبۆردەکان دانێ
خۆڵیش با گۆشتەکەم بخوات
ئەگەر بیری منت کرد با ئەسپەکانت گوڵ بخۆن
شیر بدە بە تیمساحەکانی ناو سەرت
پاش تەقینەوەکان پەنجە بڕاوەکانم کۆبکەرەوە
و لەناو ئینجانەکاندا بیچێنە
لەناو دەبابە کۆنەکاندا پۆستاڵە دڕاوەکان بدورەوە
ئەگەر بیری منت کرد
دوکانێک بکەرەوە
پەتی عیدام بەو کەسانە بفرۆشە
کە وەکو من بوون و غیرەتی خۆکوژیان هەبوو.
هەموو ژیانت کاربکە
ئەوەی کۆتکردەوە بیسوتێنە
لەسەر تاوێرێکی گەرم دانیشە و بگری.
لەناو هەمەڕەکاندا گان بدە
لە نیوەڕۆ گەرمەکانی کەرکووکدا
ویسکی گەرم بخۆرەوە
دەستت لە جامەکەوە دەرکە
دەستت لە ژیانەوە درێژ بکە
بەرەو گۆڕم
چنگ لە ئێسکەکانم گیر بکە
پاشان بگری، لە پێناوی مندا بگری.
قژت بەربدەرەوە، کراسێکی تەنکی
شین بپۆشە، تەرمی من بەناو هەموو مەلهاکانی
ئەم وڵاتەیا بگێڕە و گانبدە بەو پیاوانەی
نەیانتوانی وەکو من بن.
بچۆ سەر بورجەکان
باسی مرۆڤ بۆ وایەرەکان بکە
بیر لە وایەرەکان بکەوە
دابەزە، قژی خۆت بڕنەوە لەبەردەم هەر
ئاژەڵێکدا، ئەو ئاژەڵانە منم.
گان بەو جرج و ئەسپ و دەعەجانانە
بدە، کە لە ناو ئەم غوبارەیا دەجوڵێنەوە.
لە ژن بترسە
لە پیاو…
لە ئاسمان…
لە جادە…
لە زەواج…
لە خوا…
لە بوون…
لە منداڵ…
لە پارە…
لە قسەکردن…
لە گوێگرتن…
ئێستاش وەرە لەناو ئەم برغووانەدا خۆمان بکوژین
ئاخر من ناوێرم بە تەنیا خۆم بکوژم