بەشدار سامی، شاعیر و فۆتۆگرافەر، ساڵی ١٩٨٤ لە دایک بووە. لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردییە و زیاد لە دە ساڵە دەنووسێت. تا ئێستا سێ کتێبی شیعریی چاپ کردووە: «سبەی ڕۆژێکی دیکەیە»، «ڕۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان» و «ئەمڕۆ شەممەیە ئەگەر هیچ کێشەیەک ڕوو نەدات». لە نووسینەکانیدا بەردەوام هەوڵی داوە لە خۆی بدوێت و نیگەرانییەکانی دنیای تایبەتیی خۆی بکات بە شیعر. – ماڵپەڕی باڵندە
تا وشە هەیە
بەشدار سامی
سەبارەت بە دڵشکان
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ شۆڕشێك له ئارادا نه‌بوو به‌ڵام چونكه من ده‌نگی ئه‌وان نه‌بووم/ به ناوی خیانه‌تكردن له نیشتیمان ناویان نووسیم/ من/ نانم ده‌ویست بۆ دراوسێكه‌م سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پیاوێكی جاسووس بوو/ من/ ئازادیم ده‌ویست بۆ هاوڕێكه‌م سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به ده‌سته‌كانی خۆی ڕه‌سمی سه‌رۆكی چه‌كداره‌كانی هه‌ڵواسیبوو/ سه‌باره‌ت به شاره‌كه‌م دره‌ختم ده‌ویست/ هیچ بیرۆكه‌یه‌كم بۆ ژیانی خۆم نه‌خستبووه ڕسته‌وه به‌ڵام بیرمه جارێكیان به كچه هاوڕێكه‌مم گوت به ته‌مام هانی خه‌ڵكی بده‌م هاوار بکەن/ ئێستاش من په‌شیمان نیم كه به ته‌نیا مامه‌وه/ به‌ڵام/ بریندارم/
گەڕانەوە بە ڕێگە کۆنەکەدا
سەرەتای زستان بوو/ جووتیارەکان هێشتا زەوییەکانیان نەکێڵابوو/ خەریک بوو باران دەیپڕووشاند/ لە ژیانی خەڵکی بێچارە هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەدابوو من بەڵام شەوی ڕابردوو گەمژانە لە خۆشەویستەکەم جیا بوومەوە/ هێشتا دڵنیا نیم چ کەتنێکم کردووە/ بە کاریگەریی خواردنەوەی نیو قاپ عەرەقی شەوی ڕابردوو سەرم گەرمە/ بەحاڵ لە جێگەکەم هاتوومەتە دەرەوە/ بەر لەوەی دەموچاوم تەڕ بکەم/ تەماشایەکی سەعاتەکە دەکەم و دەڵێم هێشتا سەرەتایە و ژیانیش بەم ئازارەوە درێژ و سەختە/ سێوێکم لەسەر مێزەکە هەڵگرت و لەتێکیم خستە دەممەوە/ نائارام بووم/ هیچ گۆرانییەک بۆ من نەگوترابوو هەموو دەنگێک ژان بوو/ نەمدەزانی لە کوێ هاوار بکەم/ جگەرەکێشانم تەرک کردبوو بەڵام تا جیابوونەوەم لە خۆشەویستەکەم لە بیر بکەم/ پاکەتێکم خستە گیرفانی پاڵتۆ و بێ چەتر و بێ هیچ داهاتوویەک ڕۆیشتم/ باران دەباری/ مۆسیقایەکی جازم گوێ لێ گرت خوێی سەر برین بوو/ جگەرەیەکم پێ کرد و گوتم ئەم ڕێگەیە پیاوی خۆی دەوێت بەڵام ڕۆیشتم و هەر ڕۆیشتم پاشان چونکە هیچ ڕێگەیەکم نەدۆزییەوە بە ڕێگە کۆنەکدا گەڕامەوە بەردەم خۆشەویستەکەم و گوتم من دەمەوێت لە باوەشی تۆدا بمرم/
ئەو ڕستانەی نیوەشەوان گڕ دەگرن
بۆ نوژین
پەردەکە لا دەدەم، ئەودیو پەنجەرە تەڕە/ بەڵام/
دەتوانم درەختەکان ببینم کە پەلکیان لێ بەردەبێتەوە/ ئەو دیمەنەش کتومت ماڵئاواییی کچێکە کاتێک ناتەوێت دەستی بەربدەیت ئەو بەڵام دەستەکانت دەنێژێت/
ئەمشەو، من پیس بریندارم/
بە یادی خۆشەویستێک دوو ڕستەم خستە سەر زمانم و دەمم داخست/ ئێستاش/ هێندە گەرمم هەر دەڵێی لەسەر زمانم خەوتووە/
ئەمشەو، من پیس بە ئازارم/
بە ئەندازەیەکی زۆر کەشوهەوا ساردە/ بیر دەکەمەوە ئەگەر پشیلەیەک بێتە حەوشە و بە دوای لەتێک ناندا بگەڕێت و بیدۆزێتەوە/ دەتوانم هێندەی لەیادکردنی ئازارێکی سەخت/ دڵخۆش بم/
ئەمشەو، من پیس خەمبارم/
خۆشەویستەکەم نەختێک هێندەی تۆ بڵێی تا ئەوبەر شەقام دەڕۆم، دوورە/ بەم شێوەیەش، ژان باوەشم دەناسێتەوە/
ئەمشەو، من پیس لە یاد کراوم/
جەنابی حاکم
هێشتا منداڵ بوو/ خێزانەکەی بە ڕووداوی هاتوچۆ مردن/ تا لە هەموو بندیوارێکدا بگریت، دەربەدر بوو/ یەک-دوو زستان و هاوینی لەسەر شەقامەکان بەڕێ کرد/ لە شانزەساڵیدا ژنی هێنا/ لە حەڤدەساڵیدا
ژنەکەی لێی جیا بووەوە/ لە بیستساڵیدا تا پارەی عەرەقی هەبێت، بزنێکی لە شوانێک دزی/ لە بیستویەکساڵیدا تا نانی دەست بکەوێت چووە بنکەی پۆلیس و گوتی: لە بیستساڵیدا بزنێکم دزیوە هاتووم تا دەستگیرم بکەن/ ساڵێک لە بەندیخانەدا بە دڵی خۆی برنج و نیسکی خوارد/ کە ئازادیان کرد ترسا بە ژیانی دەرەوە ڕانەیەت/ ماوەیەک لەنێو مزگەوتێک دەخەوت/ شەوێک مایکی کردەوە و هاواری کرد: کەسێک لەنێو مزگەوتدا برسیەتی/ لە بیستوشەشساڵیدا بە تەواوەتی بیری لە خۆکوشتن دەکردەوە/ ئێوارەیەک خەریکی عەرەقخواردنەوە بووین گوتی: ئەگەر ترس لێمگەڕێ خۆم دەکوژم/ نووسینێکی سەبارەت بە جۆرەکانی خۆکوشتن خوێندبووەوە، هەموو جۆرەکانی لا ترسناک بوون/ شەوێک بیری لە مردنی دایکی کردەوە و زۆر گریا/ پاشان/ چاوەکانی بە سەردەستی سڕی و گوتی: خۆم دەکوژم ئەگەر ترس لێمگەڕێ/ منیش جەنابی حاکم، تا چیدی نەترسێ/ کوشتم/
غني للحب *
بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ی ئیی تۆ بوون/ بۆ چاوت كه له شارێكدا تاریك داهات/ بۆ خۆشه‌ویستێك كه ڕۆیشت بۆ ئێواره‌یه‌ك كه به ته‌نیا مایته‌وه/ گۆرانی بڵێ/
بۆ په‌نجه‌ره كه شه‌قام دێنێته ژووره‌كه‌ت/ بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ڕۆژانێك جه‌ژنی تۆ بوون/ بۆ برینت/ بۆ شه‌كه‌تیت/ بۆ دره‌خت چونكه ئازاره‌كانتی ده‌ناسی/ گۆرانی بڵێ/
تا وشه هه‌یه/ ئه‌گه‌ر ئازارت هه‌یه/ ئه‌گه‌ر جیهان فه‌رامۆشی كردووی/ گۆرانی بێ/
بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی نهتكردوون/ بۆ ده‌ستێك كه له ده‌ستت كه‌وت/ بۆ شیعرێك تا سه‌رمات نه‌بێ نووسیوته/ بۆ ئه‌و شه‌وانه‌ی هه‌زار ساڵ درێژ بوون/ بۆ یاده‌وه‌ریت ئه‌گه‌ر هێشتا فڕێت ده‌داته سه‌ر شه‌قامه‌كان/ گۆرانی بڵێ/
*گۆرانییه‌كی ماجیده ڕۆمییه، ئه‌و شیعره به كاریگه‌ریی ئه‌و نووسراوه